زاخۆ-KDP.info- پێنج ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر بڕیارە مێژووییەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بۆ بە ئیدارەکردنی زاخۆ. بەم بۆنەیەوە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاماری گەشەسەندن و پێشکەوتنی لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردووی خستەڕوو و گوتی، دوای بە ئیدارەکردنی زاخۆ بە گوژمەی ٤٦٠ ملیار دینار، ٤٤٥ پڕۆژە بەگەڕ خراون. هاوکات کەرتەکانی وەبەرهێنان و پەروەردە و گەشتوگوزاریش گەشەسەندنی بێوێنە و بەرچاوییان لەو ماوەیە بەخۆیەوە بینی."
لەوبارەیەوە گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "لە ماوەی پێنج ساڵی بە ئیدارەکردنی سەبەخۆی زاخۆ، بە درێژایی ٢٨٢ کم شەقام قیرتاو کراوە. بە درێژایی ١٣٤ کم سۆلینی ئاوڕێژ دروستکراوە. بە درێژایی ٢٣٦ کم تۆڕی ئاوخواردنەوە ڕاکێشراوە. هاوکات بە دروستکردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە یوتێرن، چوارڕیان، ژێرپرد و بەرزەپرد، ژێرخانی هاتوچۆ و ڕێگەوبانی زاخۆ پتەوتر بوو بەمەش ڕێژەی ڕووداوی هاتوچۆ بۆ ٦٠٪ دابەزیوە. هەروەها بە درێژایی ٩٢ کم کارەبا بۆ ڕووناکردنەوەی شەقامەکان ڕاکێشراوە و ١٩ گوندی سنوورەکەش سوودمەند بوون لە دابینکردنی کارەبا، جگە لەوەی ٣٥٥ کم لە ڕێگەوبانی گوندەکان قیرتاوکران.".
سەبارەت بە فراوانبوونی کەرتی گەشتوگوزار، سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ ڕایگەیاند، "دوای بە ئیدارەبوونی سەربەخۆی زاخۆ سێکتەری گەشتوگوزار پێ نایە قۆناغێکی باڵاتر و کۆڕنیشی زاخۆ دروستکرا. قۆناغی یەکەم و دووەمی کۆڕنیش بە سەرکەوتوویی تەواوکرا و ئێستا لە قۆناغی سێیەمییەتی. هەروەها، دەستکرا بە دروستکردنی نافورە و مۆزەخانەی گەورەی زاخۆ."
ناوبراو تیشکی خستە سەر بەرەوپێشچوونی کەرتی پەروەردە و تەندروستی، گوتیشی، "لە دوای بە ئیدارەبوونی زاخۆ، ١٢ قوتابخانە بنیاتنران و ۷۰ باخچەی ساوایان و قوتابخانەی تریش نۆژەنکرانەوە. لە کەرتی تەندروستی، نەخۆشخانەیەکی فریاگوزاری ٤٠ تەختی لە قەزای باتیفا، نەخۆشخانەیەکی منداڵانی ٩٠ تەختی لە قەزای زاخۆ، دوو بنکەی تەندروستی لە ناحیەکانی دەرکار و سێمالکا دروستکران. لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی سەرجەم بنکە تەندروستییەکانی زاخۆ."
گوهدار شێخۆ لە درێژەی لێدوانەکەی ئاماژەی بە گەشەکردنی کەرتی وەبەرهێنان کرد و گوتی، "بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی زاخۆ، بە گوژمەی زیاتر لە ٥٦٠ ملیۆن دۆلار لە ٣٤ پڕۆژە وەبەرهێنانی لە سێکتەرە جیاوازەکان کردووە. جگەلەوەی بە گوژمەی ١١٠ ملیۆن دۆلار مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوەتە ٢٥ پڕۆژە."
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتی، "بەئیدارەکردنی زاخۆ لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێم وەچەرخانێکی ڕیشەیی و بنەڕەتی لە ژێرخانی ئابووری و گەشەسەندنی زاخۆ دروستکرد و وای کرد زاخۆ لە سەرجەم بوارە جیاوازەکان ببوژێتەوە."
ئەژین غەفار