سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 18ى حوزه‌رانى 2013، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به ئاماده‌بوونى عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران له دیوانى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى؛ له‌گه‌ڵ وه‌زیر و بریكارى وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان و ڕاوێژكارانى وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رانى بانك و فه‌رمانگه‌كانى سه‌ر به وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى، كۆ بووه‌وه.
له سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیرى دارایى و ئابوورى ڕ‌اپۆرتێكى ده‌رباره‌ى كێشه و گرفته‌كان و پێداویستییه‌كانى وه‌زاره‌ت له‌پێناو باشتركردنى كاره‌كان و خزمه‌تى زیاتردا خسته ڕوو، ڕوونیشى كرده‌وه كه له زۆر بواردا ده‌سه‌ڵاته‌كانیان بۆ ئاسته‌كانى خواره‌ى وه‌زاره‌ت و داموده‌زگا و فه‌رمانگه‌كانى سه‌ر به وه‌زاره‌ت له پارێزگا و شاره‌كان دابه‌زاندووه و ئه‌نجامى ئه‌رێنیى ئه‌م هه‌نگاوه‌یان له‌سه‌ر كارابوونى باشترى كاره‌كانى وه‌زاره‌ت و پێشكه‌شكردنى ئاسانكارى و خزمه‌تى باشتر و كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕۆتین، به‌دى كردووه.
پاشان سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ى به‌وه دا كه بڕیاریان داوه سه‌ردانى وه‌زاره‌ته‌كان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى له نزیكه‌وه له كێشه و كه‌موكوڕییه‌كانیان بكۆڵنه‌وه و هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنیان بده‌ن، له‌به‌ر گرنگیى وه‌زاره‌ته‌كه‌ش، یه‌كه‌مین سه‌ردانى وه‌زاره‌ته‌كانیان به سه‌ردانى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى ده‌ست پێكردووه.
ڕوونیشى كرده‌وه كه وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى؛ وه‌زاره‌تى هه‌ره گرنگى حكوومه‌ته و له هه‌ر ووڵاتێكدا كاره‌كانى ئه‌م وه‌زاره‌ته به ڕێكوپێكى ئه‌نجام دران، واته ئه‌و ووڵاته پێشكه‌وتووه.
نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه سیسته‌مى كارگێڕیى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و بنه‌ما كۆنه ده‌ڕوات كه زیاتر له دوو ده‌یه به‌ر له ئێستا دامه‌زراوه، بۆیه ده‌بێ چاكسازى تێدا بكریت و به‌تایبه‌تیش وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى ده‌بێ (داهاتى زیاتر و خه‌رجیى كه‌متر) بكاته دروشمى خۆى و زۆر به ڕێكوپێكى كار بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه بكات.
بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێ به سیسته‌مى كاركردن و كارگێڕیى خۆیدا بچێته‌وه و له تواناى شاره‌زا و پسپۆڕانى ناوخۆیى و بیانى سوود وه‌ربگرێت، له هه‌مووشى گرنگتر ئه‌وه‌یه وه‌كو تیم كار بكه‌ن و به تایبه‌تى له بواره‌كانى ڕێنمایى دارایى، هێنانه‌دیى دادپه‌روه‌رى له ده‌رماڵه‌كان و ڕێكخستنه‌وه‌ى میلاكاتدا؛ كارى جددى بكات.
سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستخۆشى له كاره‌كانى وه‌زاره‌ت كرد و داكۆكى له‌وه كرده‌وه كه ده‌بێ هه‌ر له ئێستاوه كار له‌سه‌ر ئاماده‌كردنى بودجه‌ى ساڵى داهاتووى 2014 بكرێت و بۆ ئاماده‌كردنى بودجه‌یه‌كى باشتر، سوود له كه‌موكوڕییه‌كانى بودجه‌ى ئه‌مساڵ وه‌ربگیرێت.
لاى خۆیه‌وه عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران تیشكى سه‌ر ئه‌وه‌ى كه وێڕاى هه‌بوونى گرفت و كێشه‌ى سیاسیش، ده‌بێ په‌یوه‌ندیى باش و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دارایى حكوومه‌تى فیدرال له به‌غدا هه‌بێت و سیاسه‌تێكى دارایى تۆكمه دابڕ‌ێژین، هه‌روه‌ها سیسته‌مى بانك و كارگێڕیى بانكه‌كان و ژمێركارى و داهاته‌كان باشتر و ڕێكوپێكتر بكرێت، هه‌موو پشتگیرى و هاوكارییه‌كى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیشى بۆ ئه‌م مه‌به‌سته دووپات كرده‌وه.
دواى ئه‌وه به‌شدارانى كۆبوونه‌وه‌كه له به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان و به‌رپرسانى داموده‌زگا و فه‌رمانگه‌كانى سه‌ر به وه‌زاره‌ت، كۆمه‌ڵێك له‌و كێشه و گرفتانه‌ى ده‌بنه ئاسته‌نگى به‌رده‌م كاره‌كانیان ده‌ستنیشان كرد و چه‌ندین دید و بۆچوون و پێشنیاریان بۆ چۆنیه‌تیى چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشانه و ڕێكخستنه‌وه‌ى سیسته‌مى دارایى و ئابوورى پێشكه‌ش كرد.
له كۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به گرنگیى كۆبوونه‌وه‌كه كرد و ڕایگه‌یاند كه بیرۆكه‌یه‌كى ووردیان له‌سه‌ر سروشتى كێشه‌كان و چۆنیه‌تیى چاره‌سه‌ركردنیان وه‌رگرت و دڵنیاى كردنه‌وه كه سه‌رۆكایه‌تیى حكوومه‌ت و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هه‌موو هاوكارى و پشتگیرییه‌ك ده‌كه‌ن بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى چاكسازیكردن له سیسته‌مى دارایى و ئابوورى و گه‌یاندنى به ئاستى پێویستى پێشكه‌وتنه‌كانى ئه‌مڕۆى هه‌رێمى كوردستان.