Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

(سه‌رۆك بارزانی): ئێمه‌ له‌ "ئێف16" ناترسین له‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ ده‌ترسین كه‌ باوه‌ڕی به‌ زمانی تۆپ و ته‌یاره‌ هه‌یه‌

ئه‌مڕۆ هەینی لە شارى هەولێر یەكەمین كۆنگرەى (گردبوونەوەى عەرەبی بۆ سەرخستنى دۆزى كورد) دەستى بە كارەكانى كرد و ماوەى دوو رۆژ بەردەوام دەبێ.

لەو كۆنگرەیەدا سەرۆكى هەرێمى كوردستان (مەسعوود بارزانى ) گوتەیەكى پشكه‌ش كرد و تێیدا بەناوى خۆى و خەڵكى كوردستانەوە پیرۆزیاییی بەستنى ئەو كۆنگرەیەى كرد و رای گەیاند، كۆنگرەى (گردبوونەوەى عەرەبی بۆ سەرخستنى دۆزى كورد) لە كاتێكدا بەڕێوە دەچێ كە عێراق و ناوچەكە بە كاتێكى زۆر هەستیار و ناسكدا تێ دەپەڕن.

هەروەها گوتی "لە ڕۆژێكى وەك ئەمڕۆ و لە ساڵى 1966دا رێژیمى ئەوكاتى عێراق هێرشێكى ناڕەواى كردە سەر كوردستان، تێیدا هەموو ئەو چەكانەى بەكار هێنا كە لەبەردەستیدا بوون، لەو هێرشەدا خوێنى تێكۆشەرانى كورد و عەرەب و بە تایبەتى تێكۆشەرانى حزبی شیوعیى عێراق لە یەك سەنگەر لە چیاى حەزى رەواندزدا تێكەڵ بەیەكتر بوو".

سەرۆكی هەرێم ئەوەیشی گوت "لەو شەڕەدا لەگەڵ هەموو ئەو توانایەى لە بەرەستى سوپاى عێراقدا هەبوو، بەڵام دۆڕان و شكان بەشیان بوو و سەركەوتنیش بەر گەلى كوردستان و گەلى عێراق و تێكۆشەرانى كورد و عەرەب كەوت، ئەمڕۆش دەنگێك لەملا و ئەولا لە عێراق دەبیستین دەیانەوىَ هێرش بكەنە سەر كوردستان، بەڵام ئێوە ئەمڕۆ لەم كۆنگرەیەدا دەتانەوىَ رووبەڕووى ئەو جۆرە هێرشە ببنەوە".

(بارزانی) ئاماژەی بەوەش دا "ئێمە لە رابردوو رووبەڕووى ناخۆشى و نەهامەتیی زۆر هاتووین، بەڵام تا ئێستە تێنەگەیشتنێك بۆ ئەو نەهامەتییە لەلایەن زۆر لە سەركردە عەرەبەكان بەدى دەكرێ، ئێستە بەردەوام لە دواى روفاتى 182 هەزار كورد دەگەڕێین كە لە گۆڕى بەكۆمەڵ لە بیابانەكانى خوارووى عێراقدا زیندەبەچاڵ كراون، لەگەڵ ئەوەشدا كورد لە رێگەى پەرلەمانى كوردستانەوە بڕیارى مانەوەى لەگەڵ عێراقدا داوە"

هه‌روه‌ك جەختیشی كرده‌وه‌ "بەڵام كامە عێراق؟ بێگومان عێراقێكى دیموكراتى و فیدراڵى و فرەیی، ئێمە زۆر پشت بە قەڵەمەكانى ئێوە دەبەستین بۆ ئەوەى بەرگرى لە راستییەكان بكەن و پەنجەى لەسەر دابنێن و بەرگرى لە مافى كورد بكەن، لە هەمان كاتدا ئەگەر ئێمەش هەر هەڵەیەكمان هەبوو ئاگەدارمان بكەنەوە".

لە بەشێكى ترى گوتەكەیدا (مەسعوود بارزانى) ڕای گەیاند "ستراتیجى ئێمە دیارە، ئەویش لە جیاتى تۆڵە سەندنەوە لێبوردنمان هەڵبژاردووە، داوا دەكەین لە جیاتى هەڕەشە و چەك بە گفتوگۆ چارەسەرى كێشەكان بكرێ، ئێمە لە فرۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری f16 ناترسین، بەڵام لەوە دەترسین جارێكى تر خوێنى رۆڵەى عێراق بەناهەق بڕژى و ئەو كولتوورە بگەڕێتەوە كە وا بزانىَ زمانى تۆپ و فڕۆكه‌ چارەسەرى كێشەكانە".

هەروەها گوتی "لەبەرئەوە ئێمە كار دەكەین بەهەموو توانایەكمان برایەتیى كورد و عەرەب و توركمان و ئاشوورى و تەواوى پێكهاتەكان بپارێزین، بەهەر نرخێك بێ قبووڵ ناكەین لەژێر حوكمى دیكتاتۆریدا بژین، كوردستان نموونەیەكە بۆ پێكەوەژیان بۆ هەموو عێراق و بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە، لەكاتێدا ئەمڕۆ ڕۆژى گەلانە و هیچ دەسەڵاتێك ناتوانىَ بەرامبەر ئیرادەى گەلەكەى بوەستێتەوە، گەلى كوردیش مافى خۆى هەیە و كەس بۆى نییە ئەو مافەى لێ زەوت بكا".

هەر لەو كۆنگرەیەدا (كازم حەبیب) سكرتێرى گردبوونەوەى عەرەبی بۆ سەرخستنى دۆزى كورد وتەیەكى پێشكێش كرد و رای گەیاند، گردبوونەوەى عەرەبی بۆ سەرخستنى دۆزى كورد لە ساڵى 2004ەوە هاتووەتە دامەزراندن، ئەمە یەكەمین كۆنگرەیە ئەنجامى دەدا بەمەبەستى رێكخستنەوەى گردبوونەوەكە و هەڵبژاردنى دەستەیەكى تازە.

هەروەها گوتی، دامەزراندنى ئەو گردبوونەوەیە لەسەر دوو بنەما بووە، ئەوانیش پەرەپێدانى دیموكراسی لە عێراق و بەدەستهێنانى مافى نەتەوەیی بۆ كورد، لەگەڵ مافى رۆشنبیرى و كارگێڕى بۆ تەواوی پێكهاتەكانى ترى عێراق، زۆربەى ئەندامانى ئەم گردبوونەوەیەش ئەوانەن كە بەشدارییان لە شۆڕشى چەكدارى دژى رێژیمى دیكتاتۆریى سەدام كردووە، هەروەها ئەوانەن كە بڕوایان بە مافى كورد لە هەر چوار پارچەى كوردستاندا هەیە.

دواى خوێندنەوەى راپۆرتى گردبوونەوەى عەرەبی بۆ سەرخستنى دۆزى كورد و خوێندنەوەی چەندین پارچە شیعر لەلایەن ئامادەبوانەوە كە باسیان لە پێكەوەژیان و برایەتیى كورد و عەرەب دەكرد پرۆگرامی ئەمڕۆ بەكۆتا هات. بڕیارە لە دووەم رۆژى كۆنگرەدا 5 بابەت پێشكێش بكرێن ئەوانیش، كورد و عەرەب لە چوارچێوەى وڵاتانى عەرەبی، پێوەندیى عەرەب و كورد لە چوارچێوەی رەسمیى میللى لە عێراق، گردبوونەوەكە و گرینگییەكەی، خەباتى گەلى كورد لە هەر چوار پارچەى كوردستان بۆ مافە رەواكانی، ئەمازیغ و ئیسلامى سیاسی.