ئەورووپا-KDP.info- بەرپرسی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان بەرھەمی مێژوویەکی درێژ لە خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمان بوو، ھاوکات جەخت دەکاتەوە کە ڕەوەندی کوردستانی لە تاراوگە ھەمیشە وەک باڵیۆزی ئازادی و سەنگەرێکی بەھێزی بەرگری لە دۆزی ڕەوای کوردستان لە ئەورووپا دەمێنێتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرھەد غەفووری، بەرپرسی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی تەنیا بڕیارێکی وەختی نەبوو، بەڵکوو ئەنجامی مێژوویەکی درێژ لە خەبات و کۆڵنەدان بوو، لەو ڕۆژە مەزنەدا ٩٣٪ی دەنگی ڕەوای گەلی کوردستان سەلماندی کە گەلەکەمان لەپێناو بەدەستھێنانی ئازادی و مافی دیاریکردنی چارەنووسیدا یەکدەنگ و یەکھەڵوێستن."
بەرپرسی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی کوردانی تاراوگە کرد و گوتی، "ڕەوەندی کوردستانی و ڕێکخستنەکانمان لە ئەورووپا، لە ھەموو یاد و گۆڕانکارییە مێژووییەکاندا ڕۆڵێکی سەنگین و کاریگەریان بینیووە، دوورییان لە خاکی نیشتیمان، ھەرگیز نەبووەتە ڕێگر لەوەی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلەکەیان بکەن و وەک سەنگەرێکی بەھێزی دیپلۆماسی و جەماوەری لە ئەورووپا ببنە پشتیوانی مافە ڕەواکانی کوردستان."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرھەد غەفووری جەختی کردەوە، "ڕیفراندۆم نەخشەڕێگە و وانەیەکی گەورەیە بۆ داھاتوو، کە تەنیا بە یەکڕیزی، تەبایی و ئیرادەی ھاوبەش دەتوانین بگەینە ئامانجە لەمێژینەکانمان و پارێزگاری لە دەستکەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان بگەینین."
هەڵکەوت محەممەد