هەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی سێناتی فەرەنسی کرد و پەیوەندیی و دۆستایەتیی لەمێژینەی نێوان فەرەنسا و ھەرێمی کوردستان دووپات کرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا کرد کە لە ھەرسێ سێناتۆر نیکۆل دۆرانتۆن سەرۆکی کۆمیتەی دۆستایەتیی فەرەنسا - عێراق، ڕێمی فێرۆ و ئۆلیڤیێ بیتز ئەندامانی کۆمیتەکە پێکھاتبوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا ئاڵوگۆڕ کرا.
شاندەکە ئاماژەیان بە پەیوەندیی و دۆستایەتیی لەمێژینەی نێوان فەرەنسا و ھەرێمی کوردستان دا و دووپاتیان کردەوە کە ھەرێمی کوردستان ھاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی فەرەنسایە.
سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پێزانینی ھەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی حکوومەت و گەلی فەرەنسا دەربڕی.
پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
