حاجی ئۆمەران-KDP.info- دوێنێ سێشەممە، لە سنووری لێژنەی ناوچەی حاجی ئۆمەران، بە ئامادەبوونی فەرماندەیی سەربازی، بەرپرسانی حزبی و حکوومی و پێشمەرگە دێرینەکانی شۆڕشی ئەیلوول، مەراسیمێکی تایبەت و شایستە بە بۆنەی تێپەڕبوونی ٥٥ ساڵ بەسەر هەوڵە ناکامەکەی تیرۆرکردنی ڕابەری نەتەوەیی کورد، بارزانی نەمر بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا کە بە ئامادەبوونی فەریق سیهاد بارزانی فەرماندەی فەرماندەیی هێزی پشتیوانیی یەک، شوان محەمەد طە بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵان، عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسوول جێگری دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان، قایمقامی قەزای چۆمان و کۆمەڵێک لە کەسایەتییەکانی ناوچەکە بەڕێوەچوو، چەندین وتار پێشکەش کران، تێیاندا تیشک خۆزرایە سەر قۆناغە سەختەکانی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستان و ڕۆڵی مێژوویی و نەبەردییەکانی بارزانی نەمر لە بەرەنگاربوونەوەی پیلانەکاندا.

لە بەشێکی تری بەرنامەی مەراسیمەکەدا، فیلمێکی دیکۆمێنتاری پەخشکرا کە بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە و دیمەنە مێژووییەکان، قۆناغەکانی خۆڕاگریی گەلی کورد و پێشمەرگە قارەمانەکانی لەژێر ڕابەرایەتیی بارزانی نەمردا دەخستە ڕوو.
دواتر ئامادەبووان چوونە بەردەم بارەگا مێژوویییەکەی بارزانی نەمر کە پێنج دەیە و نیو لەمەوبەر شوێنی ئەنجامدانی پیلانەکە بوو و لەوێ پێشانگایەکی تایبەتی فۆتۆگرافی کرایەوە. پێشانگاکە کۆمەڵێک وێنە، بەڵگەنامەی پیلانەکە و دیمەنەکانی ڕۆژی ڕووداوەکەی لەخۆگرتبوو.
لە کۆتاییشدا، ئامادەبووان بە نیشانەی وەفا و ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی ڕابەری نەتەوەیی کورد، تاجەگوڵینەی وەفادارییان لەبەردەم وێنەی بارزانی نەمر دانا.

