ھەولێر-KDP.info- بە بۆنەی (٦٣)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەر و ھەڤاڵانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و سەرجەم کادیر و کارمەندانی ئێزگەی دەنگی کوردستان دەکات.
دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.
بەڕێزان/ بەڕێوەبەر، ھەڤاڵانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و سەرجەم کادیر و کارمەندانی ئێزگەی دەنگی کوردستان
ئەمڕۆ (٦٣)یەمین ساڵیادی ئێزگەی دەنگی کوردستانە؛ ئەو ئێزگەیەی بە بڕیاری (بارزانیی نەمر) لە ڕۆژی (٢٨ / ٩ / ١٩٦٣) دامەزرا.
ئەو بڕیارە لەو ڕۆژگارەی ئەوسادا، لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریدا ھەنگاوێکی گرنگ و کاریگەر بوو بۆ جۆشدانی ھۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانی و بەرجەستەکردنی ماف و ئامانجەکانی گەلەکەمان.
ئێزگەی دەنگی کوردستان ڕۆڵێکی زۆر و مەزنی بینی لە خزمەتکردنی میدیا و ڕۆشنبیریی سیاسیدا، کە شانبەشانی خەباتی پێشمەرگە دلێرەکان و ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، بوێرانە توانی پێگەی خۆی بەھێزتر بکات بۆ بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و زۆرداری.
ئەمڕۆش ئێزگەی دەنگی کوردستان وەک سەکۆیەکی بەسەنگ و دێرین جێدەستی دیارە و ھەردەم پێشەنگ بووە لە گەیاندنی پەیام، دەنگ و سەدای گەلەکەمان بە جەماوەر و جیھان. دیارە ئەمەش بۆ پلان و بەرنامەی ڕێکوپێکی ستاف و کادیرانی ماندوونەناسی ئێزگەکە دەگەڕێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، ئەو ئێزگەیە بە خاوەن گەنجینەیەکی بێوێنەی مێژووی ئەرشیڤکراوی دەوڵەمەندی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان دادەنرێت؛ بۆیە ئەو دەنگە زوڵاڵە مایەی شانازی و دەستخۆشییە.
لەو دەرفەتەدا، وێڕای گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی ھێژا و بیسەرانتان، دووبارە پشتیوانیی خۆمان بۆ ئێزگەی دەنگی کوردستان دووپات دەکەینەوە و ئومێدەوارین بۆ کارنامەی داھاتووتان بە پلانی ڕێکوپێک زیاتر بەرەو پێش بچن و خزمەت بە دۆزە ڕەواکەمان و کولتوور و فەرھەنگی ھەمەڕەنگی کوردستان بکەن.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦