Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر دەكات

ھەولێر-KDP. info-  ڕۆژی چوارشەممە 23ی ئەیلوولی 2026 سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ماكسیم ڕۆبین كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر كرد.

لەو دیدارەدا كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر كە بەبۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی و بەمەبەستی ماڵئاوایی سەردانی سەرۆك بارزانیی كردبوو، پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان گەلی كوردستان و وڵاتەكەی. هەروەها ئەزموونی كاركردنی خۆی لە هەرێمی كوردستان بە نموونەیی وەسف كرد و سوپاسی سەرۆك بارزانی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانی كرد كە لە ماوەی كاركردنیدا هاوكار و یارمەتیدەری بوونە لەسەرخستنی كاركردنیدا. ئەوەشی ڕاگەیاند هەرێمی كوردستان بۆ ڕووسیا پێگەی تایبەتی هەیە و هەمیشە جێگەی بایەخ بووە لە هاوكێشەكانی عێراق و ناوچەكەدا.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی ڕۆڵی كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێری كرد لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كاری تازەیدا. هەر لەو دیدارەدا جەخت لە پەیوەندیی مێژوویی و دۆستایەتیی دێرینی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ڕووسیا و بەردەوامی و قووڵتركردنەوەی پەیوەندییەكان كرایەوە.