هەولێر-KDP.info- فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، لە ڕاگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ناردووە، بەداخەوەن كە بزووتنەوەی گۆڕان ئاڕاستەی خۆپێشاندانەكەیان گۆڕی و پەلاماری بارەگای لیژنەی ناوچەی قەڵادزێی پارتیی دیموكراتی كوردستانیان دا و رووداوی نەخوازراوی لێ كەوەتەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەكەی فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان:
ئەمڕۆ لە شارۆچكەی قەڵادزێ كۆمەڵێك هاونیشتیمانی خۆپیشاندانێكیان رێك خست، بەڵام بە داخەوە بزووتنەوەی گۆڕان ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكەیان گۆڕی و پەلاماری بارەگای لیژنەی ناوچەی قەڵادزێی پارتی دیموكراتی كوردستانیان دا و رووداوی نەخوازراوی لێ كەوەتەوە.
ئێمە لە كاتێكدا كە ئیدانەی هەموو توندوتیژییەك دەكەین و پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان بە كەسوكار و بنەماڵە و هاوڕێیانی قوربانیانی ئەو رووداوە ڕادەگەیەنین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین، لە هەمان كاتدا ئیدانەی هەڵكوتانەسەر بارەگاكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەكەین، كە ئەمە یەكەم جار نییە ئەو كارە ڕوو بدات، بۆیە هەقی خۆمانە بپرسین، ئایا لەبەر چی هێرش دەكرێتە سەر بارەگاكانی پارتی، ئایا هۆكاری سەرەكی هەر قەیرانێك بارەگاكانی پارتییە و بە هێرشكردنەسەریان و سوتاندنیان كۆتاییان پێ دێت؟!
ئێمە لێرەوە بە هەموو لایەكی ڕادەگەیەنین، ئەو ڕووداوەی ئەمڕۆ ڕووی دا بەرەنجامی پرۆسەیەكی بەردەوامە، كە ماوەیەكە لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕان و ڕاگەیاندنەكانییەوە دەستی پێ كردووە و ئامانجیان تەنیا خستنەوەی ئاژاوە و گرژكردنی بارودۆخی هەرێمی كوردستانە، بۆیە داواكارین كە هەرچی زووە بزووتنەوەی گۆڕان بەم سیاسەتە هەڵەیەی خۆیدا بچێتەوە و بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن، چیتر نەبنە هۆكاری ئاڵۆزیی رەوشی هەرێم، چونكە كولتووری خۆخەڵەتاندن سوودی نابێت و بەرانبەر مێژوو و خەڵكی كوردستان بەرپرسیار دەبن، هەروەها هەر كاردانەوەیەك كە بە هۆی ئەو رووداوانەوە بكەوێتەوە، بەرپرسیارەتییەكەی لە ئەستۆی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت.
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان
9/10/2015