Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پرۆژەیەکی نوێی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ جووتیاران

هەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاریی کۆمپانیای پاپە گرووپ، پرۆژەیەکی خێرخوازیی گرنگ بۆ جووتیاران لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێوە دەبات. لە پرۆژەکەدا ٦ تەراکتۆر دابین کراوە بۆ کێڵانی زەوی بەبێ بەرانبەر.

ڕێکەوتی ١/٥/٢٠١٨ لە دەڤەری باڵەکایەتی دەست کرا بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە و لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و کۆمپانیای پاپە گرووپەوە ٣ تەراکتۆر بۆ ئەو ناوچەیە دابین کرا. دواتر لە ڕێکەوتی ١٥/٥/٢٠١٨ لە دەڤەری بارازنیش پرۆژەکە جێبەجێ کرا و ٣ تەراکتۆری دیکە بۆ کێڵانی زەویی جووتیاران دابین کرا.

بە پێی لێدوانی مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەم پرۆژەیەدا خێزانی شەهیدان و بریندارانی شەڕی دژی داعش و پەککەوتە و هەژاران و کەمدەرامەتانی ناوچەکە سوودمەند دەبن.

جێگای ئاماژەیە ڕۆژانە هەر تەراکتۆرێک ٨ سەعات کار دەکات و زەوی جووتیارەکان بەبێ بەرانبەر دەکێڵێت. بەمەش هەر سەعاتێک ٣٠ هەزار دینار بۆ خاوەن زەوییەکان دەگەڕێنێتەوە.

پرۆژەکە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت و هەر ساڵێک لە وەرزی کێڵاندا بۆ ماوەی ٣ مانگ، زەوییەکان لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە دەکێڵدرێن. دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ هەر تەراکتۆرێک شۆفێرێکی دابین کردووە، کە مووچەی مانگانەی هەر شۆفێرێک بڕی ٨٠٠ هەزار دیناری عێراقییە.

مەبەستی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەم پرۆژەیە بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵە لە ناوچەکە و پاڵپشتیکردنی خێزانی شەهیدان و برینداران و هەژار و کەمدەرامتەکانی ناوچە کشتوکاڵییەکانی کوردستان. لە بەرنامەی ئەم پرۆژەیەدا هاتووە کە بۆ ساڵی داهاتوو ژمارەی تەراکتۆرەکان بۆ ٩ تەراکتۆر بەرز بکرێتەوە و بەمەش جووتیارانی ناوچەی سیدەکان سوودمەند بکەن.

هەر ئەمڕۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاریی مانگی سووری کوێت، پرۆژەیەکی خێرخوازیی لە یاریگای شەهید فەرانسۆ هەریری بەڕێوە برد. لە پرۆژەکەدا پارسێلی خۆراک  و پێداویستیی پاکوخاوێنی پێشکەش بە هەژاران و کەمدەرامەتان و ئاوارەکانی کەرکووک کرا و بە گشتی لە قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەدا ٨٠٠ خێزان سوودمەند بوون.

بە پێی لێدوانی بەرپرسی بەشی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەم پرۆژەیە هەتاکو ڕۆژی دووشەممەی حەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و لە سەرجەمی پرۆژەکەدا ٢٥٠٠ خێزانی هەژار و کەمدەرامەت و ئاوارەی کەرکووک سوودمەند دەبن.