Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھێمن ھەورامی: هەمیشە دەگەڕێینەوە بەردەم جەماوەر

هەولێر-KDP.info- هێمن هەورامی لە دیداریدا لەگەڵ کونسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە ڕایگەیاند، پارتی هەڵقوڵاوی جەماوەرە، بۆیە هەمیشە دەگەڕێینەوە بۆ جەماوەر.

ئەمڕۆ، ١٣ی ٦ی ٢٠١٨، لە مەکتەبی سەرۆک، ھێمن ھەورامی، بەرپرسی کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی سەرۆک، پێشوازیی لە مارتن زار، کونسووڵی گشتیی بەریتانیا لە ھەولێر کرد.

ھێمن ھەورامی سەرەتا تیشکی خستە سەر ئەو بابەتانەی کە عێراقی ئێستایان پێدا تێپەڕ دەبێت و سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەمبەر ئەم ڕەوشەدا. ھەورامی پێی وایە، ڕەوشی عێراق پێویستی بە سازانی حەقیقیی سیاسییە، چونکە کاتێک باسی دیموکراسی دێتە سەر فەزای سیاسی و پێکھاتەیی عێراق، ئەوا دەبێت جیاواز لە ھەر وڵاتێکی دیکە موعالەجە بکرێت و ڕەچاوی پێکھاتەی ئایینی و ئیتنی و جوگرافیایی بکرێت. بۆیە لە سەرەتادا فیدراڵی بژاردەی عێراقی نوێ بوو، چونکە زۆرینەی دەستەڵات بە مانای دووبارەکردنەوەی عێراقی پێش ٢٠٠٣یە. گوتیشی: ئێمە سیاسەت و ئەجێندامان ڕوونە و ھەموو کابینە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لەو بارەیەوە ئاشنان، ئەجێندای ئێمەش، ئەجێندای نەتەوەیەکە و دەشێ بە جیددی ڕەچاو بکرێت، چونکە سیاسەتی کورد لە حکوومەتی عێراقدا بە مانای جێبەجێکردنی دەستووری عێراق بووە. خۆلادان لەم دەستوورە عێراقی بەم ڕەوشە گەیاندووە. بەرپرسی کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی سەرۆک گوتی، ئێمە تەرەفی ساقامگیری و حکوومەتێک دەبین، کە دەستوور بەرنامەی کاری بێت، نەک مەزھەبگەری و تەبەننیکەری سیاسەتی وڵاتانی دیکە بێت.

بەشێکی دیکەی قسەکانی ھەورامی، پرسی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان بوو، لەو بارەیەوە گوتی: پارتی لە جەماوەرە ھاتووە، ھەموو کات حازرین بچینەوە بەردەم جەماوەر. بۆیە کارمان لەسەر ئەو ئامادەکاریانە کردووە. مارتین زار لەو دیدارەدا خۆشحاڵیی خۆی بۆ کۆبوونەوەکە دەربڕی و ھیوای بەردەوامیی ئەو جۆرە کۆبوونەوانەی خواست.

سەنگەر ھەورامی