Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

داعش ھەڵیکوتاوەتە سەر گوندێکی کوردنشینی پردێ

 

پردێ-KDP.info-  شەوی ڕابردوو ھێزێکی چەکدارانی داعش چوونەتە ناو گوندێکی کوردنشینی ناحیەی پردێ و فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێ، بە تەقەی گوندنشینان ھێزەکەی داعش پاشەکشەی کردووە و ھێزەکانی حەشدیش لە گوندەکە بوون و ھیچ وەڵامێکیان نەبووە.

 

عەقید ھێمن ساڵح، فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری پردێ ئاشکرای کرد: "شەوی ڕابردوو مەفرەزەیەکی چەکدارانی داعش ھەڵیانکوتاوەتە سەر گوندێکی کوردنشینی سەر بە ناحیەی پردێ و دوای تەقەیەکی زۆری گوندنشینان چەکدارانی داعش گوندەکەیان بەجێ ھێشتووە، بەڵام ھێزەکانی حەشدی شەعبی ھیچ وەڵامێکیان بۆ ھاتنی چەکدارانی داعش نەبووە بۆ ناو گوندەکە."

 

فەرماندەکەی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھێزەکەی داعش دوێنێ شەو چوونەتە نێو گوندی نەبیاوای سەر بە ناحیەی پردێ و دوای گەیشتنیان بۆ ناو گوندەکە درۆشم و ھۆتافی خۆیان لەسەر دیواری ماڵان هەڵواسیوە، تەنانەت چوونەتە چەند دووکانێک بۆ کڕینی کەلوپەل، ئەمە لە کاتێکدایە بارەگای حەشدی شەعبی لە گوندەکە ھەیە، بەڵام گوندنشینان تەقەیان کردووە و مەفرەزەکەی داعش پاشەکشەی کردووە."

 

ماوەی چەند مانگێکە شانەکانی داعش لە ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان دەستیان بە چالاکی کردووە و ھێزەکانی عێراقیش توانای کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکەیان نییە. عەقید ھێمن ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "چەکدارانی داعش لە سنووری ناحیەی پردێ بەرەو قەزای دوبز دەستیان بە جووڵە کردووە و ناوچەکە پڕ بووە لە مەفرەزەی گەڕۆکی داعش، سەیر لەوەدایە ھێزەکانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدڕاڵی ناتوانن بەرەنگاری ئەو مەفرەزانەی گرووپی داعش ببنەوە و ھەر کە ڕۆژ ئاوا بوو بە ھیچ شێوەیەک حەشد و پۆلیسی فیدڕاڵ لە بارەگاکانیان دەرناچن."

 

قائید میرۆ