Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گۆڕان بەرەو كوێ؟

به‌دواداچوونی: كاوە میران


بەپێی هەندێ سەرچاوەی زانیاری و لێدوانە ئاشكراكانی بەشێك لە ئەندام و پلەداری جیاجیای بزووتنەوەی گۆڕان، دەردەكەوێت كە ئەم بزووتنەوەیە ئێستا دووچاری كۆمەڵێك تەنگژەی قووڵی نێوخۆیی بووەتەوە، یەكێكیان تاكڕۆیی بەڕێز نەوشیروان مستەفا ڕێکخه‌ری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانه‌ لە بڕیاردان و دیاریكردنی هەیكەل و سیاسەتی گۆڕان. ئەویتریان پەراوێزخستنی ئەو سەركردە دیارانەی كە چ بەر لە جیابوونەوەیان لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هەمیش لە سەرەتای دروستكردن و دامەزراندنی كۆمپانیای وشە و دواتریش هاوكار و یارمەتیدەری بوون بە تایبەت پەراوێخستنی هەر سێ سەركردەی دیاری وەك: عوسمانی حاجی مەحمود، قادری حاجی عەلی و سالار عەزیز كە لە دروستكردنی جڤاتی نیشتمانی و گشتیی بزووتنەوەكەدا پرسیان پێنەكرا و پەراوێز خران.

دوای ئەوەی ئەم سێ سەركردەیەی بزووتنەوەی گۆڕان بایكۆتی هەموو چالاكییەكان و كۆبوونەوەی رێكخەری گشتییان كرد، نەوشیروان مستەفا لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا، پەیامێكی ناڕاستەوخۆ و دەلالەتئامێزی ئاراستەی هەرسێ سەركردەكە كرد و گوتی: مەرج نییە هەر سەركردایەتییەك یان مەكتەبی سیاسییەك كە لە حزبێكی دیكەوە بێتە نێو گۆڕان، هەمان پۆستی پێشووی پێ بدرێتەوە. بەڵام سەرچاوەیەك باس لەوە دەكات یەكێك لە سەركردە دەستلەكاركێشاوەكەی گۆڕان گوتبووی: كەواتە ئەگەر وابێت، پێویستە نەوشیروان ئەم بڕیارە لەسەر خۆیشی پێڕۆ بكات.

رێكخەری گشتیی پلەی خۆی بەرز دەكاتەوە و هیی هاوڕێكانیشی بە ڕەوا نازانێ
پێشتر جێگری سكرتێری گشتی بوو، كەچی ئێستا رێكخەری گشتییە، واتا بۆچی نه‌وشیروان پلەی خۆی بەرز بكاتەوە و پلەی گونجاویش بە هاوڕێكانی دوێنێی خۆی ڕەوا نابینێ.
لەو ڕوانگەیەوە عوسمانی حاجی مەحمود كە پێشمەرگەیەكی دێرین و كەسایەتییەكی دیاری گەرمیانە، لە نامەیەكدا ناڕەزایەتیی خۆی لە چەند خاڵێكی پرسیارئامێزدا ئاراستەی رێكخەری گشتی كردووە كە بریتین لە‌:

1 - بڕیاری سیاسی لەنێو بزووتنەوەی گۆڕان چۆن دروست دەكرێت؟
2 - شەفافییەت لەنێو بزووتنەوەی گۆڕان؟
3 - شەفافییەت لە پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی گۆڕان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە؟

4 - ڕەخنەگرتن لەنێو بزووتنەوەی گۆڕان ئازاد بێ. ئەوەی ڕەخنە دەگرێ لەنێو بزووتنەوەی گۆڕان تۆمەت و كێشەی بۆ دروست نەكرێت.
5 - شێوازی پێكهێنانی جڤاتی نیشتمانی كە پێچەوانەی دەستووری بزووتنەوەی گۆڕانە و خودی نەوشیروان مستەفا ئەو دەستورەی نووسیوە.

6 - ئایا كەناڵی knn پەیوەندی بە گۆڕانەوە هەیە یان نا، كێ سیاسەتی ئەم كەناڵە دادەڕێژێت؟
7 - كۆنگرە و كۆنفڕانس چۆن بكرێت و كێ سەرپەرشتی بكات و كەی بكرێت، دەبێت ڕوون و ئاشكرا بێت؟
ئەگەر خاڵی یەكەمی نامەكە شرۆڤە بكەین، دەبینین سەرەكیترین ئەندامی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان دوای چوار ساڵ کارکردن لای ڕۆشن نییە كە ئایا بڕیاری سیاسی لە نێو بزووتنەوەكەیاندا چۆن دروست دەبێت؟

لە خاڵی دووەمدا عوسمانی حاجی مەحمود باسی نه‌بوونی شەفافییەت دەكات، بە گشتی و لە نێوخۆ و دەرەوەی بزووتنەوەكەدا به‌تایبه‌تی، دیارە شەفافییەت وجودی نییە، كەچی ڕۆژانە میدیای ئەم حزبە كەرەسەی بەردەستی ئەوەیە: گوایە شەفافییەت لە بودجە و بڕیاری ئیداری و دۆسێی نەوتدا نییە! چاودێران پێیانوایه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها بۆ گەوجاندنی ڕای گشتییە و هەمیشە دەرخواردی خەڵكی دەدەن، ئەمە بانێكە و دوو هەوایە!

ڕەخنەگرتن هیڵی سوورە
لە خاڵی چوارەمدا: داوا دەكات ڕەخنەگرتن ئازاد بێت. ئەمە ئاماژەیەكی ڕوونە كە لە نێو ئەم بزوونتەوەیەدا ڕەخنەگرتن هێڵی سووری بۆ دانراوە و لەسەر ڕەخنە تۆمەت و بوختان بۆ ئەندام و كەسایەتییەكانیان داتاشراوە! كەچی میدیای گۆڕان ڕۆژانە تۆمەتی ناڕەوا بۆ حزبەكانی دی و كەسایەتی و رەمزەكانیان هەڵدەبەستێ.

هەروەك لە خاڵی پێنجەم و سەبارەت بە پێكهێنانی جڤاتی نیشتیمانیش، عوسمانی حاجی مەحمود تاكڕۆیی نەوشیروان مستەفا به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ئاشكرا دەكات كە هەر تەنها خۆی بڕیاردەری یەكەم و كۆتایی و بە تەزكییە دانانی ئەندامەكانییەتی. هەروەها لای ناوبراو ئەوەش شاراوە نییە كە لە داڕشتنی سیاسەتی كەناڵی "knn"ـدا هەر خودی نەوشیروان خۆیەتی و ئەوانی دی ته‌نها تەماشاكارن.

مەبەستی رێكخەر لە كەرتكردنی جیلی كۆن و نوێ
چاودێرێكی سیاسی ئاماژە بەوە دەكات كە نەوشیروان مستەفا دوو مەبەستی هەیە لە به‌لاوه‌خستنی هاوڕێ دێرینەكانی دوێنێ و هێنانەپێشی گەنجە شارییەكانی ئەمڕۆ، چونکه‌ نەوەی كۆن شارەزای مێژووی دوێنێ و چۆنێتیی سیاسەتكردنی رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕانن لە ڕووی سایكۆلۆژی و تاكڕۆییشدا زۆر لە نزیكەوە ئەیناسن، دەزانن كە بەرهەمێكی تازەی پێ نییە و بە كەرەسەی كۆن هەر كۆن بەرهەم دێت، هەروەها لە قۆناغەكانی ململانێ و تەكەتولیشدا هاوڕێكانی لە ناخەوە ئەیناسن، بۆیە نه‌وشیروان ده‌یه‌وێت به‌ هێمنی نەوەی دوێنێ ون بكات و لە خۆیانی داتەكێنێ، نەوەی نوێش بكاتە واجیهەی گۆڕان و ململانێكان و ڕایەڵی گەیشتن بە دەسەڵات.

هەڵبژاردنی داهاتوو و بەرنامەی خەون و خەیاڵ..
رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان چاك دەزانێ لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا ژمارەی كورسییەكانیان بە ڕێژەیەكی بەرچاو دادەبەزێت، چونكە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقدا ئاماژەیەكی بەرچاویان بۆ دەركەوت كە 10 هەزار دەنگیان لە كورتیداوه‌، لە نێوخۆیشدا نەیانتوانی تەنانەت تاكە خاڵێك لە بەڵێنەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان له‌ڕابردوودا بۆ ئەندام و لایەنگرانیان بێننە دی، ئیدی خەڵكیش تێر بووە لە قسە لە پێناوی قسەدا، خه‌ڵک ئەمڕۆ شتێكی ماددی و بینینی واقیعی دەوێت نەك بەرنامەی خەون و خەیاڵ.

ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان و ململانێ شاراوەكان
لە هەناوی بزووتنەوەی گۆڕاندا كێشە لە دوای كێشە سەر هەڵدەدەن و گرفتی كۆنیشیان هەر بە پەنگخواردوویی بۆ دەمێنێتەوە، ناوەناوە ئەندامێكی باڵایان واز دێنێ، وتەبێژیان دەست لە كار دەكێشێتەوە چونكە نەیان بردووەتە دەباشان، كۆنگرەیان بۆ نابەسترێت چونكە مەترسیی لێكترازان و كوتلە و كوتلەبازی لە لوتكەی تەقینەوەدایە، هەر جارەو باژێروانێكیان دەرناچێ و زویر دەبێت و دەچێتەوە ماڵەوە، یان لەپڕ بە بڕیاری ڕێكخەری گردەكە دەگۆڕدرێت، ئەندامی پەرلەمانیان واز دێنێت و لیستی سەربەخۆ پێك دێنن، سەڵاح ڕەشید رێكخەری ژووری پەیجوری گۆڕان دەست لە كار دەكێشێتەوە، ناوەناوەش لیستێك لە ئەندامانیان دەگەنە لای ناوەندەكانی رێكخستنی حزبەکانی تر بۆ گواستنەوەی سەنگەری حزبیان.

كاروان ساڵح پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان دەڵێ: زەرگەتە گردی سلێمانییە و هیی ئێمە نییە، مەبەستی ڕوونە كە گۆڕان لە گردی زەرگەتەی سلێمانیی چەقیوە و نایەتە خوارەوە، بەهەر حاڵ، با چاوەڕێ بین، ڕەنگە لە كۆنگرەی گۆڕاندا ململانێ شاراوەكان زیاتر دەربكەون!