ههولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی یەکخستنی فەرمی هێزەکانی پێشمەرگە ڕایگەیاند کوردستان پێویستی بە یەک هێز و یەک فەرماندەیە و ئیتر پێشمەرگە هێزی حیزبی نییە، بەڵکو هێزێکی کوردستانییە."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، "ئیدی هیچ هێزێک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە نامێنێتەوە و کوردستان پێویستی بە یەک هێز و یەک فەرماندەیە."
دەقی وتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
ئامادەبووان و میوانانی بەڕێز،
پێشمەرگە قارەمانەکان،
رۆژتان باش..
هەموو لایەکتان زۆر بەخێربێن
بەخێرهاتنێکی تایبەتی بەڕێز فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیى هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکەم كە لێرە لەگەڵمان ئامادە بووە. ئامادەبوونی بەڕێزیان لێره، جەختکردنەوەیە لەسەر گرنگیى هاوكاریى نێوان سوپاى عێراق و پێشمەرگە، وەک بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق، زۆر بە خێر بێی.
زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم ڕێوڕەسمەدا پێکەوەین بۆ ڕاگەیاندنی كۆتا هەنگاوی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەستبەکاربوونی فەرماندەییی یەک و دووی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. بەم هەنگاوە گرنگە، ئیتر هیچ هێزێک لە دەرەوەی پەیکەری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا نامێنێتەوە.
ئەم بۆنەیە هاوکاتە لەگەڵ یادی چوار ساڵەی ئیمزاکردنی یاداشتی لێکگەیشتنی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) کە چوار ساڵ پێشتر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، 21ی ئەیلوولی 2022 ئیمزا کرا. سوپاسى پشتگیرى و هاوكاریى بەردەوامیان دەكەم بۆ ئەم پرۆسەیە و بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و عێراق بەتایبەتی لە جەنگی دژی تیرۆرستانی داعشدا.
بەردەوامیی ئەم هەوڵانەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2016 کاتێک لەسەر دەستى جەنابى سەرۆک مەسعوود بارزانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستی پێ کرد.
ئەوە لە کاتێکدا بوو کە پێشمەرگە لەژێر فەرماندەیی جەنابی سەرۆکدا ئەفسانەی داعشیان تێکدەشکاند، وەک چۆن پێشتریش ساڵى 2014 هەر بە فەرمانی جەنابیان پێشمەرگە چوونە کۆبانێ تاوەکو بەرگری لێ بکەن و لاپەڕەیەکی گەشیان لە مێژووی گەلی كوردستان بۆ بەرگریكردن تۆمار كرد. بۆیە ئەمە بۆنەیەکە گەلی کوردستان ماوەیەکی درێژە چاوەڕێی دەکات و ساڵانێکی زۆر لەپێناویدا هەموو لایەكمان کارمان کردووە.
ئەمە تەنیا گۆڕانکارییەک لە پەیکەر و ڕێکخستندا، یان تەنیا گواستنەوەی یەکەکان لە پێکهاتەیەکەوە بۆ پێکهاتەیەکی تر نییە، بەڵکوو هەنگاوێکی نیشتمانیی گەورەیە لە کاروانی بنیادنانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا.
ساڵانی ڕابردوو بەردەوام گوتوومانە: کوردستان پێویستی بە یەک هێز، یەک وەزارەت و یەک فەرماندەیییە. گوتوومانە: دەبێت پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانیی دوور لە دەستێوەردان و ناکۆکیی حزبی بێت. ئەمڕۆش، هەنگاوێکی گەورە بەرەو بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دەنێین.
ئامادەبووانی بەڕێز،
کاتێک مەترسی لەسەر کوردستان دروست بوو، جیاوازی لەنێوان پێشمەرگەیەک و پێشمەرگەیەکی تر، ناوچەیەک و ناوچەیەکی تردا نەبوو. لە سەختترین کاتەکاندا، پێشمەرگە لە یەک سەنگەردا وەستاون، پێکەوە قوربانییان داوە و خوێنیان لەپێناو پاراستنی یەک خاک و یەک گەلدا تێکەڵ بووە. ئەوەی لە گۆڕەپانەکانی جەنگدا پێشمەرگەی یەکخست، ئەمڕۆ پێویستە لە دامەزراوە، فەرماندەیی و بڕیاریشدا یەکیان بخات.
پێشمەرگە خاوەن مێژوویەکی پرشنگداره. بۆیە ئەمڕۆ ئێمە ئەم مێژووە و سەرجەم ئەم قوربانیدانە لەناو یەک دامەزراوەی نیشتمانیدا کۆ دەکەینەوە. مێژوویەک کە چەندین نەوەی پێشمەرگە دروستیان کردووە، دەکەینە هێزێکی یەکگرتوو بۆ پاراستنی داهاتووی کوردستان. باشترین وەفاداریش بۆ شەهیدانمان ئەوەیە قوربانیدانی ئەوان بکەینە بنەمای پێکەوەیی و یەکڕیزیی ناوخۆمان.
بەڕێزان،
یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە کۆتاییی ئەم پرۆسەیە نییە، بەڵکوو دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە کە ڕەنگە سەختتریش بێت. لەمڕۆ بەدواوە، پێویستە ئەم یەکڕیزییە لە هەموو شتێکدا ڕەنگ بداتەوە: لە فەرماندەیی و سەرکردایەتیدا، لە بڕیار و فەرماندا، لە مەشق و ڕێکخستندا، لە ماف و ئەرکدا، لە پلەبەرزکردنەوە و لە بڕوای سەربازی و دیسپلیندا.
پێویستە بۆ هەمووان ڕوون بێت کە دامەزراوەی سەربازی نابێتە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی. حزبەکان لە هەڵبژاردندا کێبڕکێ دەکەن، جیاوازی لە بەرنامە، دیدگا و هەڵوێستیاندا دەبێت، ئەمە لە هەر سیستمێکی دیموکراسیدا شتێکی زۆر ئاسایییە. بەڵام پێشمەرگە پێویستە لە سەرووی کێبڕکێی حزبی بمێنێتەوە، چونکە هێزی حزبی نییە، بەڵکوو هێزی کوردستانییە.
بۆیە گەورەترین خزمەت کە ئەمڕۆ پێشکەش بە پێشمەرگەی بکەین ئەوەیە ڕێز لە دامەزراوەکەی بگیرێت، تاکوو ئەرکە پیشەیی و نیشتمانییەکانی خۆی بەبێ دەستێوەردانی سیاسی و حزبی جێبەجێ بکات.
سەرکەوتنی ڕاستەقینەی یەکگرتنەوە بە ژمارەی ئەو یەکانە حساب ناكرێت کە خراونەتە ژێر چەتری وەزارەتەوە، بەڵکوو بەوە حساب دەكرێت کە هەر پێشمەرگەیەک هەست بکات دامەزراوەکەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەیە، سەرکردایەتییەکەی فەرماندەییی سەربازییەکەیەتی و هاوسەنگەرەکەی لە هەمان یەکەدا برای ئەرکیەتی، بێ گوێدانە ئەوەی سەر بە کام لایەنە، یان خەڵکی کام ناوچەیە.
ئەمەیە ئەو پێشمەرگەیەی گەلی کوردستان دەیەوێت: پێشمەرگەیەکی پیشەیی، ڕێکخراو، هاوچەرخ، باش ڕاهێنراو و پڕچەککراو کە وابەستەی یاسا و دامەزراوەکان بێت، جێی متمانەی گەلەکەی و جێی ڕێزی دۆستەکانی بێت.
پێشمەرگە قارەمانەکان،
ئێوە هێزی تەواوی کوردستان و سەرجەم پێکهاتەکانیانن. ئەرکی ئێوە پاراستنی ئاسایش، شکۆ و ژیانی هەموو ئەو هاووڵاتییانەیە کە لەسەر ئەم خاکە دەژین، بەبێ جیاوازی. کورد، تورکمان، مەسیحی، ئێزدی، عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان دەبێت لە جلوبەرگی پێشمەرگەدا هێزێک ببینن کە پارێزگاری لە هەمووان دەکات.
هاوکات، هێزی یەکگرتووی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراقی فیدراڵ. بەهێزکردنی تواناکانی و پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، لە خزمەت ئاسایشی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراقدایە و توانای هاوبەشمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەموو عێراق زیاد دەکات.
بۆیە لێرەوە جارێکی تر داوا لە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین بەپێی دەستوور و یاسا مامەڵە لەگەڵ پێشمەرگەدا بکات و ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە پێشمەرگە جێبەجێ بکات و هەموو ماف و شایستەکانی مسۆگەر بکات.
هەر لەم بۆنەیەدا سوپاس، ستایش و پێزانینمان بۆ وڵاتانی دۆست دووپات دەکەینەوه: ئەمەریکا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و سەرجەم ئەو وڵاتە دۆستانەی کە لە شەڕی دژی داعشدا لەگەڵماندا وەستان، دواتریش لە بواری مەشق، چاکسازی، ڕێکخستنەوە و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەدا یارمەتیدەرمان بوون و لەگەڵماندا زۆر ماندوو و بەرگەیان گرت.
سوپاس و پێزانین بۆ بەریتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، ئیتالیا و فەرەنسا. دۆستانمان زۆریان پێشکەش کردووە و ئێمە پشتگیرى و یارمەتییان زۆر بەرز دەنرخێنین.
بەڵام سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە پێش هەموو شتێک پشت بە ئیرادەی خۆمان دەبەستێت. ئەوەی ئەمڕۆ پێی گەیشتین بەرهەمی هاوکاری، ئیرادە و بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانیی کوردستانییە. بۆیه سوپاسى پارتى دیموكراتى كوردستان و یەکێتیی نیشتمانیى كوردستان دەکەم بۆ بڕیار و ئیرادەی سیاسییان بۆ سەرخستنى ئەم پرۆسەیە.
سوپاسی ئەرک و هەوڵەکان و پشتگیریى بەردەوامی براى بەڕێزم كاك مەسروور بارزانى، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكەم كە هەموو هەوڵی خۆی دا لەم چەند ساڵەدا بۆئەوەی پرۆسەیە بە ڕێكوپێكی بەرەو پێشەوە بڕوات و یەك بگرێتەوە.
سوپاسی هەوڵەکانی براى بەڕێزم كاك قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆکوەزیران دەكەم، سوپاس و دەستخۆشی لە تیمەکانمان لە سەرۆکایەتیی هەرێم، لە حکوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، سوپاس بۆ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆک، بەڕێز كاك مستەفای سەید قادر جێگرى سەرۆکی هەرێمی كوردستان بۆ ئەرکەکانی لەو سەردەمەی کە وەزیری كاروبارى پێشمەرگە بوو.
سوپاس و دەستخۆشی بۆ بەڕێزان وەزیر و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، فەرماندە، ئەفسەران، لیژنە و تیمەکان کە بە درێژاییی ئەم ساڵانە دڵسۆزانه، وەفادارانە کاریان کردووە، لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی کە بەشدار بوون لە گەیشتن بەم قۆناغە.
پێشمەرگە قارەمانەکان،
ئەمڕۆ بەرپرسیاریەتیى هەرە گەورەی ئێوە دەست پێ دەکات. کاتێک جلوبەرگی پێشمەرگە لەبەر دەکەن، ئیتر ئێوە پێشمەرگەی کوردستانن. پارێزگاری لەم یەکڕیزییە بکەن. مەهێڵن ناکۆکییە سیاسییەکان ببێتە كۆسپ لە نێوانتان. ڕێگە مەدەن هیچ ئینتیمایەک لە هاوسەنگەریتان، لە دامەزراوە و ئەرکەکەتان بەهێزتر بێت. گەلی کوردستان باجێکی گەورەی لەپێناو ئازادی، ئاسایش و شکۆی خۆیدا داوە و پێشمەرگە هەمیشە پێشەنگی ئەم قوربانیدانە بووە.
هەر لەم بۆنەیەدا بە ڕێز و شکۆوە هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانانە بەبیر دەهێنینەوە کە لەپێناو ئازادیدا و بۆ بەرگریکردن لە کوردستان گیانیان بەخشی. سڵاو و ڕێز بۆ خێزان و کەسوکاری سەربەرز و خۆڕاگریان دەنێرین.
سڵاو لە شەهیدانی زیندوو، ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی لە بەرەکانی بەرگریدا بۆ پاراستنی کوردستان بریندار بوون. سڵاو و ڕێزیان بۆ دەنێرین و بە ڕێزەوە لە قوربانیدانیان دەڕوانین.
سڵاو لە هەموو پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و لە فەرماندەکانیان.
دروود بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
زۆر سوپاس بۆ هەموو لایەکتان.
دەمەوێ لە كۆتاییدا سوپای برای بەڕێزم كاك مەسروور بكەم كە ئەمڕۆ پیرۆزبایی ڕۆژی لەدایكبوونی لێكردم، زۆر سوپاس و سەلامەت بن.