Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەفدێكی باڵای كورد لە كوردستانی باكور گەیشتە واشنتۆن

بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكا و سڕینەوەی ناوی پارتی كرێكارانی كوردستان لە لیستی تیرۆریستانی ئەو وڵاتەدا، وەفدێكی باڵای كورد لە كوردستانی باكور گەیشتە واشنتۆن.
وەفدەكە پێكهاتووە لە ئەحمەد تورك هاوسەرۆكی كەجەدە و نازم غور جێگری سەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراتی، لەو سەردانەشدا چاویان بە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكا دەكەوێت و گفتوگۆ دەكەن لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، هەروەها هەوڵدەدەن پشتیوانی ئەمریكا بۆ پرۆسەكە بەدەستبخەن، هەروا بەدەستخستنی گەرەنتی ئیدارەی ئەمریكا بۆپشتیوانیكردن لە داواكارییەكانی كورد، بەتایبەتی پرۆسەی سیاسی كە لەناوخۆی توركیادا لەلایەن هەندێك پارتی توندڕەوی ئەو وڵاتەوە رێگری لێدەكرێت.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد لە توركیا بە رۆژنامەی (الشرق الأوسط) لەندەنی راگەیاند: لەو سەردانەدا وەفدەكە لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكا گفتوگۆ لەبارەی دوو دۆسیەی گرنگ دەكەن، یەكەمیان تایبەتە بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، لەو رووەشەوە وەفدەكە هەوڵدەدات لەگەڵ ئەندامانی كۆنگرێس و دامەزراوەكانی تری ئەمریكا كۆببێتەوە بەمەبەستی هاندانیان بۆ پشتیوانیكردن لە پرۆسەكە، بەتایبەتی كە پێشتر لایەنی كوردی داوای گەرەتنی نێودەوڵەتی كردبوو سەبارەت بە هەر رێككەوتنێك لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لەنێوان دەوڵەتی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستاندا.
وتیشی: دۆسیەی دووەم تایبەتە بە سڕینەوەی ناوی پارتی كرێكارانی كوردستان لە لیستی تیرۆریستان لە ئەمریكا، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو پارتە چۆتە ناو پرۆسەی ئاشتییەوە و دەستپێشخەری كردووە بە دانانی چەك و كشانەوەی هێزەكانی لەناو توركیادا، هەروەها ئامادەیی بۆ دانانی چەك، ئەگەر حكومەتی توركیا بە مەرج و داواكارییەكانی كورد رازیبێت، ئەویش بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان ئۆجەلان و حكومەتی توركیادا كراوە.
سەبارەت بە رەوشی پرۆسەی ئاشتی و بوونی ئاماژەیەك بە گەیشتن بە رێككەوتنێك بۆ كۆتاییهێنان بەو كێشانەی لە ئێستادا لە ئارادان، پێنجوێنی وتی: گومانی تێدا نیە كە پارتی كرێكارانی كوردستان پابەندبوونی خۆی بە گرنگترین دوو مەرجی دەستپێشخەرییەكەی ئۆجەلان نیشانداوە، ئەوانیش ئاگربەست و كشانەوەی هێزەكانە، لەبەرئەوە پێویستە توركیا هەنگاوی هاوشێوە بنێت، كە بریتییە لە قۆناغی سێیەمی رێككەوتنەكە بە گرتنەبەری رێوشوێنی دەستووری و یاسایی بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كورد، كە گرنگترینیان هەمواركردنەوەی دەستوورە بەجۆرێك كە دان بە كورددا بنێت وەك پێكهاتەیەكی نەتەوەیی لە توركیا، ئازادكردنی زیندانییە سیاسییەكان، گواستنەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانەكەی ئێستای بۆ حاڵەتی دەستبەسەری زۆرەملێ، دەركردنی ئەو یاسایانەی كە رێگە بە گەلی كورد دەدەن بە زمانی دایك گفتوگۆ بكات و دابونەریت و كلتوری تایبەت بەخۆی پەیڕەو بكات.