Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مامۆستایانی ئایینی لە ڕێگەی KDP.infoوە داوا لە هاووڵاتییان دەکەن ئەم سامانەی کوردستان بپارێزن

سلێمانی-KDP.info- مامۆستایانی ئایینیی ئیسلام جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ڕێنمایییەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، قورئانی پیرۆز و فەرموودەکانی پێغەمبەر (د.خ) بە ڕوونی هانی مرۆڤایەتی دەدەن بۆ پاراستنی سروشت، گەشەپێدانی دارستانەکان و میهرەبانی بەرامبەر ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان. هاوکات ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرپێچیکردنی یاساکانی پاراستنی ژینگە لە ڕووی شرعییەوە تاوانە.

لەو بارەیەوە شێخ محەمەد عەلی سانی حوسامەدین، سەرپەرشتیاری خانەقا و مەرقەد و مەدرەسەی حەزرەتی شێخ عوسمان سراجەدینی تەوێڵە، لێدوانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر فەرموودەکانی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) دا و جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی ڕێزگرتن لە سروشت بەگشتی و ڕایگەیاند، "پاداشتی گەورە دیاری کراوە بۆ ئەوانەی پارێزگاری لە درەختەکان دەکەن و دەیانڕوێنن، چونکە چاندنی درەخت و ڕاگرتنی ژینگە کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر کەمکردنەوەی تاوانەکانی مرۆڤ لە ڕۆژی دواییدا."

سەرپەرشتیاری خانەقا و مەرقەد و مەدرەسەی حەزرەتی شێخ عوسمان سراجەدینی تەوێڵە زیاتر گوتی، "لە قورئانی پیرۆزدا کوشتنی ناڕەوای هەر گیاندارێک بەراورد کراوە بە کوشتنی تەواوی مرۆڤایەتی، لە بەرامبەردا ڕزگارکردنی گیانی ئاژەڵێک یان باڵندەیەک لە تینوێتی و برسییەتی، وەک زیندووکردنەوەی تەواوی مرۆڤایەتی ئەژمار دەکرێت."

هاوکات مامۆستا ئاوات نەقشبەندی، وتاربێژی ئایینی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "نیشتمانی کوردستان لانکەی دووەمی مرۆڤایەتییە لە پاش لافاوەکەی حەزرەتی نووح (س.خ) کە کەشتییەکەی لە خاکی کوردستان لەنگەری گرت. قورئانی پیرۆز ئاژەڵ و ڕووەکەکانی وەک ئومەت و گەلی جیاواز ناساندووە و ڕێزگرتن لێیان فەریزەیەکی ئایینی و دەستکردی پەروەردگارە."

نەقشبەندی ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سەردەمی ئێستادا خواردن بەراورد بە ڕابردوو زۆر بووە و پێویستی بە ڕاوکردن نییە، بۆیە ڕاوکردنی ناڕەوای ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان کارێکی دزێوە بەرامبەر سروشت و ژینگەی نیشتمانەکەمان.

لە لایەکی ترەوە، مامۆستا هێمن بیرەسپانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان تەوەرێکی فقهیی خستە ڕوو و ئاماژەی بە ڕێسای فقهیی (المَعْرُوفُ عُرْفًا كَالْمَشْرُوطِ شَرْطًا) کرد کە دەڵێت ئەوەی بووەتە عورف و دابونەرێت، وەک مەرجی شرعی وایە.

بیرەسپانی گوتی، "پابەندبوون بە یاسا و ڕێنماییەکانی دەوڵەت بۆ قەدەغەکردنی ڕاوکردن بە مەبەستی پاراستنی سامانی ئاژەڵی، لە ڕووی شرعییەوە واجبە، چونکە بەرژەوەندیی گشتیی تێدایە. ڕێزگرتن لە ئاسک و ئاژەڵە کێوییەکانی کوردستان بووەتە عورفێکی کۆمەڵایەتی، لەبەر ئەوە، هەرچەندە گۆشتی ئاژەڵێکی ڕاوکراو لە ڕووی شرعییەوە حەڵاڵ بێت، بەڵام ڕاوچییەکە تاوانبار دەبێت، چونکە ڕێنماییەکانی فەرمانڕەوای پێشێل کردووە و زیانی بە بەرژەوەندیی گشتی گەیاندووە."

ئەو مامۆستا ئایینییە داوای لە هاووڵاتییان کرد بە هۆشیارییەوە بەرەنگاری دیاردەی ڕاوکردنی ناڕەوا ببنەوە تا ئەم سامانە سروشتییە جوانەی کوردستان بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزرێت.

 

عەزیز ڕەسووڵ