Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دكتۆر عەلی سندی: بۆ یەكەمجارە بەر لە وادەی دیاریكراوی خۆی لە كابینەی7 پرۆژەیاسای بوودجەی ئەمساڵ ئامادە كراوە

خەبات- فریاد محەمەد:
لە ئێستادا پتر لە ساڵێك بەسەر تەمەنی كابینەی7 ی حكوومەتی كوردستان بە سەرۆكایەتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی تێپەڕیوە، وەك وەزیرانی حكوومەتی كوردستان و شارەزاییانی ئیداریی و سیاسیی لە میانی زنجیرە بەدواداچوونێكی رۆژنامەی خەبات ئاماژەیان پێداوە هەڵسەنگاندنی كابینەیەك تەنیا لە ماوەی یەك ساڵی سەرەتای كارێكی ئەستەمە، بەڵام كار و پرۆژە خزمەتگوزاریی و ئەو هەنگاوانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە كردەنیی لە پێناو باشتركردنی دۆخی هەمە لایەنەی ئابووری و سیاسیی و كۆمەڵایەتی ناوێتی لەم ماوە كەمەدا، ئاماژەیەكی روونە بەوەی كابینەی 7ی حكوومەتی كوردستان توانێتی لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتیە دابێ كە لەسەر شانی بووە، بە دەریش لە هەر جۆرە پێهەڵدانێكیش جێبەجێكردنی سەدان پرۆژە لە تێكڕای بوارەكان و بەرزبوونەوەی ئاستی بژێوی هاووڵاتیان و چارەسەركردنی هەر ئاریشە و كەموكوڕییەك ئەگەر هەبوو بێت و دانانی پلانی ستراتیژی بۆ سەرجەم بوارەكان ئەوە دەخەنەروو كە كابینەی7 جگە لەوەی لە ئاستی بەرپرسیارێتی تەواو دابووە، هاوكات توانیویەتی لە ماوەیەكی كەمدا زۆربەری ئەو خاڵانەی كە لە ناو كارنامەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان هاتبوو لە كاتی سوێند خواردنی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران جێبەجێی كردووە، لەم زنجیرە بە دواداچوونەدا لەرێگەی ئەنجامدانی دیمانەی رۆژنامەوانی سەرجەم وەزیرانی حكوومەتی كوردستان و بەشێك لەسەرۆكی دەستە سەربەخۆییەكانیش بە قسە دەهێنێ و تێیدا ئەو كارو پرۆژە و چالاكیانەی لە ماوەی یەك ساڵی یەكەمی تەمەنی كابینەی7 ئەنجامیانداوە دەیخەنەروو. لەم بەشەدا دكتۆر عەلی سندی وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە كاروباری وەزارەتەكەی و پاشان ئەو هەنگاوانەی حكوومەتی كوردستان دەخاتەروو كە بۆ بە دامەزراوەكردنی دامودەزگاكانی حكوومەت و كاركردن بەپێی ستانداردە جیهانییەكان نراوە.
كاركردن لەسەر6 سێكتەری گرنگ
سەرەتا وەزیری پلاندانان لە بارەی ئەركەكانی وەزارەتەكەی قسە دەكات و گوتی: وەزارەتی پلاندانان كار لەسەر شەش سێكتەری گرنگ دەكات كە خودی هەر یەكێكیان كاریگەریی هەیە لەسەر گەشەسەندنی كۆمەڵگە بە گشتی ئەوانیش بریتین لە بودجەی پرۆژەكانی وەبەرهێنان، پلانی ستراتیجی، هاوكاری و هەماهەنگی و پەرەپێدان، پەرەپێدانی مرۆیی، ئامار، پێوانەسازی وكۆنترۆلی جۆری، دیارە هەر یەك لەم سێكتەرانە كۆمەڵێك تایبەتمەندی لە خۆ دەگرێت لە رووی پراكتیزەكردنەوە بۆ نموونە لە ماوەی ساڵێكی تەمەنی كابینەی حەوتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی پلاندانان لە بواری رێكخستن و دانانی بوودجەی پرۆژەكانی وەبەرهێنانی حكوومەت هەنگاوی باشی ناوە بەتایبەتی لە رووی چۆنیەتی دانانی خودی میكانیزمی بوودجەكە و پێدانی ئەولەوییەت بە سێكتەرە پێویستەكان و ئامادەكردن و ڕێكخستنی بوودجەی هەرێمی كوردستان بۆ پڕۆژەكانی بوودجەی وەبەرهێنان بۆ ساڵی 2013ـەو بەدواداچوون بۆ پڕۆژە بەردەوام و پێشنیاركراوەكان ئەوانی كە دواتر دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە و شیكردنەوەی بۆ پەرلەمانی كوردستان.
دانانی پلانی ستراتیژیی درێژخایەن
دكتۆر عەلی سندی سەبارەت بە دارشتن و دانانی پلانێكی درێژخایەنیش بۆ هەرێمی كوردستان گوتی: لەرووی دارشتن و دانانی پلانێكی ستراتیژی درێژخایەن بۆ هەرێمی كوردستان، لەماوەی رابردوودا دەستمان كردووە بە ئامادەكردنی دیدگایەك بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان وهەروەها داڕشتنی ڕەشنوسی پلانی ستراتیژی هەرێمی كوردستان بۆ 2013  2017 سەرباری ئەوەش سەبارەت بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و ئاژانسەكانیUN و بانكی نێودەوڵەتی و هەردوو ئاژانسی كۆیكای كۆریای باشوور و جایكای ژاپۆنی هەمیشە هەوڵمانداوە ژینگەیەكی لەبارو تەندروست لەرووی پەیوەندی فرە لایەن بڕەخسێنین تا بتوانین بە شێوەیەكی باش زانیاری و هاوكاری لە م رێكخراوانە بەدەست بێنین. سەبارەت بە بواری ئامار لە ماوەی ساڵی رابردوو چەندین روپێوی جۆراو جۆرمان لە بوارە جیاجیاكاندا ئەنجامداوە وەك ئەنجامدانی ڕووپێوی ئابووری، كۆمەڵایەتی، خێزان، كە لەلایەن دەستەی ئاماری هەرێم بە هاوكاری بانكی نێودەوڵەتی ئەنجامدرا لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان بە پێی قەزاكان،كۆی گشتی نموونەی ڕووپێوو (سامپل) بریتی بوو لە7128 خێزان، گرنگترین ئەنجامەكانی، دیاری كردنی هێڵی هەژاری، ڕێژەی خاوەنداریەتی و كرێچی، نیشاندەرەكانی خوێندن، نیشاندەرەكانی خەرجی، ڕێژەی هەڵئاوسان، بەدەستهێنانی داتای پێویست بۆ ژمێریاری نەتەوەیی بوون، هەروەها ئەنجامدانی ڕووپێوی نەخشەی هەژاری و مردنی دایكان، كە لەلایەن دەستەی ئاماری هەرێم بەهاوكاری و چاودێری سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتوانUNFPA  لە هەرێمی كوردستان لە سەر ئاستی ناحیە ئەنجامدرا.
پەرەپێدانی مرۆیی
وەزیری پلاندانانی حكوومەتی كوردستان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بە ئامادەكردنی راپۆرتی نیشاندەرەكانی پەرەپێدانی مرۆیی كرد و گوتی: ئەم راپۆرتە بۆ یەكەمجارە لە هەرێمی كوردستان بە زمانی كوردی دەردەچێ لە لایەن دەستەی ئاماری هەرێم لە ژێر چاودێری رێكخراویUNDP ئەنجامەكانی ئەم راپۆرتە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان لە ڕووی پەرەپێدانی مرۆیی، بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری، نیشاندەرەكانی جیاوازی دابەشبوونی خزمەتگوزاری بۆ هەرێمی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ باشوور و ناوچەكانی تری عێراق، هەروەها دامەزراندنی فەرمانبەران لە كەرتی گشتی، دامەزراندنی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان و بێ بڕوانامەكان لە دامو دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان17000 كەس بوو لە هەر سێ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی گەرمیان دیارە ئامانجیش لەمە كەمكردنەوەی بێكارییە لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵ، بەرێوەبردنی كارەكانی دامو دەزكاگانی حكوومەت بووە، هەرەوەها سەبارەت بە چاكسازی لە سیستەمی ئاماری، دەستەی ئاماری هەرێم بە هاوكاری رێكخراویUNFPA بەردەوامن بۆ بەرەو پێشبردنی و چاكسازی لەسیستەمی ئاماری لەم بارەیەوەش هەنگاوی باش هاوێشتراوەو چوار لیژنەی تایبەتی بۆ پێكهێنراوە، لە چوارچێوەی پرۆژەی تواناسازی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ خولی دووەم كە لە ساڵی2012 راگەیەندرا بەمەبەستی خوێندنی ماستەرو دكتۆرا لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بۆ1000 فەرمانبەر لەسەرجەم وەزارەتەكان جگە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، پێداویستی وەزارەتەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ خۆیان دیاریكراوەو گشت رێرەوە كارگێری و یاساییەكان و هەژماركردن و هەڵاوێركردنی خاڵەكان و دەستنیشانكردنی ئەو كەسانەی كە شیاو بوون بۆ بەشداربوون لە پرۆسەكە و ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی و ماوەی سكاڵاو دواجار راگەیاندنی لیستی كۆتایی ناوەكان جێبەجێكراون و ئێستا زۆربەیان بەشدارن لە كۆرسی فێربوونی زمان، وە بۆ ئەمساڵیش ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر پرۆسەی تواناسازی.
ئەنجامدانی جۆرەها رووپێو
گوتیشی: ڕووپێوی پیشەسازی گەورە و ناوەند دەكرێ كە دەستەی ئاماری هەرێم سەرپەرشتی كردن و بەرێوەبردنی دەگرێتە ئەستۆ رووپێوێكی ساڵانەیە ئەنجام دەدرێت كە كۆی سامپل بۆ رووپێوی پیشەسازی گەورە بریتییە لە89 كارگە و بۆ پیشەسازی بچووك بریتییە یە لە236 كارگە ئەویش بەمەبەستی بەدەستهێنانی زانیاری دەربارەی جۆری كاركردن، بەدەستهێنانی زانیاری دەربارەی جۆری بەرهەم هێنان، بەدەستهێنانی زانیاری دەربارەی بەرهەمهێنان لە تێچووی ئاو كارەباو سووتەمەنی لەگەڵ كرێی كارمەندانی دامەزراوەكان. ڕووپێوی هۆتێل و شوێنە گەشتیاریەكان كە ساڵانە ئەنجامدەدرێت لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەدەستهێنانیبەدەستهێنانی نیشاندەری تایبەت بە ژمارەی هۆتێلەكان و شوێنە گەشتیاریەكان، بەدەستهێنانی ژمارەی گەشتیاران، داهاتی ساڵانەی شوێنە گەشتیارییەكان، هەروەها ڕووپێوی چالاكی فرۆكەخانەكان، بەمەبەستی كۆكردنەوەی زانیاری لە هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی و فڕۆكەخانەی سلێمانی نێودەوڵەتی و زانینی ژمارەی فرۆكەكان، ژمارەی گەشتیارانی هاتوو و دەرچوو، زانینی گەشتەكان و كاتی پێویستی گەشت كردن، رووپێوی خێرا بۆ كۆكردنەوەی زانیاری، ئەم ڕووپێوە بەهاوكاری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ منداڵان UNESEF" ئەنجامدراوە، بۆ بەدەستهێنانی زانیاری دەبارەی تەندروستی و پەروەردە. ڕووپێوی بازرگانی ناوخۆ، ئەم ڕووپێوە بە هاوكاری دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق ئەنجامدراوە لە ماوەی ساڵێك بە شێوەی مانگانە كە بۆ هەرمانگێك نزیكەی216 شوێنی بازرگانی گرتۆتەوە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەدەستهێنانیبەدەستهینانی نیشاندەری جموجۆلی بازرگانی بۆ هەر لایەنێك، ژمارەی كارمەندان لە كەرتی بازرگانی، بۆ بەدەستهێنانی داتای پێویست لە بواری ژمێریاری نەتەوەی، لەبارەی پێوانەسازی وكوالێتی كۆنترۆڵەوە بەردەوامین لەسەر پشكنینی ئەو كەلوپەلانەی كە تایبەتبن بە وەزارەتمانەوە وەك پشكنینی كەلوپەلی جوانكاری، خواردنەوە، جگەرە، خشل، كارەبایی.
بەرەوپێشبردنی سیستەمی كارگێڕی گشتی
وەزیری پلاندانان ئەوەشی خستەروو، سەبارەت بە پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان و بەمەبەستی زیاتر بەرەو پێشبردنی سیستەمی كارگێری گشتی لە هەرێمی كوردستان و بنەما سەرەكیەكانی كارگێری و بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەكان لەماوەی رابردوودا 179 خولی جۆراو جۆر ئەنجامدراون، هاوكات خولی تایبەتیشمان ئەنجامداوە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی كە تازە دادەمەزرێن لەكەرتی گشتی، كۆی گشتی سوودمەند بووان نزیكەی5000 فەرمانبەر بووە، هاوكات بەردەوامین لەگەڵ سەنتەری هاوكاری و هەماهەنگی ئەوروپیETTC سەبارەت بە ئەنجامدانی خولی جۆراو جۆر لە بواری جیا جیای سیستەمی كارگێری گشتی لەهەرێمی كوردستان و پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان. هەروەها لە لەگەڵ قوتابخانەی نیشتیمانی بەریتانی نێودەوڵەتی NSGI چەندین خول ئەنجام دراوە لە بارەی دڵنیایی جۆری لە دامودەزگاكانی حكوومەت و بەردەوامین لەسەر بەهێزكردن و مەشق پێكردنی بەرێوەبەرانی دڵنیایی جۆری لەوەزارەتەكان و هەنگاوی باش لەم روەوە ئەنجامدراوە، سەرباری ئەوەش لە وەزارەتی پلاندانان بابەتێكی تر هەیە ئەویش پۆلینكردنی كۆمپانیا و بەڵێندەرانی هەرێمی كوردستانە كە بە پێی نیزامی ژمارە 1ی ساڵی2007 ئەم كۆمپانیایانە پۆڵێن دەكرێن، لە ساڵی رابردوو تا ئێستا121 كۆمپانیا و بەڵێندەری نوێ لە هەر دوو جۆری بیناسازی و كارەبایی و میكانیكی پۆلینكراون و8 كۆمپانیاو بەڵێندەر خراونەتە لیستی رەشەوە، بۆ زانیاری زیاتر تا ئێستا لەوەزارەتمان بەگشتی 2043 كۆمپانیاو بەڵێندەر پۆلینكراون و40 كۆمپانیاو بەڵێندەریش خراونەتە لیستی رەشەوە، دیارە بەمەبەستی زیاتر بەرەو پێشبردنی خودی نیزامەكە كە ئێستا شەش ساڵی بەسەر چووە ئێستا رەشنوسێكمان ئامادە كردووەو بۆ سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەكانمان ناردووەو هەروەها لەوێبسایتی وەزارەتیشمان بڵاوكردۆتەوە تا لایەنە پەیوەندارەكان بۆچون و پێشنیاری خۆیان بۆمان بنێرن بەڵكو ئەم نیزامەی ئێستا هەموار بكەین بۆ ئەوەی لەگەڵ پێداویستی و خواستەكانی سەردەم بگونجێت.
هەنگاوەكان بۆ بەدامەزراوەییكردنی دامودەزگاكانی حكوومەت
یەكێك لە ئەركە گرنگەكانی دیكەی وەزارەتی پلاندانان بریتییە لەوەی كار بۆ بە دامەزراوەییكردنی دامودەزگاكانی حكوومەت بۆ ئەم مەبەستەش چەندین هەنگاوی گرنگی ناوە، دەربارەی ئەو پرسەش دكتۆر عەلی سندی گوتی: سەبارەت بە دامەزراوەییكردنی دامودەزگاكانی حكومەت و هەنگاو نان بەو ئاراستەوە دەتوانین بڵێن بەشێكی ئێمە وەكو وەزارەتی پلاندانان لەسەر هێڵین بۆ بەئەنجام گەیاندنی، بۆ نموونە هەر وەك باسمان كرد جێبەجێكردنی سیستەمی دڵنیایی جۆریQ.A كە لەلایەنNSGI و بەسەرپەرشتی وەزارەتمان ئەنجام دەدرێت لەسەرجەم وەزارەتەكان و لایەنی نەبەستراو بەوەزارەتەكان وەك پارێزگاكان و دەستەكان، چونكە دڵنیایی جۆری پێداچوونەوە بە هەموو ئیش و كارەكانی هەر دامەزراوەیەك دەكات و لە رووی سیستەمی كارگێری گشتی و دارایی و ئـەدا، كە بێگومان ئەوانە فاكتەرێكی گرنگن بۆ بەهێزكردن و بەرەو پێشچوون و بەدامەزراوەییكردنی حكوومەت، نموونەیەكی تر بۆ باشتركردن و بەدامەزراوەیی كردنی شێوازی بەڕێوەبردنی دارایی گشتییە كە پڕۆژەیەكە بە هاوكاری لە نێوان وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئاژانسیUNDP ئەنجام دەدرێت، هەروەها بواری پەرەپێدانی كەرتی تایبەت كە بە هاوكاری لەگەڵ هەمان ئاژانس ئەنجام دەدرێت و چەندین لایەن لە حكوومەتی هەرێم لێیەوە سوودمەند دەبن، ئینجا لە بواری ئەنجامدانی چاكسازی لە كەرتی گشتی كە ئەویش بەهاوكاری لەلایەن هەمان ئاژانس ئەنجامی دەدات، بۆ باشتر لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی باری ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان وەزارەتی پلاندانان پڕۆژیەكی ڕاوێژكاری بە ناوی هەڵسەنگاندنی ژێرخانی ئابووری لە هەرێمی كوردستان بەشێوەی هاوبەشی دارایی ئەنجامداوە.
بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان
دەربارەی ئەوەی ئایا هەماهەنگی و راوێژكردن و پەیوەندییەكی باشتان لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەتایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان هەیە بۆ ئەوەی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتیەكان حكوومەتی هەرێم پرۆژە جێبەجێ بكات، بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەش وەزیری پلاندانان گوتی: بە باشی دەزانین بەرلە هەموو شتێك پێویستە تیشك بخەینە سەر لایەنی پەیوەندییەكان كە بەشێكی سەرەكی پێكدەهێنێت لە دروستكردنی هاوكاری و هەماهەنگی لە ئەنجامدانی پرۆژەكان، بۆیە وەزارەتی پلاندانان هەمیشە هەوڵیداوە ژینگەیەكی لەبار و گونجاو بۆ دروستكردنی پەیوەندی فرە لایەن برەخسێنێت بۆ ئەوەی بتوانرێت بە باشترین شێوە زۆرترین بڕی زانیاری و هاوكاری لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بەدەست بهێنێ، بۆ ئەم مەبەستە لەسەر ئاستی وەزارەت هەوڵدراوە پەیوەندییەكان پتەوتر بكات لە چەندین بواری جیاوازدا بۆ باشتركردنی شێوازی داڕشتنی پڕۆژە و جێبەجێ كردنیان لەگەڵ بەدواداچوون و بەدەستهێنانی زانیاری دەربارەی پڕۆژە بەردەوامەكان و پڕۆژە پێشنیاركراوەكان و وەزارەتی پلاندانان سیستەمێكی ئەلیكترۆنی دامەزراندووە بە ناوی سستەمی بەرێوەبردنی پەرەپێدانی هەرێمی كوردستان KDMS" بۆ ئەوەی پێشكەشكردنی پرۆژەكان بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی لەلایەن وەزارەتەكانەوە ئەنجام بدرێت، هەروەها بۆ ئەوەی هەڵسانگاندنی سوودی ئابووری پڕۆژەكان ئاسانتر بكرێت بە مەبەستی رێكخستنی شێوازی پلاندانانی پڕۆژەكان لە داهاتوو، بواری پەرەپێدانی ستراتیجیەتی نێشتەجێكردن بۆ رێكخستنەوەی نەخشەی نیشتەجێ بوون لە شارو شارۆچكەكان كە پڕۆژەیەكە بە دارایی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی پلاندانان و بە هاوكاری هەردوو ئاژانسیUNDP وUN-Habitat ئەنجام دەدرێت، ئەم پەیوەندییە پتەوەی نێوان وەزارەتی پلاندانان و رێكخراوە نێودەوڵەتی و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆتە هۆی ئەوەی بوار فراوان بكرێت بۆ دابینكرنی هاوكاری لە لایەن ئەم ئاژانسانەوە لە چەندین بواردا. لەلایەكی ترەوە قۆناغی دووەمی پڕۆژەی پەرەپێدانی ناوچەییLADP 2 شێوازێكی نوێیە بۆ پشتگیریكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگشتی و هە رسێ پارێزگای هەولێرو دهۆك و سلێمانی بە تایبەتی بۆ داڕشتن و جێبەجێ كردنی ئەو پلان و پڕۆژانەی كە وەڵامی داخوازی و پێویستیەكانی هاووڵاتیانی هەرێم دەداتەوە، ئەم پڕۆژەیە پڕۆگرامێكی پەرەپێدانی ناوچەیی سێ ساڵی فرە ئاژانسە كە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێم پشتگیری دەكرێت بە هەمان شێوە پڕۆژەی هەڵسەنگاندنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستانSEINA دەستنیشانی ئەو بۆشایانە دەكات كە لە بواری ئابووریدا كەموكورتیان هەیە و پێویست دەكات حكوومەت گرنگی زیاتریان پێ بدات چ لە ڕێگای ئەنجامدانی پڕۆژە لە لایەن وەزارەتەكانەوە چ لە رێگای ڕاسپاردنی كەرتی تایبەت بۆ پڕكردنەوەی ئەو كەموكوریانە، بۆ ئەنجامدانی ئەمەش حكوومەتی هەرێم بەنیازە چەندین پڕۆژە بە شێوە هاوبەش لە نێو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت ئەنجامیان بدات بۆ زیاتر ڕەخساندنی دەرفەت بۆ كەرتی تایبەت لە بەڕێوەبردنی كەرتە گشتیەكان، لەبەر ئەوەی پێداویستیەكانی حكوومەت زۆرن وەزارەتی پلاندانان دەستپێشخەریەكی نەتەوە یەكگرتووەكانی بە پەسندزانی بۆ دارایی كردنی ئەو پڕۆژانەی كە ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان پێشنیاری دەكەن، ئەویش شێوازی دارایی كردنی هاوبەشە لە نێوان وەزارەتی پلاندانان و ئاژانسەكانیUN بۆ ئەم مەبەستە لە كۆتایی ساڵی2012 و هەروەها سەرەتای2013 چەندین ڕاوێژكاری لە نێوان لەلایەنە پەیوەندارەكانی وەزارەتی پلاندانان و ئاژانسەكانیUN ئەنجامدرا بۆ هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردنی21 پڕۆژە لە كۆی نزیكەی80 پڕۆژەی پێشنیاركراو لەلایەن ئاژانسەكانی UN بۆ ئەوەی بە شێوەیی هاوبەشی كردنی دارایی ئەنجام بدرێت.
ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بوودجە بەر لە وادەی دەستنیشانكراو
لە كۆتاییشدا وەزیری پلاندان سەبارەت بەوەی ئایا بە بەراورد لەگەڵ سانی پیشوو ئەو گوڕانكاریانە چین لەدانانی پرۆژە یاسای بوودجە و دابەشكردنی ئەو بەشە بوودجەیە بەپێی پێداویستی وەزارەتەكان ئەنجامتان داوە گوتی:گرنگترین خاڵ كە پێویستە باسی بكەین ئامادەكردن و ناردنی بوودجەی وەبەرهێنانە كە وەزارەتمان بەر لەوادەی خۆی پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی كردو دواتریش پێشكەش بە پەرلەمان كرا، هەروەها كۆبونەوە لەگەڵ یەكە بەیەكەی وەزیرە بەڕێزەكان بەمەبەستی دەست نیشانكردنی ئەولەویەت و پرۆژەكانی هەر وەزەراتێك، دیارە دابەشكردنی بوودجەی وەبەرهێنان لەسەر بنەمای پێدانی ئەولەوییەت بەسێكتەرە جیاوازەكان بووە كە پرۆژەكانی شارەوانی و ئاو لەخۆدەگرێت هەروەها پرۆژەكانی پەروەردەو تەندروستی و كشتوكاڵ لە ئەولەویەتی هەرە پرۆژەكان بوون.