ھەولێر-KDP.info- لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە سەرۆکی فەخری یەکێتیی دیموکراسی نێودەوڵەتی (IDU)کرد، لە کۆبوونەوەکەدا لۆرد مایکل ئاشکرۆفت ڕایگەیاند کە ھەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی دروستی لەگەڵ نەکراوە و دەبێت بەھەمووان ھاوکاربین بۆ گۆڕینی ئەو بۆچوونە لەنێو دامەزراوە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان و پیشانی بدەین کە کوردستان جێگایەکی ئارام و سەقامگیرە.
ئەمڕۆ ٢٩ی٩ی ٢٠٢٦، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە (لۆرد مایکل ئاشکرۆفت) سیاسەتمەدار و خاوەنکارو نووسەر و کەسایەتیی ناسراوی بەریتانی و سەرۆکی فەخری ئێستای یەکێتیی دیموکراسی نێودەوڵەتی (IDU)کرد، کە چەند ڕۆژە لە ھەرێمی کوردستانە بۆ گفتوگۆ و دیدار لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و ئاگاداربوون لە دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و ھەرێمی کوردستان و عێراق.
لە دیدارەکەدا کە بەڕێزان مەحموود محەممەد ئەندامی دەستەی کارگێڕی و زاگرۆس فەتاح ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ھۆشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی بوون، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی وێرای بەخێرھێنانی میوان خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی بەڕێز لۆرد مایکل دەربڕی و بە گرنگی وەسفکرد.
میرانی کورتەیەک لەسەر مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان دوواو و، باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی کرد و ڕەوشی ئێستای عێراق و ئەو ئاڵۆزییانەی کە بوونە ھۆی نائارامی ناوچەکەی بۆ شاندی میوان ڕوونکردنەوە و بۆچونی پارتی دیموکراتی کوردستانی خستەڕوو.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی جەختی کردەوە، بە ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان و قبووڵکردنی یەکتر بۆ چارەسەری گرفتەکان و سەقامگیری عێراق، لەلای ئێمە بناغەی جێبەجێکردنی دەستوورە وەک خۆی، بۆیە خۆمان جێبەجێی دەکەین و کار بۆ سەرکەوتنی دەکەین.
لەلای خۆیەوە لۆرد مایکل ئاشکرۆفت سوپاسی مەکتەبی سیاسی کرد بۆ ئەم پێشوازییە گەرمەی کە لێیان کراوە و، خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو سەردان و دیدارانە دەربڕی و ڕایگەیاند پاڵپشتی لە سەقامگیری ھەرێمی کوردستان دەکات و سەرسامە بە پێشکەوتنی ئابووریی ھەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە بوارەکانی وەبەرھێنان، کشتوکاڵ، گەشەپێدانی شارستانی و کەرتی تایبەت کە جێگای خۆشحاڵییە و، دەیەوێت ببێتە دەنگی ئەو گۆڕانکارییە ئەرێنییە و کەلتوورە جوانەی کە لە کوردستان ھەیە و، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم سەردانە دەرفەتێکە بۆمان تاکو لەنزیکەوە ئاگاداری دوا گۆڕانکاری و پێشھاتی سیاسی، ئابووری و پێشکەوتنە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان بن و لە ھەمان کاتدا بیروڕا لەسەر پێشھاتەکانی ناوچە و، ھاوکاریی دیموکراتی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ھەرێمی کوردستان بگۆڕنەوە.
ھەروەھا گفتوگۆ لەسەر ڕۆڵ و گرنگیی سیاسی و ستراتیژیی ھەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بەشێکی دیکەی ئەو گفتوگۆیانە بوون و، لۆرد ئاشکرۆفت ڕایگەیاند ھەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی دروستی لەگەڵ نەکراوە و دەبێت بەھەمووان ھاوکاربین بۆ گۆڕینی ئەو بۆچوونە لەنێو دامەزراوە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان و پیشانی بدەین کە کوردستان جێگایەکی ئارام و سەقامگیرە و دەرفەتی بەھێزی بۆ سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر ھەیە.

