Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دیدگای ڕوونی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی

دکتۆر عرفان عەزیز

وتاری سەرۆک مەسعود بارزانی لە مەراسیمی دەرچوونی خولی پێگەیاندنی کادیران لە هەولێر، وتارێکی یەکجار ڕاشکاو و کاریگەر بوو و چەندین ڕەهەندی سیاسی، ئەمنی و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەی لەخۆ گرتەبوو.

ئەم پەیامانە، سەرەڕای ڕوونی و ڕاشکاوییان، بەشێکی زۆریان ئاراستەی کادیر، بەرپرس و ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان کرابوون، کە بەرپرسیارەتیی یەکەمی پاراستنی قەوارەی کوردستانیان لەسەر شانە و ئەرک و بەرپرسیارەتیی کادیرانی پارتی تێیدا ڕوون کرایەوە، بێگومان، وتارەکانی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هەمیشە جێگەی بایەخن و دیدگایەکی ڕوون و ستراتیژی پێشکەش دەکەن، بەتایبەت لە کاتە هەستیارەکاندا کە پێویستی بە هەڵوێستی ڕاشکاوانە هەیە.

لێرەدا چەند خاڵێکی گرنگ ڕوون دەکرێنەوە کە سەرۆک مەسعود بارزانی لە وتارەکەیدا خستیەڕوو و تێگەیشتن لەو پەیامە نوێیانەی هەرێمی کوردستان پێویستە بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و دوای کشانەوەی هاوپەیمانان:

١. پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

سەرۆک مەسعود بارزانی بە ڕوونی ئاماژەی بەوە دا کە قەوارەی هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووری و یاساییە و ناکرێت لە ژێر هیچ ناو و پاساوێکدا هەوڵی لاوازکردنی بدرێت یان هێرشی بکرێتە سەر. ئەمە پەیامێکی زۆر گرنگ بوو بۆ ناوچەکە و جیهان کە هەرێمی کوردستان بە پارێزراوی دەمێنێتەوە، چونکە ئەم مانەوەیە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە و بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەپارێزرێت.

۲. پرسی هەولێر و بەغدا.

سەرۆک مەسعود بارزانی بە توندی جەختی لەسەر ئەم بابەتە کردەوە و باسی لەوە کرد کە بۆ چارەسەرکردنی، پێویستە واز لە میزاجی کەسی بهێنرێت و دەستوور و بنەماکانی، بڕیار لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بدەن. پەیامە ڕاشکاوانەکەی بۆ بەغدا ئەوە بوو کە ئەگەر پابەندن بە دەستوورەوە، ئەوا هەرێمی کوردستان دێتە پێشەوە و هەماهەنگ دەبێت بۆ عێراقێکی نوێ، بەڵام ئەگەر پابەند نەبن، ئەوا هەرێمی کوردستان چیتر نابێتە قوربانیی سیاسەتێکی هەڵە کە عێراق لەسەری بنیاد نرابێت و بڕیاری چارەنووساز دەدەن.

۳. پەیامی ناوخۆیی و ڕوو لە کادیرانی پارتی.

ئەوەی جێگای هەڵوەستەیە، ئەوەیە کە سەرۆک مەسعود بارزانی بەشێکی قسەکانی تەرخان کرد بۆ ناوماڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و کادیر و ئەندامانی. ئەمە نیشانەی باوەڕبەخۆبوون و هەستی بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە و چەند ڕەهەندێکی لەخۆ گرتووە:

بڕنەدان بە ڕەشبینی، هاندانی کادیران بۆ ئەوەی هەمیشە هەڵگری پەیامی ئومێد و گەشبینی بن، تەنانەت لە قورسترین دۆخە سیاسی و ئابوورییەکاندا.

داینەمۆی وزە و ئاراستە: تێگەیشتنی کادیر لەوەی کە دەبێت سەرچاوەی وزەی ئەرێنی و متمانە بێت بۆ سەرجەم هاووڵاتیان، بێ جیاوازیی حزبی.

نزیکبوونەوە لە خەڵک: جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە پارتی هەمیشە حزبی خەڵک بووە و کادیرەکەی پردی پەیوەندییە لە نێوان هاووڵاتی و حزبەکەیدا.

 بەرپرسیارەتیی نیشتمانی: تێگەیشتن لەوەی کە پاراستنی قەوارەی هەرێم لە ڕێگەی بەهێزکردنی ناوماڵی خۆی و خزمەتکردنی باشترەوە تێدەپەڕێت.