Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جەخت لە ڕێنماییەکانی مەسروور بارزانی بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان کرایەوە

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و بنبڕکردنی ڕۆتین لە دامەزراوەکاندا، مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی یەکە ئیداری و حزبییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کۆبووەوە و جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٨-٩-٢٠٢٦ بە سەرپەرشتی دکتۆر پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر، و ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، و چیا محەممەد ھەرکی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکان و ئۆرگانە حزبییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سوپاسی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە کرا، بەھۆی ھەوڵ و ماندووبوون و دڵسۆزیی بەردەوامیان لە پێناوی خزمەتکردنی ھاووڵاتیان و بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی.

لە بەشی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر ڕێنماییەکانی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کرایەوە، بە تایبەتی لەبارەی پابەندبوون بە یاسا و ڕێوشوێنە کارپێکراوەکان، بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، دابینکردنی ئاسانکاریی زیاتر بۆ ھاووڵاتیان و کەمکردنەوە و بنبڕکردنی ڕۆتین لە پڕۆسەی جێبەجێکردنی کاروبارەکانی ھاووڵاتیان.

لە کۆبوونەوەکەدا، گرنگی ھاوکاری و ھاوئاھەنگی زیاتر لەنێوان دامەزراوەکان و یەکە ئیدارییەکان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان جەختی لێکرایەوە.