کەرکووک-KDP.info- لە چوارچێوەی کار و پلان و بەرنامەکانی بەشی ڕێکخستنی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ۲۸ی ئەیلولی ۲٠۲٦، د. ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستن، بە ھاوڕێیەتیی ژمارەیەک لە ھەڤاڵانی بەشی ڕێکخستن و بە ئامادەبوونی یاریدەدەر و ئەندامانی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک ـ گەرمیان ـ خانەقین، سەردانی لقی ۲٥ی دەوروبەری کەرکووکی کرد.
لە دیدارێکدا کە بەرپرس و کارگێڕانی لق، بەرپرس و کارگێڕانی ڕێکخستنی ناوچەکان و بەرپرسی ڕێکخراوەکان ئامادەی بوون، بە وردی سەرجەم ئەو خاڵانەی لە بەرنامەی کاری بەشی ڕێکخستندا ھەن شیکرانەوە، بە مەبەستی برەودان بە ئاستی چەندایەتی و چۆنایەتیی ڕێکخستنەکان و ئەنجامدانی ئامادەکاریی زیاتر بۆ بەھێزکردنی کاری ڕێکخستن لە سنووری لقی ۲٥.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، وردەکاریی ھەڵسەنگاندن بۆ ڕۆڵی ڕێکخستنەکان لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا کرا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیدان بە خاڵە بەھێزەکان و نەھێشتنی کەموکوڕییەکان.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، دەرگای پرسیار و گفتوگۆ بۆ ھەڤاڵانی ئامادەبوو کرایەوە و وەڵامی پێویست بۆ پرسیار، پێشنیار و بۆچوونەکانیان درایەوە.

