Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕیفراندۆم لوتکەی سەروەری بڕیارێکی بوێرانە لە زەمەنێکی مێژووییدا!

شیلان محەمەد زەنگەنە

لە مێژووی هزری سیاسی و  چەمکی دەوڵەتدا، مافی چارەی خۆنووسین درێژبوونەوەی سروشتیی بوونی مرۆڤە لە چوارچێوەی کۆمەڵە نەتەوەییەکاندا، لە سەدەی هەژدەهەمدا، فەیلەسووفی مەزن ژان ژاک ڕۆسۆ لە ڕێگەی تیۆریی (گرێبەستی کۆمەڵایەتی) و (ئیرادەی گشتی)یەوە بناغەی ئەو ڕاستییەی داڕشت کە دەسەڵات تەنیا لە ڕەزامەندیی ئەو کەسانەوە سەرچاوە دەگرێت کە بەڕێوەیان دەبات، هەروەها، لە سەدەی بیستەمدا، لە چوارچێوەی پرەنسیپەکانی وودرۆ ویلسۆن و دواتر لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا، ئەم مافە بوو بە پێوەرێکی ئەخلاقی بۆ هەڵسەنگاندنی شەرعییەتی دەوڵەتان، بۆ نەتەوەیەکی ستەملێکراو و خاوەن مێژووی وەکو گەلی کوردستان.

سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم، بژاردەیەکی سیاسیی دوورمەودان و لوتکەی گوزارشتکردنن لەو (ئیرادی گشتی)یە کە هیچ هێزێک ناتوانێت بۆ هەتاهەتایە لەناوی ببات، لە شیکاریی دۆخە سیاسی و ئابوورییەکاندا، هەمیشە پێویستە جیاکارییەکی ڕیشەیی لە نێوان قەیرانە هەنووکەییەکانی وەک گوزەران، ئابووری و کارگێڕی لە لایەک و پرەنسیپە نەگۆڕە نەتەوەیی و مێژووییەکان لە لایەکی ترەوە بکرێت، چونکە وەک چۆن چاودێرانی سیاسی و ئەو کەسایەتییانەی لە ساڵی (2005)ـەوە لە نزیکەوە ئاگاداری وردەکارییەکان و گرێکوێرە سیاسییەکانی ئەم هەرێمە بوون ئاماژەی بۆ دەکەن، تێکەڵکردنی قەیرانە دروستکراو یان ئاساییەکانی ڕۆژانە بە کێشەی ڕەسەنی سەربەخۆییەوە، هەڵەیەکی میتۆدۆلۆژی و سیاسییە.

قەیرانی ئابووری دیاردەیەکی کاتی و تێپەڕە، بەڵام شکۆ و سەروەریی نەتەوەیەک بەندە بە ئیرادەی خۆڕاگری و نەشکانییەوە و هیچ قەیرانێک ناتوانێت کەرامەتی نەتەوەیەک بسڕێتەوە ئەگەر ئیرادەی سیاسی بۆ مانەوە و سەربەخۆیی زیندوو بێت.

لەم سۆنگەیەوە، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ساڵی (2017) لە ڕوانگەی هزری سیاسی و دیپلۆماسییەوە، بڕیارێکی بوێرانە و ساتێکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی مەزن بوو، کە تێیدا گەلی کوردستان لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە، بە شێوازێکی کامڵانەی دیموکراسی، ئاشتیخوازانە و شارستانی، بڕیاری خۆی دایە دەست جیهان، وەک چۆن فەیلەسووفی گەورەی ئەڵمانی ئیمانوێل کانت لە فەلسەفەی (ئاشتیی هەمیشەیی)دا جەخت لەسەر مافی گەلان دەکاتەوە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان، ڕیفراندۆمیش گوزارشت بوو لەو پێویستییە هزری و مێژووییە.

ئەم پرۆسەیە بووە مێژوویەکی زێڕین و شانازییەکی مەزن کە بە سەرکردایەتیی مێژوویی و نیشتمانیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و بە نوێنەرایەتیی سەرجەم هێزە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە ئەنجام درا، چونکە مێژوو هەمیشە حوکم لەسەر بوێریی ئەو سەرکردانە دەدات، کە لە ساتە دژوار و ناخۆشەکاندا بڕیاری مێژوویی دەدەن، نەک ئەوانەی لە ڕیشەی ناسنامە و کوردبوونی خۆیان دەترسن، وەک دەڵێن، (نامەردییە لە کوردبوون ڕابکەی، دووجار نامەردییە بازرگانی پێوە بکەیت).

لە کۆتاییدا، دەبێ تێگەیشتنێکی قووڵمان هەبێت بۆ ئەوەی کە دەوڵەت و سەربەخۆیی لە زەمەنی مۆدێرندا نابێ تەنیا وەک ئامانجێکی ئابووری لێی بڕوانین، بەڵکو دەبێ وەک قەڵایەک تەماشای بکەین بۆ پاراستنی بوونی مرۆیی، کلتووری و سیاسیی نەتەوەیەک.

بێگومان شکۆی نەتەوەیی بە پیلانی دەرەکی یان بەربەستە کاتییەکان لەناو ناچێت، بەڵکو ڕیفراندۆمی (2017) وەک بەردی بنەڕەتی لە ئاوەدانکردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەییدا تا کۆتایی مێژوو بە بەرزی دەمێنێتەوە، کە کورد و سەرکرسایەتییەکەی (سەرکردەی هەموو هێزە سیاسییەکانی 9 ساڵی لەمەوبەر) و بەتایبەت جەنابی سەرۆک بارزانی، تا قامی قیامەت خاوەندارێتی دەکەن.