Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی شەهیدان و دەزگای شەهیدانی عێراق یاداشتی هاوتاکردنی مووچەیان واژۆ کرد

ھەولێر-KDP. info-  عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عەبدولئیلا وائیلی، سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق یاداشتێکییان واژۆ کرد و بە گوێرەی یاداشتەکە، لەمەودوا مووچەی کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان هاوتای عێراق دەکرێت.

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو لێکتێگەیشتنەی ئەمڕۆ لەگەڵ دەزگای شەهیدانی عێراق واژۆ کرا دەبێتە سەرەتایەکی گرنگ بۆ پشتیوانی لە ماف و شایستەکانی کەسوکاری شەهیدان.

عەبدولئیلا وائیلی، سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق رایگەیاند، ئامانج لە رێککەوتنەکە کارکردنی هاوبەش و ئاسانکارییە بۆ رایی کردنی مامەڵەی کەسوکاری شەهیدان، هەروەها ئاشکراکردنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و دروستکردنی سیستمێکی ئەلکترۆنیی هاوبەش، لەگەڵ هەوڵدانی بەردەوام بۆ ناساندنی تاوانەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.