هەولێر-KDP.info- سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان ڕایگەیاند کە ئاستی بەرهەمهێنانی هەنگوینی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دوو بەرامبەر زیاتر زیادی کردووە و پێشبینی دەکرێت بگاتە زیاتر لە ٨٠٠ تۆن.
عارف شێروانی، سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''ئەمساڵ ساڵێکی پڕ لە خێر و بەرەکەت بوو بۆ هەنگەوانان، بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەری سروشتیی وەک بارانی باش، کەمیی ڕەشەبا و تۆزوخۆڵ، بەرهەمی هەنگوین زۆر گەشەی کردووه، لە کاتێکدا پارساڵ نزیكەی ٤٠٠ تۆن بەرهەممان هەبوو، ئەمساڵ بەرهەمی زیاتر لە ١٥ هەزار هەنگەوان لە هەرێمی کوردستان دەگاتە زیاتر لە ٨٠٠ تۆن.
دەربارەی هەوڵەکان بۆ بەبازاڕکردن و هەناردەکردنی بەرهەمەکە، سەرۆکی کۆمەڵەکە گوتی، ''لە هەموو ناوچەکان هەنگوینی بەپێز و باش بەردەستە. حکوومەتی هەرێم هاوکارمانە بۆ دۆزینەوەی بازار و ڕێکخستنی فێستیواڵەکان کە بڕیارە بەم زووانەش فێستیواڵێکی دیکە لە دهۆک بڕەخسێنرێت، ئێستا نرخی کێلۆیەک هەنگوینی دۆبی بە ٤٠ هەزار دینارە و شانەی زەرد و ڕەش بە ٦٠ هەزار دینارە، هەروەها شانەی سروشتیی بەرز کە دەستی مرۆڤی بەرنەکەوتووە کێلۆی دەگاتە ٧٠ هەزار دینار.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، عارف شێروانی ئاشکرای کرد، ''مانگی داهاتوو وەک شاندی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنگرەی یەکێتیی هەنگەوانانی وڵاتانی عەرەبی لە ئوردن دەکەین کە خۆشبەختانە هەنگوینی کوردستان لە ڕووی کوالیتییەوە هەمیشە لە پلەی یەکەمدایە و خواستی زۆریشی لەسەرە.
بڵند ئیبراهیم