Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. بەرهەم ساڵح : وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو هەنگاوەی بەڕێز سەرۆكی هەرێم بە هەنگاوێكی گرنگ دەزانین

سلێمانی - KDP.info /  ئەمڕۆ ئێوارە دکتۆر بەرهەم ساڵح دوای هەنگاوێکی نوێ و گرینگی سەرۆکی هەرێم کوردستان دەربارەی پرۆژەی دەستور،  لەوەڵامی هەردوو سایتی پوك میدیاو خەندان سەبارەت بەنوێترین گۆڕانكاری لەبارەی پرسی دەستوور، كە لەڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمدا هاتووە، كە پێش كەمێك بڵاوكرایەوە، د. بەرهەم ساڵح جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند كە ئەو هەنگاوە گرنگ و بەرزدەنرخێنن.

د. بەرهەم وتیشی: وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو هەنگاوەی بەڕێز سەرۆكی هەرێم بە هەنگاوێكی گرنگ دەزانین و بەرز دەینرخێنین و پشتگیری تەواوی لێ دەكەین، هاوكات وەك ئەركێكی كوردستانییانە رایدەگەیەنین كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئامادەیە بۆ هاوكاریكردنی بەڕێز سەرۆكی هەرێم و بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان، بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیەی كە بڕیاری لێدراوە لەپێناو دروستكردنی كۆدەنگی هەموو لایەنەكان سەبارەت بە پرسی دەستوور.

جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تەئكیدیشیكردەوە كە وەدیهێنانی ئەو كۆدەنگی و سازانە ئامانجی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان- یشە، بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و دەربازبوون لەو بنبەسەتەی كە پرۆسەی سیاسی كوردستان بەهۆی ئەو كێشمەكێشەوە تێی كەوتبوو، كە لەسەر پرسی دەستوور لە ئارادابوو .

د. بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەڕۆڵی چاوەڕوانكراوی حزبە سیاسییەكانی كوردستانیشداو وتی: بەپێویستی دەزانین داوای دڵسۆزانە لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و میدیا و میدیاكارانی كوردستانیش بكەین، كە بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دەرفەتەدا بكەن و لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و لەنێوان لایەنە سیاسییەكانیشدا هاوكاربن.
هەروا خوازیاری ئەوەش بوو كە زمانی زبر لە باس و خواسی پەیوەست بەم پرۆسەیە وەلابنرێت و لەو رووەشەوە وتی: داوا دەكەین كە هەموو لایەك بە زمانێكی نەرم و بە پەرۆشی سەركەوتنەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەكەدا بكەین.