Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئینسیاتیفی ئازادی ئیسلامی كوردستان داوای پەرلەمان و حكوومەتی كوردی لە توركیا دەكات

ئەنقەرە- KDP.info/ هاوكات لەگەڵ هەوڵدانەكانی حكوومەتی توركیا و سەرۆكی پەكەكە بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد لە توركیا، رۆژی دوو شەممە ئینسیاتیفی ئازادی ئیسلامی كورد لە باكووری كوردستان راگەیندراوێكی بڵاو كردەوە و داوای دامەزراندنی پەرلەمان و حكوومەتی كوردی لە توركیا كردووە.

لەم بارەیەوە ماڵپەڕی پرێس تورك بڵاوی كردووەتەوە كە ئینسیاتیفی ئازادی ئیسلامی كوردستان لە راگەیندراوێكدا كە لە لایەن وتەبێژی ئەم ئینسیاتیفەوە پێشكەشی رای گشتی كراوە داوای دامەزراندنی پەرلەمان و حكوومەتی كوردی لە توركیا كردووە و گوتوویەتی: ئێمەی كورد دەمانەوێ لە توركیایش سیستەمێكی فیدراڵی وەكو عێراق هەبێت و كورد بتوانێت ببێتە خاوەن پەرلەمان، حكوومەت و بریاری خۆی.

لە بەشێكی دیكەی راگەیندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە دامەزراندنی پەرلەمان و حكوومەتی كوردی لە توركیایەكی فیدراڵ و دیموكراتیكدا دەبێتە پاڵنەرێكی باش بۆ بەهێز بوون و گەورە بوونی توركیا و پێویستە توركیا هەوڵ بۆ جێبەجێ كردنی ئەم داواكارییەی گەلی كورد بدات.