ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ د.شێرکۆ حمەئەمین رێکخەری ژووری رۆژنامەوانی بزووتنەوەی گۆران بە kdp.infoراگەیاند: ناردنی نامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمان لە بارەی دەستور ھەنگاوێکی باشە و ئومێدەوارین ھەنگاوی باشتری بە دواوە بێت و ئەم دەستورە بە جۆرێک ھەموار بکرێتەوە کە سیستەمێکی پەرلەمانی بنیات بنێت و سازانێکی کۆمەڵایەتی بێتە کایەوە، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی باشە.
د.شێرکۆ حمەئەمین گوتیشی: کاتی خۆی ھەم رەشنوسی دەستور و ھەم لیژنەکە بە بڕیاری پەرلەمان دانراوە و پەرلەمانیش پەسەندی کردووە و ناردوویەتی بۆ ریفراندۆم، بۆیە ھیوادارین پەرلەمان ئەو ئیرادەی ھەبێت دووبارە ئەم کارە بکاتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ سەرۆکی ھەرێم لە رێگەی نامەیەکی فەرمییەوە تێبینی و پێشنیارەکانی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی ئاراستەی سەرۆکایەتی پارلەمان کردووە بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی پارلەمان لە گەڵ نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەکان و ئەندامانی لیژنەی ئامادەکردنی پڕۆژەی دەستووری ھەریمێ کوردستان دابنیشن و تاوتوێی پێشنیار و تێبینییەکان بکەن بۆ ئەوەی بە کۆدەنگی تەواوی لایەنەکان لە سەر مەسەلەی پڕۆژەی دەستوور بگەنە ئەنجامێک.