Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێراق کرد

هەولێر-KDP.info-  سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێراق کرد و باڵیۆزی نوێی ژاپۆن ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە گرینگییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە کوردستان و هەوڵمان داوە پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ بکەین و ئێستایش لە بوارەکانی ئاو و کارەبا و ئاوەڕۆ و بەنداو لە کوردستان هاوکاریی کوردستان دەکەین و هەوڵ دەدەین لەبواری کشتتوکاڵیشدا پڕۆژەمان هەبێت.

ڕۆژی دووشەممە، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ناوفۆمی هاچیمۆتۆ، باڵیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێراق کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، بەڕێز هاچیمۆتۆ، سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەکە و خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا کە لە دەسپێکی کارەکانیدا وەک باڵیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێراق، هاتۆتە کوردستان و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ دەبێتەوە.
باڵیۆزی ژاپۆن لەعێراق، ڕۆڵی کوردستانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا بە کاریگەر و بەرز نرخاند و ڕاشیگەیاند کە، کوردستان ناوەندێکی گرینگی ئاشتی و ئارامییە لە ناوچەکەدا و ژاپۆن حەز دەکات لە هەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردستان پەرە پێ بدات، بەتایبەتیی لەبواری ئابوورییدا و، ئەو ئاشتی و ئارامییە هاندرێکی بەهێزە بۆ وەبەرهێنان و ئێمەیش کاری زیاتری بۆ دەکەین. 

باڵیۆزی نوێی ژاپۆن هەروەها ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە گرینگییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە کوردستان و هەوڵمان داوە پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ بکەین و ئێستایش لە بوارەکانی ئاو و کارەبا و ئاوەڕۆ و بەنداو لە کوردستان هاوکاریی کوردستان دەکەین و هەوڵ دەدەین لەبواری کشتتوکاڵیشدا پڕۆژەمان هەبێت.
لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنان، هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی ژاپۆن خواست و ڕاشیگەیاند کە بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکانتان ئامادەی هەموو هاوکارییەکین. سەرۆک بارزانی پشتیوانیی خۆیشی بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ژاپۆن نیشان دا.
هەر لە دیدارەکەدا لەبارەی ڕەوشی سیاسیی عێراق و کوردستان و ناوچەکە، بیروڕا ئاڵۆگۆڕ کرا.