هەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی بە بۆنەی تێپەڕبوونی 63 ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستاندا پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ستایشی ڕۆڵی مێژوویی ئێزگەکە دەکات لە گەیاندنی دەنگی شۆڕش، داستانەکانی پێشمەرگە و پەیامی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان بە دنیا.
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ 63ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەڕێوبەر و کارمەندانی ئێزگەی دەنگی کوردستان
بە بۆنەی شەست و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی خۆشەویست و جەماوەر و لایەنگرانی پارتی و خەڵکی کوردستان دەکەم.
دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان هەنگاوێکی گرنگی سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول بوو لەپێناو گەیاندنی دەنگی شۆڕش و هەواڵەکانی نەبەردیی و داستانەکانی پێشمەرگە و بەرزکردنەوەی ورە و جۆش و خرۆش و خۆڕاگریی گەلی کوردستان. هەروەها ڕێگەیەکی سەردەمیانە بوو بۆ خستنەڕووی مەزڵوومییەتی گەلی کوردستان و گەیاندنی پەیامی دۆزە ڕەواکەی بەڕای گشتیی عێراق و ناوچەکە و دنیا.
لەم بۆنەیەدا، سوپاسی هەموو ئەو خەباتگێڕ و تێکۆشەرانە دەکەم کە لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان هەتا ئێستا ڕۆڵیان لە بەردەوامی و زیندووهێشتنەوەی دەنگی دلێری ئێزگەی دەنگی کوردستاندا هەبووە.
هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.
مسعود بارزانی
٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦