زکری مووسا
بڕیاری یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە کە سەرۆک بارزانی لە سەردەمی شەڕی دژ بە داعشدا بەردی بناغەی بۆ دانا، ھەنگاوێکی مێژوویی و چارەنووسسازە بۆ ھەرێمی کوردستان. ئەرکی سەرشانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانە کە بە بڕوایەکی کاملەوە پاڵپشتی لەم پڕۆسەیە بکەن و لە پێناو پاراستن و پتەوترکردنیدا ھەوڵ بدەن.
پێویستە ھەموومان بە ھەستێکی قووڵەوە لەوە تێبگەین کە پێشمەرگە، بەر لەوەی تەنھا ھێزێک یان چوارچێوەیەکی سەربازی بێت، ڕەمز و بەھایەکی نەتەوەیی قووڵە لە ویژدانی تاک بە تاکی کورددا. پێشمەرگە زادەی فرمێسک و خوێن و ئیرادەی پۆڵایینی گەلی کوردستانە لە پێناو مانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و داگیرکاریدا. ئەم ھێزە چەمکێکی بنەڕەتیی کولتووری سیاسی و شۆڕشگێڕیی کوردستانە و بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ناسنامەی مرۆڤی کورد. لەم سۆنگەیەوە، ھەر ھەنگاوێک بەرەو بەھێزکردنی پێشمەرگە بنرێت، ڕاستەوخۆ دەبێتە ھۆی بەھێزبوون و تۆکمەبوونی ئاسایش و سەقامگیریی ھەموو کوردستانییان.
تایبەتمەندییەکی دیاری پێشمەرگە کە لە سەرجەم ھێز و گرووپە چەکدارەکانی تر جیای دەکاتەوە ئەوەیە کە ھێزێکی خۆسەپێن، داگیرکار، شۆڤێنی، تایفی یان ئایدیۆلۆژی نییە، تەنانەت بۆ چرکەساتێکیش دەستی بەرەو تیرۆر، تۆقاندن یان بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی درێژ نەکردووە. پێشمەرگە، قەڵغانی بەرگرییە لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و گرێبەستێکی نەتەوەییە بۆ خزمەتکردنی ئاشتی و پاراستنی بەھاکانی پێکەوەژیان و تەبایی.
ھەرچەندە بەداخەوە ھەندێک دەنگ و ڕوانگەی سیاسی دەبینرێن کە ھەوڵی دروستکردنی گومان یان کەمکردنەوەی بایەخی ئەو پڕۆسەیە دەدەن، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بە دڵنیاییەوە کاریگەریی ئەرێنیی سیاسی و دەروونیی قووڵ لەسەر ھاووڵاتیان، ھێزەکانی پێشمەرگە، لایەنە سیاسییەکان و کۆی پڕۆسەی سیاسیی ھەرێم بەجێدەھێڵێت. ھاوکات لەسەر ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئەم ھەنگاوە وەرچەرخانێکی گرنگە لە ڕوانگەی ھاوپەیمانان بەرامبەر ھەرێم، و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵیش دەباتە ناو کەشێکی جددیتر و دامەزراوەییتر.
زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا بەتایبەت لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـیەوە تەنھا ھێزێک بووە کە ھیچ جۆرە ھەڕەشەیەکی بۆ سەر دەوڵەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێ دروست نەکردووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ھۆکارێکی گرنگی پاراستنی سەقامگیری و پڕۆسەی سیاسیی عێراق بووە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو.
ھێزی پێشمەرگە خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندی کاری پێکەوەییە، لە سەردەمی بەرەی کوردستانی و ڕاپەڕینەوە بگرە تا پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق و شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، کە تێیدا ڕۆڵێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی لە تێکشکاندنی تیرۆریستاندا بینی. لە ھاوکێشە سیاسییەکانی دوو دەیەی ڕابردووی ناوخۆی ھەرێمیشدا، پێشمەرگە نەبووەتە لایەن لە ھیچ ململانێیەکدا. ھەموومان لە یادمانە لە گەرمەی ناکۆکییە سیاسییەکانی ناوخۆدا، پێشمەرگە قارەمانانە لە یەک سەنگەردا و لە ژێر یەک ئاڵادا شەڕی داعشی دەکرد. ئەمە وانەیەکی بەرزی نیشتمانپەروەری بوو کە پێشمەرگە بە ھەموومانی بەخشی.
بەو ھیوایەی یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بێتە ھەوێنێک بۆ ئەوەی تاک بە تاکی کوردستانییان بە شانازییەوە بەرەو ناسینەوەی مێژوو، ھەڵوێست و ئامانجە باڵاکانی نەتەوەکەیان ھەنگاو بنێن.