دهۆک-KDP.info- بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، خزمەتکردنی هاووڵاتییان لە پێشینەی کارەکانیانە و وەک ڕێنماییی سەرۆک بارزانی، حزب و حکوومەت وەک یەک تیم کار دەکەن بۆ دابینکردنی زۆرترین خزمەتگوزاری و چارەسەرکردنی گرفتەکانی هاووڵاتییان.
د. نەوزاد عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ڕۆژانی ڕابردوو وەک لقی یەک لەگەڵ فەرمانگە کارگێڕییەکانی هەردوو قەزای ناوەندیی دهۆک و سێمێل کۆبووینەوە، مەبەست لەم کۆبوونەوانەش دروستکردنی هەماهەنگیی زیاترە لەنێوان ئێمە وەک حزب و فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو زیاتر کار لەسەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بکرێت. هەردوولامان هاوڕابووین لەسەر ئەوەی خزمەتکردنی هاووڵاتییان لە سەرەوەی تەواوی کارەکانمان بێت و هیچ درێغییەک لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا نەکرێت."
بەرپرسی لقی یەک گوتیشی، "خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان ئەرک و هەوێنی خەباتی پارتییە. لە سنووری خۆمان لەگەڵ هەموو دامودەزگاکانی حکوومەت بڕیارمان داوە دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان بخرێتە پێشینەی کارەکانەوە و وەک یەک تیم حزب و حکوومەت هاوکار بن."
د. نەوزاد عەبدوڵڵا جەختی لەوەش کردەوە، "پاڵپشت بە ڕێنمایی و فەرمانی مەزنی سەرۆک بارزانی، دامودەزگاکانی حزب و حکوومەت خراونەتە خزمەتی خەڵکی کوردستان. پارتیش وەک گەورەترین هێزی سیاسی، بە ئەرکی خۆی دەزانێت بەقەد گەورەیی خۆی خزمەت بە هاووڵاتییان پێشکەش بکات و چەندین پڕۆژەی گرنگیش لە سنووری پارێزگای دهۆک جێبەجێ کراون و وەک لقیش بەردەوام لەناو جەماوەردا دەبین بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنی ڕاستەوخۆی کێشەکانیان."
قائید میرۆ