Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. نەزاکەت بۆ KDP.info: عێراق و کوردستان کار لەسەر سێ کۆڵەکەی سەرەکیی پرۆسەی خوێندن دەکەن

سلێمانی-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی زانکۆکان، هاوکات ئاشکرای دەکات کە خاوەنی پڕۆژەیەکی تایبەتە بۆ گونجاندنی سیستەمی خوێندن لەگەڵ تەکنەلۆژیای سەردەم و زیرەکیی دەستکرد.

د. نەزاکەت حوسێن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی خوێندنی باڵا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لە کاتێکدا زۆربەی یاسا دەرچووەکان تایبەتن بە زانکۆکانی عێراق، بەڵام هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی و نوێگەریی خۆی لە پەروەردە و خوێندنی باڵادا هەیە. ئێمە کار لەسەر دۆسیەکانی مۆڵەتی زانکۆکان و دیاریکردنی کورسییەکانی خوێندن دەکەین، لەوانەش ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی تایبەت بە مۆڵەتی زانکۆی گەرمیان بەڕێوە دەچێت."

د. نەزاکەت حوسێن ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیەک کراوە بۆ باشترکردنی کوالیتیی خوێندن لە زانکۆ ئەهلییەکاندا کە زانکۆکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. ڕوونیشی کردەوە کە لە کۆبوونەوەی ئامادەکراو لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ ئەهلییەکان جەخت کراوەتەوە لەوەی لە ئایندەدا ڕێگە بە کەرتی تایبەت نادەرێت ئەو بەشانە بکەنەوە کە توانای دابینکردنی کوالیتیی پێویستیان نییە.

ئەندامەکەی لیژنەی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تەوەرە سەرەکییەکانی کارکردنی لیژنەکە و داکۆکیکردن لە پشکی کوردستانی خستەڕوو گوتی، ''جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی ماف و پشکی زانکۆ و قوتابییانی هەرێمی کوردستان لە کۆی ئەو زەمالە و کورسییە خوێندنانەی لەسەر ئاستی عێراق و دەوڵەتان ڕادەگەیەنرێن، بەستنەوەی پرۆسەی خوێندن بە گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان، لە سەرووی هەموویانەوە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد (AI) لە زانکۆکاندا، بە جۆرێک هەر زانکۆیەک نەتوانێت خۆی لەگەڵ پێشکەوتنەکان بگونجێنێت، ناتوانێت گەشە بکات، هاوکات هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و کوردستان کار لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی سێ کۆڵەکەی سەرەکیی پرۆسەی خوێندن دەکەن کە بریتیین لە (مامۆستا، مەنهەج و قوتابی).

لە کۆتاییدا د. نەزاکەت حوسێن جەختی کردەوە، "پڕۆژەی تایبەتی خۆمم دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتیی خوێندن لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان، چونکە خوێندن پرۆسەیەکی بەردەوامە و پێویستی بە نوێکردنەوەی هاوچەرخانە هەیە."

 

عەزیز ڕەسووڵ