ھەولێر-KDP.info- نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2026/10/6، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازیی له به‌ڕێز شتێفان ڤێنت، به‌رپرسی نوێى نووسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له هه‌ولێر كرد.
له دیدارێكدا، به‌ڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزباییى ده‌ستبه‌كاربوونی له به‌ڕێز ڤێنت كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی له ئه‌ركه‌كه‌یدا بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتیوانییه‌كی بۆ سه‌رخستنی ئه‌ركه‌كه‌ى دووپات كرده‌وه. هاوكات سوپاس و پێزانینی بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی به‌رده‌وامی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له بواره جیاوازه‌كاندا ده‌ربڕی.
لای خۆیه‌وه، به‌ڕێز ڤێنت خۆشحاڵیی خۆی به ده‌ستبه‌كاربوونی له هه‌رێمی كوردستان نیشان دا و جه‌ختی كرده‌وه كه یه‌كێتیی ئه‌ورووپا به بایه‌خه‌وه له په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و ئارامی و سه‌قامگیرییه‌كه‌ی ده‌ڕوانێت، هه‌روه‌ها ئاماده‌ییی یه‌كێتییه‌كه‌ی بۆ په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان و فراوانكردنی ئاستی هاوكاریی هاوبه‌ش ده‌ربڕی.