ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی ھەولێر دەڵێ، پڕۆژەی ڕیسایکڵینی ئاوی قورسی ھەولێر ھەنگاوێکی مێژوویی و ستراتیژیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ چارەسەری بنەڕەتیی گرفتە لەمێژینەکەی ئاوەڕۆی پایتەخت و دروستکردنی ژێرخانێکی پتەو بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستیی گشتی.
لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ھەفتەنامەی (گوڵان)، کە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP.info) وەریگرتووەتەوە، ئەندازیار زەردەشت عەبدولخالق سەرسام، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی ھەولێر دەڵێ، "بۆ یەکەمین جار لە مێژووی پایتەختدا، لەسەر دەستی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گرفتی ئاوەڕۆی ئاوی قورسی ھەولێر بە شێوازێکی زانستی و ھاوچەرخ بەرەو چارەسەری یەکجاری دەبرێت. ئەم پڕۆژە مەزنە لەسەر ڕووبەری ٢٢٥ دۆنم لە ڕۆژئاوای ھەولێر جێگیر دەکرێت و توانای پاککردنەوەی ٨٤٠ ھەزار مەتر سێجا ئاوی قورسی لە ڕۆژێکدا دەبێت."
لەبارەی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەوە، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی ھەولێر ڕوونی کردەوە، "پڕۆژەکە لە چوار قۆناغ پێکھاتووە و لە ئێستادا دوو قۆناغی کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، قۆناغی یەکەم بە ھاوکاریی ئاژانسی (جایکا)ی ژاپۆنی و بە تێچووی نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت. قۆناغی دووەمیش لەلایەن کۆمپانیای خۆماڵیی (ئاوزان) لەسەر بودجەی حکوومەتی ھەرێم بە تێچووی ٥٧٩ ملیۆن دۆلار دەستی پێکردووە و تا ئێستا زیاتر لە ١٥٪ی کارەکانی تەواو بووە."
ئەندازیار زەردەشت جەختیشی کردەوە کە ئەم پڕۆژەیە تەنیا چارەسەری ئاوەڕۆ نییە، بەڵکوو شۆڕشێکی ژینگەیییە بۆ دووبارە بەکارھێنانەوەی ئاو، بەجۆرێک ئاوە پاککراوەکە بۆ ئاودێریی پشتێنەی سەوزی ھەولێر و پارکە گشتییەکان بەکاردەھێنرێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی پاراستنی سامانی ئاوی ژێرزەوی، ڕێگری لە بەفیڕۆچوونی ئاوی بیرەکان و بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی لە پایتەختدا.