هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی بۆردی گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕایدەگەیەنێت، وتاری ئەمڕۆی هەینی لە مینبەرەکانی مزگەوتەکانی کوردستانەوە تایبەت دەبێت بە ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، هاوکات جەخت دەکاتەوە، بەرگریی لە خاک و گەیشتن بە مافی چارەنووس، فەرمان و ئەرکێکی ئایینی و شەرعییە پێش ئەوەی نیشتمانی بێت.
لەبارەی وتاری ئەمڕۆی هەینی دکتۆر عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، ئەندامی بۆردی گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لە نۆیەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی گەلی کوردستاندا، گوتاری ئەمڕۆی نوێژی هەینی تیشک دەخاتە سەر چەندین لایەنی گرنگی ئەو هەنگاوە مێژووییەی گەلی کوردستان، کە وەک دەستکەوتێکی مەزنی نەتەوەیی و نیشتمانی لە مێژوودا تۆمار کراوە."
شێرکاوەیی باسی لەوە کرد کە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی وتاری هەینی جەختکردنەوە دەبێت لەسەر ئەوەی ئازادی مافێکی بنچینەیی و سروشتییە و خوای گەورە بە یەکسانی بە هەموو گەلانی دنیای بەخشیوە، نابێت ئەم مافە تەنها بۆ گەلێک بێت و گەلێکی دیکە پەراوێز بخرێت، یاخود سەرکردەیەک لە دونیا بە ویستی خۆی بە گەلێکی ببەخشێت و گەلێکی دیکەی لێ بێبەش بکات، بەڵکوو مافێکی خودادادە و بۆ هەموو نەتەوەیەک دەستەبەر کراوە."
دکتۆر شێرکاوەیی گوتیشی، "شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام لە پێناو پاراستنی کەرامەت، چەسپاندنی دادپەروەری و رزگارکردنی گەلان لە ژێردەستەیی و ستەمکاری هاتووە، لەبەر ئەوە بەرگریکردنی گەلان لە ئازادیی خۆیان مافێکی شەرعییە و بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان و گەیشتن بە مافی چارەنووس، ئەرکێکی ئایینییە بەر لەوەی نیشتمانی بێت."
ئەژین غەفار