ئەزمیر- KDP.info/ بە هۆی ئەوەیەوە كە زمانی توركی نازانن نەخۆشخانەكانی شاری ئەزمیری توركیا ئامادە نین نەخۆشە كوردەكان دەرمان بكەن و پێیان دەڵێن بڕۆن خۆتان فێری زمانی توركی بكەن، ئینجا سەردانمان بكەین.
لەمبارەیەوە ماڵپەری یوكسەكئۆڤا بڵاویكردۆتەوە كە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە ژنێكی كورد بە ناوی دڵشا سونمەز بە هۆی ئازاری ددانەوە سەردانی نەخۆشخانەی شاری ئەزمیری كردووە، بەڵام بە هۆی نەزانینی زمانی توركی، دكتۆری نەخۆشخانەكە ئامادە نەبووە كە دڵشا سونمەز وەربگرێت.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە دڵشا سونمەز یەكێك لەو كوردانەیە كە ئاوارەی شارەكانی رۆژئاوای توركیا بووە و كاتێك كە رووبەرووی ئازاری ددان دەبێتەوە سەردانی نەخۆشخانەی بورنوڤای شاری ئەزمیری كردووە، بەڵام بە هۆی ئەوەیەوە كە شارەزایی لە زمانی توركی نەبووە و نەیتوانیوە بە زمانی توركی لە گەڵ دكتۆردا گفتوگۆ بكات، لە نەخۆشخانەكە دەركراوە و بەرپرسانی نەخۆشخانەكە پێیان گوتووە: بڕۆ خۆت فێری زمانی توركی بكە ئینجا سەردانمان بكە.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە وەزارەتی تەندروستی توركیا دەستبەجێ دەستی بە لێكۆڵینەوە لە سەر راستی ئەم هەواڵە كردووە و لەمبارەیشەوە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە كە ئەگەر ئەم هەواڵە راست بێت، ئەوا وەزارەتی تەندروستی رێوشوێنی تایبەتی یاسایی لە بەرانبەر بەرپرسانی ئەم نەخۆشخانەیە دەگرێتە بەر.