بارزان- تایبەت بە KDP.info/ وەکو رێزگرتن و هەمیشە بە زیندوویی هێشتنەوەی سەروەرییەکانی خەبات و تێکۆشانی رزگاریخوازی کوردستان بە رێبەرایەتی بارزانی نەمر و رۆلی سەرکردایەتی ئیدریسی بارزانی هەمیشە زیندوو و زیندوکردنەوەی وەفا و ئیلهام وەرگرتن لە ئەزمون و کەسایەتی مێژوویی بارزانی نەمر و درێژەدان بە رێبازە پیرۆزەکەی، ئەمڕۆ سێشەممە دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی هەڤال مەحمود محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگا و بە بەشداری بەرپرس و ئەندام و کادر و راگەیاندنکارانی سەرجەم بەش و رۆژنامە و گۆڤار و تەلەڤیزیۆن و رادیۆ و چاپخانە و ماڵپەڕە ئەلەکترۆنییەکانی پارتی، سەردانی مەزاری نەمرانیان کرد.
لەم سەردانەدا مەحمود محەمەد وتەیەکی پێشکەش کرد و لە میانیدا جەختی لەسەر فەلسەفەی ژیان و تێکۆشانی بارزانی نەمر و سەرکردەی دیاری نێو بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان ئیدریسی هەمیشە زیندوو کردەوە، گوتی ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی درێژە بە تێکۆشان بدەین لە پێناو ئەو دەسکەوتانەی بە خەبات و قوربانی رابەر و شەهیدەکانمان بەدەستهاتوون، هەروەها باشترین وەفاش ئەوەیە درێژە بە پاراستنی یەکریزی و دەستکەوتەکانی کوردستان بدەین. سەرباری باسکردنی رۆلی رێبەرایەتی بێ هاوتای بارزانی نەمر لە قۆناغە سەختەکانی خەبات و تێکۆشاندا. لە درێژەی قسەکانی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمڕۆ ئەم هەموو کادر و گەنج و رۆژنامەنووس و رۆشنبیرە لێرە کۆبوویەنەوە تاکو درێژە بەم رێبازە پیرۆزە بدەین کە بارزانی نەمر وەکو رێبەری نەتەوەیەک دایمەزراندوە و ئەمڕۆش درێژەی هەیە.
دواتر شیخ خەڵات بارزانی سوپاسی ئامادەبووانی کرد بۆ بەشداریکردن لەو رێورەسمە جەماوەرییەی کە رۆژانە خەڵک و وەفدی نێوەخۆیی و دەرەکی بۆ رێزگرتن لە سەروەری نەتەوەکەمان بارزانی نەمر ئەنجامی دەدەن.
جێی باسە رۆژانە لە سەرتاسەری کوردستان و دەرەوەی وڵات خەڵکی کوردستان و وەفدی حکوومەت بیانییەکان و کەسایەتییە دیرەکان بۆ رێزگرتن لە مێژوو و کەسایەتی سەرکردە و رێبەری کورد بارزانی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو سەردانی بارزان دەکەن و بە دانانی چەپکە گوڵ و وتار پێشکەشکردن و تۆمارکردنی وتەی رێز و سەردانەواندن بۆ شکۆ و گەورەیی بارزانی نەمر، وەکو بۆنە و رێورەسمی کوردستانی و مێژوویی چرکە ساتەکان بەرێ دەکەن.