Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فارس عیسا بۆ KDP.info: بۆ چارەسەری کێشەکان ئاڵوگۆڕی شاند لەنێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامە

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵی داوە کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات و ئێستاش گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەردەوامن. جەختیشی کردەوە کە ئامانجیان چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانە بەپێی بنەماکانی دەستوور.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ سەقامگیریی سەرجەم عێراق گرنگە. ڕاستە کێشە لەنێوان هەردوو لادا هەیە، بەڵام ئیرادە و نیەتێکی باش بۆ چارەسەرکردنیان بەدی دەکرێت. لەبەر ئەوەی لە ڕابردوودا دەسەڵات بە شێوازێکی تەندروست بەکارنەهاتووە، کێشەکان کەڵەکە بوون، بۆیە ئەرکی سەرشانی هەمووانە بەرپرسیارەتی هەڵبگرن بۆ چارەسەرکردنیان."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەکانی ڕابردوودا هەوڵی زۆری داوە و ئێستاش لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا پشتگیریی خۆیان دووپات کردووەتەوە و بەشێکن لەو حکوومەتە، بە ئامانجی ئەوەی تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر ببن.

سەرۆکی نوێنەرایەتیی هەرێم ڕوونیشی کردەوە، "گەرچی هۆکار لەپشت دروستبوونی کێشەکانەوە هەن، بەڵام دەستوور مەرجەعی سەرەکییە بۆ چارەسەر. بۆ ئەم مەبەستەش ئاڵوگۆڕی شاند لەنێوان هەرێم و بەغدا بەردەوامە. هەرچەندە لە ڕابردوودا ڕێککەوتن کراوە و جێبەجێ نەکراوە، بەڵام ئێستا هەوڵی جدی هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی."

لەبارەی کێشە داراییەکانەوە، فارس عیسا گوتی، "یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان بابەتی داراییە، لەوانە، داهاتی نەوتی و نانەوتی و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا. بەهۆی ئەو دۆخەی لە ناوچەکەدا دروست بووە، داهات کەمی کردووە، پێشتر هەرێم مانگانە ۱۲۰ ملیار دیناری ڕەوانەی بەغدا دەکرد، بەڵام بەهۆی دابەزینی داهاتەوە، پێویستە پێداچوونەوە بەو پرۆسەیەدا بکرێت."

لە کۆتاییدا فارس عیسا جەختی کردەوە کە پێویستە بەیەک چاو سەیری سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق بکرێت و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکرێن. گوتیشی، "پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەک مافێک سەیر بکرێت و نەکرێتە کارتی سیاسی، بەڵکو هاوتەریب لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق خەرج بکرێت."

 

بڵند ئیبراهیم