عەلی بۆڵاچ
راستە هۆكاری یەكەمی خۆپێشاندانەكانی مەیدانی تەقسیم پاركی گەزی و بڕینی چەند دارێك بوو بەڵام هۆكارێكی دیكەی ئەم خۆپێشاندانانە هەیە و خەڵك پێ وایە كە هەموار كردنەوەی یاسای مادە كهولییەكان لە لایەن دەوڵەتەوە و هەروەها قەبووڵ كردنی ئەم یاسایە لە لایەن سەرۆككۆماری توركیاوە هۆكارێكی دیكەی خۆپێشاندانەكانە. ئامادە كردنی ئەم یاسایە و قەبووڵ كردنی لە لایەن سەرۆككۆمارەوە و جێبەجێ كردنی ئەم یاسایە بووەتە هۆكاری ئەوەی كە لە نێو كۆمەڵگەی توركیادا خەڵك دەست بە گفتووگۆ كردنی چەندین بابەتی دیكە وەكو پێكەوە ژیان، پاراستنی جیاوازییەكان و تێوەری دیموكراسی بكات.
هەندێك لە روشنبیر، یاساناس و چاودێری سیاسی پێیان وایە كە قەدەغە كردنی مادە كهولییەكان لە لایەن یاسایەوە ئامادەكاری كردن بۆ دەستوەردانی كردن لە ژیانی تایبەتی خەڵكە ودەستوەردانی كردن لە ژیانی تایبەتی خەڵك و كونترۆڵ كردنی ژیانی خەڵك زەمینە خۆشكەرە بۆ لە لاواز كردنی چۆنیەتی ژیان و كلتووری لائیزمی ( لائیك) توركیا. برێكی دیكەیش پێیان وایە كە دەسەڵاتی سیاسی توركیا دەیەوێ چۆنیەتی بیر كردنەوە و چۆنیەتی ژیان كردنی چینی موحافێزەكارەكان لە سەر هەر هەمووی كۆمەڵگەدا بسەپێنێت كە ئەمەیش یەكێكە لە مەترسیدارترین ئارمانجەكانی دەسەڵاتی سیاسی توركیا چوونكە دەیەوێ بەمجۆرە وردە وردە رێگا بۆ قەدەغە كردنی جیاوازییەكان ئامادە بكات.
یاساكانی توركیا مادە كهوولییەكان و خواردنەوەی ئەم مادانەی قەدەغە نەكردووە و نەیخستووە نێو بازنەی هیچ جۆرە سیستەم و یاسایەكەوە، بەڵكۆ تەنیا ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەگەر بە هۆی خواردنەوەی ئەم مادانەوە زەرەر لە كەسێكی دیكە بدرێت ئەوا بەرپرسیاریەتی یاسایی لێ دەكەوێتەوە.
خەڵك دەتوانێت لە نێو ماڵی خۆیدا یا لە نێو رستورانت و شوێنە تایبەتییەكاندا مادەی كهوولی بخواتەوە، خواردنەوەی مادە كهوولییەكان بەكار هێنانی جۆرەیەك لە ئازادییەكانی مرۆڤە، مرۆڤ ئەگەر ئازادییەكانی دیكەیشی بە بێ حەد و سنوور بەكار بهێنێت ئەوا بێگومان دەبێتە هۆكاری پێشەل كردنی ئازادییەكانی خەڵكانی دیكە. ئازادی لە بەكار هێنانی كهوولیاتیش هەر بەمجۆرەیە، كهوولیات هەر چەند لە نێو شووشەدا ئارامن بەڵام كاتی زۆر بەكار بهێنرن ئەوا ئەو ئارامییە لە دەست دەدەن و دەبنە پاڵنەرێك بۆ پێشەل كردنی ماف و ئازادییەكانی خەڵكانی دیكە و بێجگە لەو كەسەی كە بەكار هێناوە ئەوا كاریگەری لە سەر ژیانی رۆژانەی خەڵكانی دیكە دەبێت.
لە روی حكمەت و بازنەیەوە یاساكان و هەموار كردنەوەی یاساكان بۆ هەر كەس و بۆ هەر شت دەبێـت، بۆ نموونە یاسا دەتوانێت بۆ پاراستنی ئەمنی و ئاسایشی رای گشتی لە هەندێك بواردا دەستوەردانی بكات و بڕێك شت قەدەغە بكات و بڕێك شتی دیكە سەربەست بكات. بۆ نموونە ئەگەر یەكێك لە سەر چوارڕیانێكی قەرەباڵغدا بەرماڵەكەی دابخات و بییەوێت نوێژی خۆی بخوێنێت و رێگا لە بەردەم هاتووچۆی خەڵك بگرێت و ببێتە ئاستەنگ لە بەردەم راپەراندنی خەڵكانی دیكەدا ئەوا یاسا بۆی هەیە كە دەستوەردانی كاری ئەم كەسە بكات كە دەیەوێ نوێژ بخوێنێت و دەرفەتی پێ نەدات كە لە سەر چوارڕیانەكەدا نوێژ بخوێنێت. لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهاندا بەكار هێنان و فرۆشتنی مادە كهوولییەكان خراوەتە نێو چوارچێوەیەكی یاساییەوە. بۆ نموونە لە بەریتانیا و ئیرلەندا شەڕی دژ بە كهوولیات لە نێو ستراتیژیەتی نیشتمانیدا جێ گرتووە و حكوومەت گرنگییەكی یەكجار زۆر بە ستراتیژیەتی خۆی بۆ شەڕی دژ بە كهوولیات دەدات و بە پێ یاسا نوێیەكانی ئەو وڵاتانە، نرخی كهوولیات زۆر بەرز كراوەتەوە تا بەمجۆرە هەر كەس نەتوانێت ئەو مادانە بە دەستەوە بهێنێت.
لە توركیایش كە سەیری رووداوەكانی هاتووچۆ دەكەین دەردەكەوێت كە لە سەدا 98ی رووداوەكان بە هۆی زۆر بەكار هێنانی كهوولیاتەوە روو دەدەن، بێگومان ئەم رووداوانە تەنیا زەرەری مادییان نییە بەڵكو زەرەری گیانیشیان بە دواوەیە. بۆیە پێویستە لە توركیایش بەكار هێنان و فرۆشتنی ئەم جۆرە مادانە بخرێتە چوارچێوەیەكی یاساییەوە و ئەمەیش بە مانای قەدەغە كردنی ئەم مادانە یا دەستوەردانی كردن لە ژیانی تایبەتی خەڵكدا نییە.
لە لایەكی دیكەوە ئامارەكانی ئەم دوایەی سەبارەت بە توندوتێژی نێو خێزان و كوشتنی ژنان لە توركیا ئەوەیان سەلماندووە كە بەكار هێنانی مادە كهوولییەكان یەكێكە لە فاكتەرە سەرەكییەكانی ئەم رووداوانەیش، بۆیە لە وڵاتی ئێمەدا ئەگەر بمانەوێ رووداوی هاتووچۆ كەم بكرێتەوە، توندوتێژی خێزانی نەمێنێت و چی دیكە ژنان نەكوژرن پێویستە پشتگیری لەو هەوڵدانانە بكەین كە ئارمانجیان سەپاندنی یاسا و سەروەر كردنی یاسایە.
سەرچاوە. زەمان