Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی لۆرد جێفری ئارچەر، دۆستی دێرینی گەلی کوردستان ڕادەگەیەنێت

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی لۆرد جێفری ئارچەر، نووسەر و پەرلەمانتاری دیاری بەریتانی و دۆستی دێرینی گەلی کورد بڵاو کردەوە و ستایشی ڕۆڵی مێژوویی ناوبراو لە پاڵپشتیکردنی مافەکانی گەلی کوردستاندا دەکات.

ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

بە داخ و پەژارەیەکی قوڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی لۆرد جێفری ئارچەر، نووسەر و پەرلەمانتاری ناسراوی بەریتانی و دۆستێکی دێرین و دڵسۆزی گەلی کوردستانمان پێگەیشت.

بە ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە، قوڵترین سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی خێزان، کەسوکار، دۆستان و هاوکارانی لۆرد جێفری ئارچەر دەکەین.

گەلی کوردستان بە ڕێز و سوپاسگوزارییەکی تایبەتەوە یادی لۆرد ئارچەر دەکاتەوە، بەهۆی ئەو دۆستایەتی و هاوپشتییە دڵسۆزانەی کە لە یەکێک لە دژوارترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخی گەلەکەماندا پیشانی دا. لە کارەساتی مرۆیی ساڵی ١٩٩١دا، کاتێک سەدان هەزار خێزانی کورد ئاوارە بوون و ڕووبەڕووی بارودۆخێکی مرۆیی زۆر دژوار بوونەوە، لۆرد ئارچەر ناوبانگ و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی خستە خزمەتی ناساندنی مەینەتی و ئازارەکانی گەلی کوردستان و ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەو کارەساتە.

لە ڕێگەی کەمپەینی Simple Truth Appeal و کۆنسێرتە گەورە نێودەوڵەتییەکەی Wembley Arena، ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە کۆکردنەوەی پشتیوانی و هاوکاریی مرۆیی بۆ ئاوارەکانی کوردستان و گەیاندنی دەنگ و مەینەتییەکانی گەلی کورد بە ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا.

بەڵام پشتیوانیی لۆرد ئارچەر بۆ کوردستان تەنیا لە چوارچێوەی هاوکاریی مرۆییدا نەمایەوە، ئەو سەردانی کوردستانی کرد و لە نزیکەوە شاهیدی بارودۆخ و مەینەتییەکانی گەلەکەمان بوو و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سەرکردایەتیی کوردستان دروست کرد. لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٢دا، پەیامێکی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا، سێر جۆن مەیجەر، بە سەرۆک مەسعود بارزانی گەیاند و بەوەش بەشداریی لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە نێوان سەرکردایەتیی کوردستان و کەسایەتی و بەرپرسانی باڵای سیاسیی شانشینی یەکگرتوو کرد، لە ساڵانی دواتریشدا، بەردەوام بوو لە پشتیوانی و بەرگریکردن لە ماف و داواکارییە ڕەواکانی گەلی کوردستان، لەوانەش لە ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا.

گەلی کوردستان هەرگیز ئەو دۆستانە لەبیر ناکات کە لە دژوارترین و تاریکترین کاتەکاندا لە تەنیشتی وەستان. مرۆڤدۆستی، پشتیوانی و دۆستایەتیی دێرینی لۆرد جێفری ئارچەر بۆ گەلی کوردستان، وەک بەشێکی بەنرخ لە یادەوەریی هاوبەشی گەلەکەمان، هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

لەو کاتە پڕ لە خەم و پەژارەیەدا، جارێکی تر قوڵترین هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خێزان، کەسوکار و دۆستانی دەکەین.

 

پارتی دیموکراتی کوردستان

مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە