هەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فرەچەشنکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات، کارگەی (تەکنەلۆجیای زێڕین ٢) وەک پڕۆژەیەکی پێشکەوتووی پیشەسازی، دەستی بە بەرهەمهێنانی ئامێری ئەلیکترۆنی و مۆبایلی زیرەک کردووە و ڕۆژانە و مانگانە هەزاران ئامێر بەرهەم دەهێنێت.
دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "کارگەی تەکنەلۆجیای زێڕین ٢ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانە، دوای دانانی بەردی بناغەی لەلایەن ڕێزدار سەرۆکی وەزیران و دەستبەکاربوونی لە هەولێر، ئێستا بە شارەزایی پسپۆڕانی چینی چەندین جۆر ئامێری زیرەک دروست دەکات. ئاستی بەرهەمهێنانی ئەم کارگەیە لە مانگێکدا دەگاتە ٤٥ هەزار مۆبایلی زیرەک."
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بە کوالیتیی بەرهەمەکان و بازاڕکردنیان کرد و گوتی، "ئامێرەکان بە کوالیتییەکی زۆر بەرز بەرهەم دەهێنرێن و گرەنتیی یەک ساڵیان لەگەڵدایە، هەروەها جگە لە پێداویستیی ناوخۆ، بۆ وڵاتانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش هەناردە دەکرێن."
دکتۆر محەممەد شوکری جەختی لەسەر ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و دەستی کاری ناوخۆیی کردەوە و گوتی، "لە کارگەی تەکنەلۆجیای زێڕین ٢ دەرفەتی کار بۆ زیاتر لە ۲۲۰ کەس ڕەخسێندراوە، کە ٩٨٪ـی ئەو کارمەندانە خەڵکی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێرن."
جێگەی وەبیر هێناونەوەیە ڕۆژی چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی کارگەی (تەکنەلۆجیای زێڕین 2)ـی لە هەولێر دانا.
ئەژین غەفار