Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕیفراندۆم باڵاترین بەڵگەی دیموکراتیی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی

زاگرۆس فەتاح

ڕیفراندۆمی گەلی کوردستان بە ڕابەرایەتیکردنی سەرۆک مەسعود بارزانی ساتەوەختێکی گرنگ و مێژویی بوو کە تێیدا ڕێژەی زیاتر لەسەدا نەوەدی خەڵکی کوردستان بە ناوچە داگیرکراوەکانیشەوە دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان و بەدەست ھێنانی مافی چارەنوسی خۆیان دا.

گرنگی ڕیفراندۆم لەوەدا بوو کە پرۆسەیەکی تەواو دیموکراسی و ئازادانە بوو، خەڵک بەتەواوی ئازاد بوو لەوەدا کە (دەنگ دەدات یان دەنگ نادات، دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدات یان دەنگ بۆ مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا) ھەر بۆیە دەبوو دەوڵەتانی دیموکراسیخوازی جیھانی پشتگیریان بکردایە نەک پشتی تێبکەن تا ئەوە ببێتە دەرفەتێک بۆ لێدان لەو خواستە ڕەوایەی گەلی کوردستان لەلایەن دوژمنەکانیەوە لە عێراق و ناوچەکەدا.

خەڵکی کوردستان لە ڕیی ڕیفراندۆمەوە بە جیھانیان سەلماند کە کورد نەتەوەیەکە سەربەخۆیی و دەوڵەتی تایبەت بەخۆی دەوێت، ئەوەش مافێکی ڕەواو خەونێکی لە مێژینەو ئامانجێکی گرنگ و ستراتیجیە کە ھەرگیز دەستبەرداری نابێت.

ڕیفراندۆم تاپۆی سەربەخۆییە لە گیرفانی گەلی کوردستاندا، ڕۆژێک دێت ئەگەر نەوەکانی ئێستاش نەتوانن ئەوا نەوەکانی داھاتوو ئەو تاپۆیە دەکەنە پردی پەڕینەوە بۆ سەربەخۆیی و بەئامانج گەیشتن و ھێنانەدی خەونی مێژوویی ئەم گەلە قوربانیدەر و کۆڵنەدەرە.

لەم یادە پیرۆز و مێژوییەدا دەستی ڕێز بەسنگەوە دەگرین بۆ ھەوڵ و ماندوبوون و خەمخۆری و پێداگیری سەرۆک مەسعود بارزانی کە وێرای ئاستەنگ و ھەڕەشەکان کۆڵی نەدا و ئەم پرۆسە مێژوییە گرنگەی بە ئەنجام گەیاند.

سەری ڕێز لە ئاستی خەمخۆری و بەشداری پڕ لە حەماسەتی خەڵکی کوردستان دادەنەوێنین کە بۆ جیھانیان سەلماند لە سەربەخۆیی کەمتر خواستی ئەم گەلە بەدی ناھێنێت و خەبات و قوربانیدانی کۆتایی پێ ناھێنێت.