ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بەردەوامن و بەشێکی زۆری داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر کراون، جەختیشی کردەوە کە پشکی هەرێم دەبێت بەپێی ئەنجامی سەرژمێریی گشتی بە ڕێژەی ۱٤.۱٤٪ بە شایستەی خۆی بدرێت.
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی (KDP.info) ڕایگەیاند، "داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧ گفتوگۆی زۆر باشیان لەسەر کراوە و بەشێکی زۆریان لەناو ڕەشنووسی بودجەدا شوێنیان بۆ کراوەتەوە. ئەوەشی ماوەتەوە دیاریکردنی پشکی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستانە، کە لای ئێمە زۆر گرنگە بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی عێراق بێتکە بەغدا خۆیان ئەنجامیان داوە و پێویستە پشکی هەرێم لانی کەم ١٤.١٤٪ بێت."
د. شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی، "لە ئێستادا خاڵی سەرەکیی نالێکتێگەیشتن و گفتوگۆکان لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا، دیاریکردنی ئاستی ئەو پشکەیە، بەغدا هەوڵ دەدات پشکی هەرێم کەمتر بێت لەوەی داوای دەکەین و دەیانەوێت ڕێژەی ١٢.٦٧٪ جێگیر بکەن. ئەمەش بووەتە خاڵی سەرەکیی ناکۆکی و گفتوگۆکان و ئومێدەوارین ئەم گرفتەش لە بەرژەوەندیی مافە دەستوورییەکانی هەرێم چارەسەر بکرێت."
بڵند ئیبراهیم