هەڵەبجە-KDP.info- دەستپێشخەرییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکخراوەکان و چالاکانی مەدەنی لە سەرتاسەری کوردستان، وەرچەرخانێکی ئەرێنییان لە ڕۆشنبیریی پاراستنی سروشتدا هێناوەتە ئاراوە، ئەمڕۆ هاووڵاتییانی کوردستان کاتێک ڕوو لە شاخ و کێوەکان دەکەن، شایەتی دیمەنێک دەبن کە تێیدا ڕووبەرە سەوزەکان بەرفراوانتر بوون و ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان بە ئازادی لە سروشتدا دەسوڕێنەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە ئاشتی و تەبابوونی مرۆڤ و ژینگە.

پەیوەست بەو پرسە هۆشمەن فارس، چالاکی ژینگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ژینگە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ژیانی ڕۆژانەی تاکی مرۆڤەوە هەیە. ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات بەراورد بە ساڵانی پێشوو، دیاردەی ڕاوکردن بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بەڵام دەبێت بە تەواوەتی کۆتایی پێ بهێنرێت بۆ ئەوەی هاوسەنگیی سروشت تێکنەچێت.
هۆشمەن فارس دەشڵێ، جگە لەو بەرزی ئاستی هۆشیاریەش، پێویستە یاسای توندیش بەرامبەر ئەو سەرپێچیکارانە هەبێ كە زیان بە ژینگە و ئاژەڵە كێویەكان دەگەیەنن.
هاوکات هۆگر ئەحمەد کە فۆتۆگرافەری سروشتە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''لە ڕێگەی کامێراکەمەوە جوانییەکانی کوردستان بۆ میدیا ناوخۆیی و عەرەبییەکان بڵاو دەکەمەوە. هۆگر دەڵێت، ''هەنگاوەکانی حکوومەت و زیادبوونی هۆشیاری، بە ڕێژەی ٧٠٪ کاریگەرییان لە پاراستنی ژینگەدا هەبووە، هەروەها گوتاری پیاوانی ئایینی سەبارەت بە گوناهی زیانگەیاندن بە ژینگە، ڕۆڵێکی دیاری لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەدا هەبووە.
زیادبوونی دارستانەکان و دیداری ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان لە شاخەکاندا، دەرئەنجامی ئەرێنیی هاوکاریی هاووڵاتییان، ڕێکخراوەکان و جێبەجێکردنی یاسایە. لەم بارەیەوە، بڕیار حەسەن، توێژەری کۆمەڵایەتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''مرۆڤ لە بنەڕەتدا لە ناو سروشتدا ژیاوە و پاشان گوند و شارەکانی دروست کردووە، ئەوەش وا لە مرۆڤ دەکات لە ناخیدا بەردەوام حەزی گەڕانەوە بۆ ناو سروشتی هەبێت تا لە کاتی پشووەکاندا دەروون و جەستەی ئارام بێتەوە، بەڵام دەبێت ڕێز لە سروشت بگرێت و نەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە باڵندە، ئاژەڵ و دارستانەکان.

گوتیشی، ''کێشە دەروونییەکان بەهۆی جەنجاڵیی ژیانەوە ڕوو دەدەن، بۆ هێوربوونەوە، چوونە ناو سروشت و بینینی جوانییەکانی و بیستنی دەنگی کانیاو و باڵندەکان، هۆکارێکی زۆر گرنگن بۆ ئارامبوونەوەی چاو و دەروونی مرۆڤ.
عەزیز ڕەسووڵ