Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە کۆیەی ڕاپەڕینەوە تا سەنگەری یەکخستنەوە

دکتۆر عرفان عەزیز

یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگ و ستراتیژییەکان بۆ هەرێمی کوردستان، ئەم یەکخستنەوەیە تەنیا بڕیارێکی سیاسی، ڕێککەوتن، یان ویستی هاوپەیمانان نه‌بوو، بەڵکو ئیرادەیەکی نیشتمانیی بێچەندوچۆن بوو تا کۆتایی بەو قۆناغە بهێنێت کە پێشمەرگە وەک کارتێکی حزبی و درێژکراوەی شەرعییەتی هێز لە دوای شەڕی ناوخۆوە تەماشا بکرێت. کوردستان قۆناغێکی مێژوویی گرنگی بڕی لە تێپەڕاندنی ئەو ترسەی کە گوایا هێنانی پێشمەرگە بۆ ناو دامەزراوە فەرمییەکان، دەسەڵاتی حزبی زەرەرمەند دەکات.

هەوڵی یەکخستنەوەی پێشمەرگە، هەمیشە لە ڕوانگە و گوتاری سەرۆک بارزانی وەک بنەمایەکی سەرەکی ڕەنگی داوەتەوە، ئیرادەی بەهێزی سەرۆک بارزانی بوو وایكرد ئەم قۆناغە بە چاوی خۆمان ببینین، هەر وەکو سەرۆک بارزانی هەمیشە جەختی لێ کردووەتەوە، (پێشمەرگە بەرگری لە خاک و کەرامەتی خەڵکی کوردستان دەکات، نە قبوڵیەتی کەس دەستدرێژی بکاتە سەر کوردستان و نە خۆشی دەستدرێژی دەکاتە سەر هیچ لایەنێک، بۆیە ناکرێت لە ئاستی جیهان پێشمەرگە وەک شەڕکەر سەیری بکرێت، بەڵکو دەبێت ئەم هێزە لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەت ببێتە هێزێک کە لە دەرەوەی ویستی حزبی بێت).

ئەم ڕاستییە لە ڕێوڕەسمی فەرمیی ڕاگەیاندنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا زەقتر بووەوە، لەو ڕێوڕەسمەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی مێژوویی جەنابی سەرۆکی بیرهێنایەوە و گوتی، (بەردەوامیی ئەم هەوڵانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٦، کاتێک سەرۆک بارزانی پڕۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستپێکرد، ئەمەش لەکاتێکدا بوو کە هێزی پێشمەرگە لەژێر فەرماندەیی جەنابی سەرۆکدا ئەفسانەی داعشی تێکشکاند). سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەش دا کە هێزی پێشمەرگە بە فەرمانی سەرۆک بارزانی لە ساڵی ٢٠١٤ چوونە کۆبانێ تا بەرگری لێ بکه ن و لاپەڕەیەکی پرشنگداریان تۆمار کرد، بۆیە ئەم بۆنەیە هێنانەدیی ئەو پرۆسە مێژووییەیە کە گەلی کوردستان ساڵانێک بوو چاوەڕێی دەکرد.

هاوکات، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا پشتڕاستی کردەوە کە ئەم دەستکەوتە ڕەنجی سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆکە و گوتی، (لە چوار ساڵی ڕابردوودا، لە ژێر ڕێنمایی و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆک بارزانی و بە هاوکاری و پشتیوانیی بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دۆستانمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان، دوای چەندین کۆبوونەوە و کارکردنی چڕ و کاری بێوەستان، توانیمان بگەینە ئەم قۆناغەی ئێستا کە ئەمڕۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ڕابگەیەنین). هەر لەبەر ئەمەیە وەزیری پێشمەرگەش بە شێوەیەکی فەرمی سوپاسی تایبەتی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ پشتیوانییە نەپچڕاوەکانی.

سەرۆک بارزانی هەمیشە ئیرادەیەکی بەهێز بووە بۆ ئیدارەدانی کوردستان، لە گوتارە مێژووییەکەی ساڵی ١٩٩٢ی کۆیەوە کە باسی لە دروستکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و هەڵبژاردن کرد، تا دەگاتە ئەمڕۆ. ئێستا لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، پێشمەرگە هێزێکی دانپێدانراوە و دوای ڕاگەیاندنی یەکخستنەوەکە، ئەندامانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە بەیاننامەی فەرمی پشتیوانیی خۆیان دووپات کردەوە. ئەمەش دەروازەیەكی گرنگە تا حکوومەتی هەرێم لە بەغدا بەهێزتر داوای مافە دەستوورییەکانی پێشمەرگە بکات، چونکە چیتر هیچ بیانوویەک نەماوە و هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانیی لە چوارچێوەی وەزارەتدایە.

ئەم گۆڕانکارییە مێژووییە پێمان دەڵێت، ئەگەر ناکۆکییە حزبییەکان وەلا بنرێن و ئیرادەیەکی بەهێز هەبێت، دەتوانین قەیرانە گەورەکان تێپەڕێنین.

ئێستاش ئەرکی حکوومەتی عێراقە پەلە بکات لەوەی لە بودجەی ساڵانی داهاتوودا بەپێی دەستوور شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە بدات و چیتر بیانوو نەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی مووچە و مافەکانی ئەم هێزە بەراوردی هێزەکانی دیکەی عێراق نەکرێت.