Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مستەفا بارزانی هەمیشە لە یادەوەریی مێژوودا

نەك هەر لە خەڵك و خوای ئەم گەردوونە. تا لە چیاو شێو دۆڵ و نیهال و هەردو قەدپاڵ و دوندو لوتكەی هەر شاخێك دەپرسی. ئەو دەناسێ. كانی و رووبارو جۆگەو سێلاوی بەرنساری كوێستانەكان و ئەشكەوت بە ئەشكەوتی نێو ناخی چیاكان. پێدەشت و راستایی دەشتی كاكی بەكاكی ئەم هەرێمەو بەرزی و نزمی هەموو رێگە كاكێشانەكانی نێو شاخەكانی كوردستان. ئەو دەناسێ. تا باڵندەو تەیرو تەواری ئاسمانی سامڕەندی ئەم كوردستانە نییە، ئەو نەناسێ. كەسێك بۆ یەكجار لاپەڕەی مێژووی هەڵدابێتەوە. روانینێكی بووبێت بۆ مەزلومیەتی ئەو نەتەوانەی بەر غەدرو مەینەتی رۆژگار كەوتبن، ئەو دەناسێ. بۆیە كاتێ سەیری پەڕتووكی مستەفا بارزانی.

تا ئەبەد لە یادەوەری مێژووییدا دەمێنێتەوە دەكەین، سەرسام نابین لەوەی ئەو هەموو كەسایەتییانە ئەو هەموو نووسەرو رۆشنبیرو سەركردەو كەسە دیارانەی نێو مێژوو قسەو وتارو لێكۆڵینەوەو پەڕتووكیان لەسەر كوردو كەسایەتی بارزانی وەكو سەركردەیەك نەنووسیبێت و قسەی خۆیان لەبارەوە نەكردبێت.
گەر دەتەوێ كەسایەتی كەسێك بناسی، ئەوا لە چاوی دوژمنەكانییەوە سەیری بكە، لە دیدی ئەو كەسانەوە لێی بڕوانە رۆژانێك سەنگەرییان لێی گرتووەو لە دژی جەنگاون، بەڵام كە زروف و زەمانە وەرسووڕاوەتەوەو رۆژگار بە دیوێكی دیكەو بە پێچەوانە میلی گۆڕانكارییەكانی وەرگێڕاوەتەوە، قسەی ئەوان لەبارەی ئەو كەسایەتییە بە شێوەیەكی دیكەو بە جۆرێكی دیكە بووە، رێك سەدو هەشتا پلە پێچەوانەی ئەو قسەو بۆچووانانە بووە كە ئەوان لە سەرەتادا دژ بەو كەسەیان گوتووە.

قسەكردن لەبارەی كەسایەتی بارزانی وەكو سەركردەیەك. وەكو رێبەرێك و پێشەوایەكی رزگاریخوازی نەتەوەیەك كە نزیكەی بۆ ماوەی نیو سەدە بێ پسانەوە رابەرایەتی شۆڕشی نەتەوەیەكی كردووە، نەك هەر ئەوە هەڵدەگرێ پەڕتووكێك یان لێكۆڵینەوەیەكی لەسەر بنووسرێت، بەڵكو دەكارێت دەزگەی تایبەت و سەنتەری زانستی بۆ دابمەزرێت و بەردەوام تۆژینەوەی لەبارەوە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی هەم لە یادەوەری مێژوودا بە نەمری بمێنێتەوەو، هەمیش لە رێگەی ئەو لێكۆڵینەوانەوە بە نەوەی نوێ ئاشنا بكرێت و پەندو ئامۆژگاری و ئەزموونەكانی ببێتە هەوێنی ئاشتی و تەبایی و یەكڕیزی ئەو نەتەوەیەی لە ئەزلەوە فرچكی بە ژێردەستی و چەوسانەوەو ئازار بڕاوەو، بەردەوام پێویستی بەرێبەرو سەركردەو كەسایەتییەكی بێوێنەی وەكو مستەفا بارزانییە..
قەدەر وابوو، یان رۆژگار وای هێنا گیانی بەرخودان و هەستی بەرنگاربوونەوەو ناهەقی قبووڵنەكردن لەناخی ئەو كەسەدا گێنگڵ بدات و پەسنی سەركردەو رێبەرو پێشەوا ببەخشێتە بارزانی و بۆ هەمیشە لە یادەوەری مێژووییدا بیكاتە سومبلی نەتەوەكەی خۆیی و شانازی پێوەبكات كە توانی بۆ ماوەی نزیكەی نیو سەدە وەكو سەركردەیەكی شۆڕشگێڕو تێكۆشەر لە مەیدانی كوردایەتیدا رابەرایەتی نەتەوەكەی بكات، یان دیارە بارزانی هەر خودی خۆی سەركردەیەكی كاریزمی بووەو، مەیدانی تێكۆشان و بەرەنگاربوونەوەش رۆژ لەدوای رۆژ بووە بە قوتابخانەیەكی بەردەوام بۆ فێربوون و ئەزموونی یەك لەدوای یەك، تاكو ئەستێرەی كەسایەتی ئەو وەكو رێبەرێك و تێكۆشەرێك و سەركردەیەك لە مەیدانی كوردایەتیدا بدرەوشێتەوەو شێرانە رابەرایەتی میللەتەكەی بكات دژ بە ستەم و زوڵم و چەوسانەوە.

قسەكردن و نووسین لەبارەی بارزانی سەركردە پەیوەستە بە مێژووی تێكۆشان و بەرخودانی نەتەوەیەك لە پێناوی ئازادیدا. چونكە هەر قسەكردنێك لەبارەی بارزانی، دواجار قسەكردنە لە بارەی مێژووی خەبات و تێكۆشانی نەتەوەیەك كە هەمیشە چیاكانی كردووەتە تاكە پشت و پەنا بۆ سەلماندن و ناسینی ناسنامەی نەتەوایەتی خۆی، كە باسی ئەو نەتەوە ستەمدیدەیەش دەكەین لە یادەوەری مێژوودا، ناكرێت پەنجەنووما بۆ سەركردەیەكی دیاری بزووتنەوەی نەتەوایەتی ئەو نەتەوەیە نەكرێت كە مستەفا بارزانی سەركردەیە.

ئەو پەڕتووكەی برامان سەعد هەمەوەندی كە كۆمەڵێك وتاری بەپێزی چەندان سەركردەو سیاسەتمەدارو رامیاروان و كەسایەتی دیاری وڵاتان و نووسەرو رۆشنبیرو مێژوونووس و پیاوانی رۆژگارێك لەبارەی بارزانییەوە، كۆی كردوونەتەوەو بە زمانی عەرەبی بەناوی مستەفا بارزانی. بۆ هەمیشە لە یادەوەری مێژوودا دەمێنێتەوە پەڕتووكێكە كە خۆی لە نزیكەی هەشت سەد لاپەڕە دەبینێتەوە، شایەنی ئەوەیە بخوێنرێتەوەو بدرێتە بەر سەرنجی لێكۆڵینەوەو توێژینەوەو چەندان لاپەڕەی لەبارەوە بنووسرێت، چونكە بێگومان قسەی ئەو سیاسەتمەدارو سەركردەو كەڵەنووسەرانە ئەوە هەڵدەگرێت وتارەكانیان بدرێتە بەر باری سەرنج و لێوردبوونەوە، بە تایبەتیش كە وتارەكەی ئەوان لەبارەی كەسایەتی بارزانی وەك رێبەرێك و سەركردەیەكە، لە لایەكی دیكەش ئەم پەڕتووكە بۆ ئێمەی كورد گرنگە، چونكە كاك سەعد توانیویەتی ئەم وتارانە وەربگێڕێتە سەر زمانی عەرەبی و پێشكەش بە خوێنەرانی عەرەبی بكات، ئەمەش كردنەوەی دەروازەیەكی دیكە یان كەناڵێكی دیكەیە بۆ ئەوەی نەتەوەیەكی دۆست و دراوسێی ئێمە كە عەرەبە لە رێگەی دوان و قسەكردن لە سەركردەكانمانەوە شارەزای هەندێ لایەنی وردو شاراوەی نەتەوەكەمان بن، بێگومان مشتێك نموونەی خەروارێكە.

ئەم پەڕتووكە سەرەڕای ئەوەی بە چاپێكی جوان و دانسقە خراوەتە پێش خوێنەری ئازیزەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەكاری پەڕتووكەكە بە دیزاینێكی جوان نووسینەكانی بەدوای یەكدا ریز كردووە، لەگەڵ دانانی وێنەی هەموو ئەو كەسایەتییانەی وتارەكانیان بڵاوكردووەتەوە، ئەمەش جوانییەكی دیكەی بەو پەڕتووكە بەخشیوەو سەلیقەی خوێندنەوەی زیاتر بۆ پەڕتووكەكە دروست دەكات.

بارزانی و گیانی برایەتی
كە تەماشای مێژووی پڕ لە خەبات و تێكۆشانی ئەو كەڵە پیاوە دەكەین هەم وەكو سایكۆلۆژیەتی كەسایەتی خۆیی و هەمیش وەكو رێبەرێك و سەركردەی نەتەوەیەك هەرگیز لە پێناوی هیواو ئارەزووە كەسایەتییەكانی نەجەنگاوە، بەڵكو هەمیشە شەڕی لە پێناوی پرسی نەتەوەیەك بووە، هەر كاتێكیش لایەنی بەرامبەر دەستی یارمەتی و هاوكاری و ئاشتەوایی بۆ درێژكردبێت، ئەو سلی لەو پەیوەندییە نەكردووەتەوەو چەند بەرامبەر ئەو ئامادەی ئەو برایەتییە بووە، بۆیە مێژووی نەتەوەی كورد لە نزیكەی سی و پێنج ساڵی سەركردایەتی بارزانیدا پڕیەتی لە گفتوگۆی برایانەو دۆستانەو دروستكردن و توندوتۆڵكردنی گیانی ئەو برایەتییە.

عەبدولڕەحمان عارف كە كەسایەتییەكی نیشتمانی بووە لەماوەی ساڵانی 1966 1968 سەرۆكی عێراق بووە لە یادەوەری خۆیدا دەنووسێت و دەڵێت، لە جەنگی حوزەیرانی ساڵی 1967ی عەرەب و ئیسرائیلدا، كاتێ لەگەڵ رێكەوت، هەرگیز ئەو گوللەیەكیشی بە سوپای عێراقییەوە نەنا، ئەو هەڵوێستەی بارزانی هەمیشە سەربەرزییەكی بێوێنەی لە ژیانی ئەو پاڵەوانەدا هێشتووەتەوە، بۆیە بە راشكاوییەوە دەڵێم مەلا مستەفای بارزانی هەرگیز دۆمنی برایەتی كورد عەرەب نەبووە، بەڵكو دڵسۆزێكی بەردەوامی پاراستنی برایەتی كورد عەرەب بووە.
ناجی تالیب كە كەسایەتیەكی ناسراوەو سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق بووە لە وتارەكەیدا دەڵێت: بارزانی عێراقی خۆشویستووە، بە رای منیش عەرەب و كوردی خۆشویستووەو خاوەنی پرسێكی نەتەوەیی بووە، مەبەستیشی ئازاردانی عەرەب نەبووە لە دووتۆی ئەو بزووتنەوەیەی ئەو بەرپای كردووە وەكو خاوەنی پرسێكی نەتەوەیی، هەروەها توانی ئازارو مەینەتییەكانی گەلی كورد هەڵبگرێت و بیگەینێتە دنیای نیشتمانی عەرەبی.

عەلی ناسر محەمەد كە كەسایەتیەكی ناسراوەو سەرۆكی پێشووی یەمەن بووە لە وتارەكەیدا دەڵێت: ئەگەرچی بەهۆی ئەو ناكۆكی و ململانێیانەی لەنێوان كورد و عەرەب هەبووە لە عێراق، ئەمە جۆرێك لە ناسنامەی خراپ و هەڵگەڕانەوەی بە دۆزی كورد بەخشیبوو لای عەرەب بە گشتی، بەڵام لە شەڕی تشرینی ساڵی 1973دا ئازایەتی مستەفا بارزانی لێرەوە دەركەوت كە چەندە لایەنگری پرسی عەرەب بووە، بۆیە من پێم وایە جۆرە چارەنووسێكی هاوبەش هەبووە لەنێو عەرەب و كورد كە زۆر بەهێزتر بووە لە هەموو ئەو هۆكارە جیاكارییانەی لەنێوان ئەو دوو نەتەوەیە هەبووە، بۆیە لە ئێستاشدا كە ئێمە لە ناوچەیەكی پڕ لە گێرمەو كێشەدا دەژین، وا هەست دەكەم كە ئێمە چارەنووسێكی هاوبەش كۆمان دەكاتەوەو پێویستە هاوكاری و هەماهەنگیەكی باش لەنێو كوردو عەرەبدا هەبێت لە پێناوی ئایندەیەكی باشتر بۆ ئەو دوو نەتەوەیە.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی بارزانی لەنێو خودی كوردستاندا گیانی برایەتی و هاوكاری لەنێوان سەرجەم چین و توێژەكان و ئایینە جیاوازەكان و كەمەنەتەوە جۆراوجۆرەكان پاراستووە، بۆ بەرگری كردن لە هەموو خاكی كوردستان بەیەك چاو سەیری هەموو رۆڵەكانی ئەم كوردستانەی كردووە، بۆیە لە ریزەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورددا نەك هەر نەتەوەی كورد، بەڵكو سەرجەم ئەو نەتەوەو ئایینانە بوونیان هەبوو بۆ بەرگری كردن لەم خاك و نیشتمانەدا، ئەمەش بۆ لێهاتوویی و حەكیمی بارزانی وەكو سەركردەیەك دەگەڕایەوە كە هەرگیز تا مردن درشمی برایەتی و پێكەوە ژیانی لە بزووتنەوەی كوردایەتی جیانەكردووە، ئەگەر هەرچەند تووشی مەینەتی و دەردەسەری زۆریش بهاتایە لە لایەن دوژمنەكانییەوە. بەڵام چونكە ئەو خاوەن پرسێكی نەتەوەیی بوو، بۆیە ئەو وەكو سەركردەیەك هەستی بەوە دەكرد كە چەندە گیانی برایەتی و پێكەوەژیان گرنگە بۆ چارەنووسی میللەتی كورد لە كوردستاندا.

بارزانیی نەمر و گفتوگۆ:
رەنگە گفتوگۆ مێژووییەكی دوورو درێژی هەبووبێت لە دیرۆكی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورددا، بەڵام بە تایبەتی لە سەردەمی رابەرایەتی مستەفا بارزانیدا گفتوگۆ هەمیشە شێوازێكی دیكەی خەبات و تێكۆشان بووە، هەرچەندە هەندێ جار هەستی بەوەش كردووە كە ئەم جۆرە دانیشتن و گفتوگۆیانە هیچ سوودێكی نییە، بەڵام بۆ بەدیارخستنی نیازپاكی و رەوایەتی مەسەلەی كورد، ئەو سلی لەو جۆرە گفتوگۆیانە نەكردووەتەوەو هەندێ جاریش گیانی خۆی خستووە مەترسییەوە، تەنیا لە پێناوی نەڕژانی خوێن و گەیشتن بە ژیانێكی ئاشتەوایی و ئاسوودەییەوە، بەڵام دوژمنانی پرسی كورد، هەمیشە دواجار گفتوگۆیان وەكو چەكێك بەكارهێناوە بۆ لەباربردنی مەسەلەی رەوای كورد، لەگەڵ ئەوەشدا كاتێ نەتەوەی كورد زەبری كوشندەیشی لەلایەن دوژمنەكانییەوە بەركەوتبێ، بەڵام بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد بە سەرۆكایەتی بارزانیی نەمر هیچ جۆرە پەرچەكردارێكی ناحەزانەی نەبووە بەرامبەر بە عەرەبی عێراق.
بارزانیی نەمر گرنگی گفتوگۆی لە هاوكێشەی سیاسیدا باش زانیوە، بۆیە لەپێناوی مافی رەوای میللەتەكەیدا گفتوگۆی وەكو شێوازێكی خەبات شانبەشانی خەباتی چەكداری پەیڕوكردووە، بۆیە لە چلەكان و پەنجاكان و شەستەكان و حەفتاكانی سەدەی رابردوو هەمیشە گفتوگۆی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد و حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق هەمیشە دەستپێشخەرییەك بووە لە لایەن بارزانییەوە بۆ ئەوەی چیتر خوێنی دوو گەلی برای یەك لەم نیشتمانەدا نەڕژێت.

فوئاد عارف كە یەكێكە لە كەسایەتییە كوردە سەربەخۆكان و جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و وەزیری دەوڵەتیش بووە لەعێراق دەڵێت: ئەگەرچی حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بە جۆرەها چەكی پێشكەتوو رووبەڕووی بارزانی بوونەتەوە، بەڵام خۆراگری و تێكۆشان و خەباتی بەردەوامی بارزانی لە پێناوی پرسی نەتەوەكەی وای لە دوژمنەكەی كردووەو ناچاری كردووە بێت لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵی دابنیشێت. سەلاح عومەر عیللی كە كەسایەتییەكی ناسراوی عێراقییەو وەزیری راگەیاندن و ئەندامی سەركردایەتی حزبی بەعس بووە دەڵێت: دوای هاتنی بەعس بۆ دەسەڵاتی عێراق بە وەفدێك چووینە لای بارزانی بۆ ئەوەی كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان كورد حكوومەتی بەغدا یەكلایی بكەینەوە، بارزانی زۆر بە گەرمییەوە پێشوازی لەو هەنگاوەی ئێمە كردو هەموو ئامادەییەكی خۆی نیشاندا بۆ گفتوگۆ بەبێ ئەوەی هیچ مەرج و كۆسپێك لەبەردەم ئەو گفتوگۆییەدا دروست بكات.

ساڵح ئەحمەد عاشوور كە یەكێكە لە كەسایەتییە ناسراوەكان و ئەندامی ئەنجوومەنی ئومەی كوەیتییە دەڵێت: بارزانی بە هەموو شێوازو رێگەیەكی ئاشتەوایی و دیبلۆماسییەوە گەركی بوو بگاتە ئامانجەكانی خۆی لەگەڵ حكوومەتی بەغدا، بەڵام ئەو هەوڵانە سەركەوتنی بەدەست نەهێنا، هەرچەندە ئەو هەمیشە هەوڵی ئەوەی دەدا تۆڕێكی پەیوەندی پتەو لەگەلأ كەسایەتییە عەرەبییەكان دروست بكات لە پێناوی ئەوەی نەتەوەكەی بگات بە ئامانجەكانی خۆی، ئەمەش بۆ لێزانی و دیبلۆماسییەتی ئەو سەركردەیە دەگەڕایەوە كە بە درێژایی تەمەنی خۆی خەباتی لەو پێناوەدا كرد.
عەبدولڕەزاق سافی كە كەسایەتییەكی عێراقی و نووسەرو لێكۆڵڤان و ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی عێراقییە دەڵێت: خەباتی مەلا مستەفا بارزانی لە پێناوی مافەكانی گەلی كورد لە جەوهەردا خەبات بوو لە پێناوی دیموكراسیەت بۆ هەموو عێراق لە پێناوی ئەوەی كورد و عەرەب لەو وڵاتەدا یەكسان بن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەموو پارچەكانی دیكەی كوردستان ئێستاشی لەگەڵدابێت بارزانی بە سومبل و هێمای بەرزی نەتەوەكەی خۆیان دەزانن، لە ئاست و خەبات و تێكۆشانی ئەو سەركردەیەدا سەری رێزو نەوازشی بۆ دادەنوێنن، بۆیە لە دووتۆی نووسینی هەموو ئەو سیاسەتمەدارو سەركردەو رۆشنبیرانەدا هەست بەوە دەكەین كە بارزانی نەك هەر سەركردەی بزووتنەوەیەكی كوردی ناوچەیەكی دیاری كراو بووە وەكو عێراق، بەڵكو كەسایەتی بارزانی لە دوێنی و لە ئەمڕۆدا هەوێنی خەبات و تێكۆشان و سومبلی بەرزی خەباتی كوردایەتییە لە پێناوی گەیشتن بە ماف و داخوازییە رەواكانی گەلی كوردمان لەسەر پارچەكانی دیكەی كوردستاندا.

مرۆڤدۆستی و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی بارزانی:
رۆژگارە تاڵ و سەختەكانی خەبات و تێكۆشان ئەوەیان فێری بارزانی كردبوو ئەگەر كەسێك بیەوێت ببێتە پاڵەوان و رەمزی میللەتەكەی خۆی، پێش هەموو شتێك پێویستە بەشێكی دانەبڕاو بێت لە میللەتەكەی، بۆیە بارزانی غاندی ئاسا شانبەشانی تێكۆشەران و پێشمەرگە گیان لەسەردەستەكانی كوردستان دۆڵ بە دۆڵ و ئەشكەوت بە ئەشكەوتی كوردستان لە پێشمەرگە دانەبڕاوە، خۆیشی چەندین جار سەركردایەتی ئەو شەڕانەی كردووە كە دوژمنانی كورد بە هێزی پێشمەگەی كوردستانی فرۆشتووە، هەر ئەمەش وای كرد بارزانی هەم سەركردەو هەم رابەرو، دواجاریش ببێتە ئەفسانەیەكی مێژوویی نەوە لەدوای نەوە نەك هەر لەنێو كورددا، بەڵكو لە لایەن نەتەوە دراوسێكان و مێژوونووسانی جیهانیشەوە بگێڕدرێتەوە.
ئەوەندەی لەنێو شاخەكانی كوردستان وەكو پێشمەرگەیەك سەركردەیەك ئامادەیی هەبووبێت، هەمیشە لە پێشوازی و میوانداری كەسانی میللەتەكەی خۆیی و رۆژنامەنووسان و كەسانی رامیاروان بووە، ئەگەر بمانەوێ باسی سەرجەم ئەو دۆستایەتی و مرۆڤدۆستییەی بارزانی بكەین، ئەوە رەنگە بە وتارێك و دوان تەواو نەبێت، ئەگەر گەرەكیشە تەواوی ئەو پەیوەندییانە بزانین، ئەوا زۆر بە ئاسانی لە دووتۆی نووسین و ئەو وتارانەی نێو ئەو پەڕتووكەدا هەست بەوە دەكەین كە بارزانی خاوەن چ جۆرە كەسایەتییەكی مرۆڤدۆستانەو چ هەستێكی بەرزی هەبووە بۆ پێشوازی لە دۆست و كەسایەتی و كەسانی میللەتەكەی بكات.

هەمیشەش لەو دیدارو كۆبوونەوەو چاوپێكەوتنانەیدا ئاماژەی بە برایەتی و دۆستایەتی نێوان نەتەوەكان و لە سەرووی هەمووشیانەوە هەمیشە ئەو دروشمەی دەگوتەوە بژی برایەتی كورد و عەرەب ئەمەش ئەوە بەدیار دەخات كە بارزانی پێناوی ژیانێكی ئاشتیانەو بەرقەراركردنی ژیانێكی ئاسوودەو كامەران، پێویستی كردووە بەشێكی خەبات و تێكۆشانەكەی بۆ برایەتی نێوان نەتەوەكانی ناوچەكەی تەرخان بكات، بۆیە لە هەموو ئەو چاوپێكەوتن و نووسینە رۆژنامەوانیانەدا ئەوە بەدیاردەكەوێت كە بارزانی دڵسۆزو خەباتكارێكی بێوێنەی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و دروستكردنی پەیوەندی باش بووە لەگەڵ نەتەوەكانی دراوسێی كورددا.

لە كۆتاییدا تەنیا ئەوە ماوە كە بێژین قسەكردن لەسەر ئەم پەڕتووكەو بە تایبەتی لەسەر دەقی سەرجەم وتارەكانی، ئەوە هەڵدەگرێت كە لەسەر هەر یەكێكیان لێكۆڵینەوەیەك یان نووسینێك بنووسرێت، چونكە قسەكردن لە كەسایەتی بارزانی وەكو سەركردەیەك و رێبەرێكی رزگاریخوازی كورد لە دیدی ئەو نووسەرو رۆنشبیرو سەركردانەوە، بە تایبەتی غەیرە كوردەكان، شایەنی هەڵوەستە لەسەر كردن و توێژینەوەیە، ئەمەش نەك لەبەر ئەوەی بارزانی سەركردەیەكی كورد بووە، بەڵكو لە مێژووی خەبات و تێكۆشانی خۆیدا توانی بە هەڵوێستە جوامێرو پاڵەوانەكانی نەك هەر بچێتە نێو مێژووەوە، بەڵكو ببێتە ئەزموونێكی درەوشاوەو هێمای پێكەوە ژیان و نموونەی بەرزی خەبات و تێكۆشان لە پێناوی دیموكراسیەت و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و گەیشتنی نەتەوە بندەستەكان بە تەواوی مافی رەوای خۆیان، بۆیە بارزانی لە دیدی نووسەرو رۆشنبیرانی گەلی ستەمدیدەو ئازادیخوازەوە جێگەی رێز و شكۆمەندی و شانازی پێوەكردنە، نووسینی ئەوان لەسەر خەسڵەت و ئاكارو تێكۆشانی بارزانیی نەمر ئەوە نیشاندەدات كە بارزانی لە هەندێ حاڵەت نەك هەر رەمزی كوردو خاكی كوردستانە، بەڵكو هێماو سومبلێكی دیاری پێكەوەژیان و برایەتی و دۆستایەتی نێوان سەرجەم ئینسانەكانە لە هەموو گۆشەیەكی ئەم جیهانەدا.

سڵاو بارزانی. سڵاو لە ئەمەك و وەفاداریت بۆ نەتەوەو خەبات و تێكۆشانی ئەو پێشمەرگە دڵێرو ئەو شەهیدانەی ئاكارو رەفتاری تۆ وای لێكردبوون دروشمی كەم ژیان كەڵ ژیان بەرزبكەنەوە، رۆژان و دێت و ئەزموونی تۆی سەركردە لە دیدی كەسانی غەیرە كورد دەبێتە گەورەترین ناسنامەی ناسینی میللەتێكی چەوساوەی وەكو كورد كە زۆر دەمێكە كەوتۆتە بەر سەرەنێزەی دوژمنەكانیەوە، دڵنیاشین خەبات و تێكۆشانی سەركردە بارزانی رێگەیەكی زۆر دووری بۆ نزیك كردووینەتەوە كە خۆری ئازادی كوردو هەڵكردنی ئاڵای سەربەخۆی كوردستان لەسەر زێدی باب و باپیرانی خۆی و لەسەر خاكی كوردستاندا بشەكێتەوە، بە هەوڵ و كۆشش و هیمەتی درێژەپێدەرانی خەبات و تێكۆشانی رێبازی بارزانی سەركردە.