پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی 5ـی 2013 لە سەلاحەددین بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئانوور نەس باڵیۆزی بەڕازیل لە عێراقی فیدڕاڵ كرد.
لە دیدارێكدا سەرەتا باڵیۆزی بەڕازیل خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی دەربڕی و بە دەرفەتێكی مێژوویی بۆ خۆی وەسفكرد و سڵاوی سەرۆك كۆمار و وەزیری دەروەی وڵاتەكەی بە سەرۆك بارزانی گەیاند. ئەوەیشی باسكرد كە سەرۆك بارزانی لە بەڕازیل ناسراوە و ستاییشی ڕۆڵ و ماندووبوونی سەرۆك بارزانیی كرد لە مێژووی سیاسیی عێراق و خەباتی گەلی كورد بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان و گوتی: سەرسامم بە ڕۆڵی جەنابتان لەوەی كە بە باشی توانیوتە لەنێو ئەو كەشە ئاڵۆزەی لە ناوچەكەدا هەیە گەلەكەت بپارێزی. لە تەوەرێكی دیكەی قسەكانیدا بالیۆزی بەڕازیل هیوای خواست پەیوەندییە سیاسییەكانی هەرێم و بەڕازیل لە ئاییندەیەكی نزیكدا گەشە پێ بدرێت و بۆ ئاستی كردنەوەی كونسوڵخانە بەرز ببێتەوە. هەروەها داوایشی كرد شاندی تەكنیكی هەرێمی كوردستان لە بواری گواستنەوە و كشتوكاڵ و بیناسازیدا سەردانی بەڕازیل بكەن و ئامادەیی وڵاتەكەیشی ڕاگەیاند بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری نێوان هەردوولا.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی باڵیۆزی وڵاتی بەڕازیلی كرد و سوپاسی سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوەی بەڕازیلیشی كرد و ڕۆڵ و پێگەی ئابووریی ئەو وڵاتەی لە جیهاندا بە گرنگ وەسف كرد و ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی ڕاگەیاند بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوو گەلی كوردستان و بەڕازیل فراوانتر ببێ. بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی عێراق و ناوچەكە و پڕۆسەی ئاشتیی لە توركیا تەوەرێكی دیكەی دانیشتەكە بوو و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە ئاشتی لە توركیا چركەساتێكی مێژووییە و یارمەتی پێشكەوتن و بووژانەوەی ناوچەكە دەدات.