Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. مەحموود عوسمان: ھەنگاوی پارتی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی زۆرینە زۆر باشە و دروستە

ھەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێ، ئەوەی گرینگە کاندیدانی سەرۆکی حکوومەت و ھەرێم لە ژێر ڕێنماییی سەرۆک بارزانی دەبن و سەرۆک بارزانی سەردانی بەغدای کردووە و دەیەوێت لە ناوخۆش کێشەکان چارە بکات.

سیاسەتمەداری کورد، د. مەحموود عوسمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم و حکوومەت دیاری کردووە و پێویستە دانوستان لە نێوان لایەنەکاندا دەست پێ بکات بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن، ھەم لەسەر پۆستەکان و ھەمیش لەسەر بەرنامەی حکوومەت و بە شێوەیەک بتوانن حکوومەتی نوێ دروست بکەن و پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێمیش لە پەرلەمان بڕیاری لێ بدرێت، کە لە ناو پەرلەمان ھەڵبژێردرێت، یان لە ناو خەڵک."

د. مەحموود عوسمان گوتیشی: "ئەوەی گرینگیشە ئەوەیە کە ئەگەر مەسروور بارزانی بێت، یان نێچیرڤان بارزانی بە ڕێنماییی سەرۆک بارزانی کار دەکەن و سیاسەتی ئەویش ڕوونە و سەردانی بەغدای کردووە و دەیەوێت لە ناوخۆش کێشەکان چارەسەر بکات و خۆیشیان وەکو کەسایەتی ڕۆڵی خۆیان دەبینن."

د. مەحموود باسی لەوەش کرد: "من بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ حکوومەتی بنکەفراوان نیم و پێویستە حکوومەتی زۆرینە دروست بکرێت، لە ڕابردوو حکوومەتی بنکەفراوان ھەڵە بوو، چونکە ناکرێ ھەموو خەڵک لە ناو حکوومەت بێت و پێویستە خەڵکانێک ئۆپۆزیسیۆن بن بۆ ئەوەی چاودێریی حکوومەت بکەن، چونکە سیستەمی پەرلەمانی پێویستە ئۆپۆزیسیۆنی ھەبێت، بۆیە ئەو ھەنگاوەی پارتی لەوبارەیەوە دەینێت دروستە و زۆر باشە کە باس لە پێکھێنانی حکوومەتی زۆرینە دەکات."

ئەو سیاسەتمەدارەی کورد ئەوەیشی خستە ڕوو: "حکوومەتی داھاتوو یەکێتی تێیدا بەشدار دەبێت و جارێ دیار نییە کە گۆڕانیش بەشدار دەبێت، یان نا، بەڵام ئەوەی بەشداری بێت پێویستە پابەندی بەرنامەی حکوومەت بێت و نابێ لە ناو حکوومەتیشدا بن و دژایەتیشی بکەن، بۆیە پێویستە پشتگیری لە سیاسەتی حکوومەت بکەن، ئەگەرنا باببنە ئۆپۆزیسیۆن، بۆیە پێویستە پارتی ئەمە بکاتە مەرج کە ئەمجارە ئەوەی بەشدار بێت پێویستە بەرپرسیارەتی ھەڵگرێت."

بڵند ئیبراھیم