Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەقی وتاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە

هه‌ولێر-KDP.info- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا ڕایدەگەیەنێت، لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا، بەڵێنمان دا کە بە هەموو توانای خۆمانەوە، کار بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەین."

ئەمڕۆ دووشەممە 21/9/2026، لە ڕێوڕەسمی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی، "ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ کوردستان و بۆ پێشمەرگە، ڕۆژێکی زۆر تایبەتیشە بۆ خودی خۆم کە هەر لە ڕۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونمان وەکوو سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا، بەڵێنمان دا کە بە هەموو توانای خۆمانەوە، کار بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەین."

دەقی وتارەكەی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:

ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ کوردستان و بۆ پێشمەرگە. ڕۆژێکی زۆر تایبەتیشە بۆ خودی خۆم کە هەر لە ڕۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونمان وەکوو سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا، بەڵێنمان دا کە بە هەموو توانای خۆمانەوە، کار بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەین. بۆیە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، لە ژێر ڕێنمایی و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆک بارزانی و بە هاوکاری و پشتیوانیی بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دۆستانمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان، دوای چەندین کۆبوونەوە و کارکردنی چڕ و کاری بێ وەستان، توانیمان بگەینە ئەم قۆناخەی ئێستا کە ئەمڕۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ڕابگەیەنین و لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ماوەی چوار ساڵدا، بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام گەیشت.

هیوادارین حکوومەتی فیدراڵ هاوکار و یارمەتیدەرمان بێت بۆ ئەوەی مافەکانی پێشمەرگە پارێزراو بێت و مووچە و شایستە داراییەکانی لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخرێت و هەمان مافیان هەبێت، چونکە بە پێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق و پێویستە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانیان لەم چوارچێوەیەدا بێت.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم، بە ڕێز و پێزانیێکی زۆرەوە، ئاماژە بە ڕۆڵی گرنگ و پشتگیریی جەنابی سەرۆک بارزانی بکەم کە هەمیشە وەک ڕێبەڕێکی نیشتمانی و وەك سەرۆکێکی پێشمەرگە، هەموو ژیانی خۆی لە خەم و خزمەتکردنی پێشمەرگە و کوردستان بەسەر بردووە و کاری بەردەوامی کردووە بۆ ئەوەی ناو و شکۆی پێشمەرگە بەرز و پارێزراو بێت و لە نزیکەوەش، سەرپەرشتیی پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگەی کردووە.

هەروەها سوپاسێکی تایبەتیی پشتیوانیی بەردەوامی برای بەڕێزم کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم کە ڕۆڵێکی کاریگەری لە سەرکەوتنی چاکسازییەکاندا هەبوو.

سوپاسی بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران دەکەم کە هاوئاهەنگ و هاریکار بوو لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و بەئەنجامگەیاندنی.

هەروەها سوپاس و پێزانێکی زۆر بۆ دۆستانمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هەموو هێزە هاوپەیمانەكان، بۆ هەموو هاوکاری و پشتیوانییان لە ساڵانی ڕابردوودا، کە بێگومان پشتیوانیی ئەوان، ڕۆڵێکی کارای لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش لەلایەن پێشمەرگە و سەرەنجام پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستاندا هەبووە.

سوپاس بۆ بەڕێزان کاک شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و کاک عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و کاک عیسا عوزێر، سەرۆک ئەرکان و هەموو بەرپرس و پلەدارانی وەزارەت و فەرماندەکانی پێشمەرگە و هەموو پێشمەرگە قارەمانەکان بۆ ماندووبوون و هەوڵ و کۆششیان بۆ سەرخستن و بەئەنجام گەیاندنی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە. دەستخۆشییان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

بەڕێزان :

ئەم یەکگرتنەوەیە، قۆناخ و هەنگاوی یەکەمی پڕۆسەیەکی دوور و درێژە. چونکە ئەم یەکگرتنەوەیە چەند گرنگە، بەڵام قۆناخی داهاتوو زۆر گرنگترە، کە ئەویش بریتییە لە قۆناخی بەهێزكردنی توانا سەربازییەكان و دابینكردنی چەكی پێشكەوتوو و بەرگریی ئاسمانی و پەرەپێدانی تواناسازی و پێشخستنی هەمەلایەنەی پێشمەرگە و بە تایبەتی توانا مرۆییەکان و برەودان بە ئاست و جۆری مەشقی جەستەیی و هۆشیاریی پێشمەرگە بە پێی پێوەر و ستانداردە سەربازییە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی وەک هێزێکی نیشتمانیی پیشەیی و ڕێکخراو و یەکگرتوو، لە ئاستی ئەرک و بەرپرسیاریەتییە گرنگ و نیشتمانییەکەیدا بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.

پێشمەرگە تەنیا هێزێکی چەکداری سەربازی نییە، بەڵکوو سیمبولی خەبات و قوربانیدان و ناسنامەی تێکۆشانی خەڵکی کوردستان و مایەی شکۆ و شانازی هەموو کوردستانییەکە.

ئازایەتی و گیانفیدایی پێشمەرگە، لە بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بە گشت پێکهاتە جیاوازەکانییەوە و تێکشکاندنی تیرۆریستان و داکۆکیکردن لە بەها بەرزەکانی ئازادی و دیموکراسی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێمی کوردستان، شانازی و سەروەرییەکی گەورەی بە هێزی پێشمەرگە بەخشیوە.

ئەمڕۆش پێشمەرگە، وەک هێزێکی دەستووری و بەشێکی گرنگی سیستەمی بەرگریی عێراق، دڵنیاکەرەوە و زامنی پاراستنی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستانە. بۆیە لێرەدا جەخت لە گرنگیی و پێویستی بەهێزکردنی هاوكاری و هاوئاهەنگیی ئەمنی و سەربازیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکەینەوە لە پێناو پاراستنی زیاتری سەقامگیریی عێراق. لەم ڕووەوە ئامادەیی و پشتیوانیی خۆمان بۆ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەڕێز عەلی زەیدی دووپات دەکەینەوە لەپێناو پتەوکردنی هاوکاری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق.

هیوادارین حکوومەتی فیدراڵ هاوکار و یارمەتیدەرمان بێت بۆ ئەوەی مافەکانی پێشمەرگە پارێزراو بێت و مووچە و شایستە داراییەکانی لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخرێت و هەمان مافیان هەبێت، چونکە بە پێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق و پێویستە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانیان لەم چوارچێوەیەدا بێت.

خۆتان دەزانن کە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، داوای لەمێژینەی ئێمە و هەموو کوردستانییەکی نیشتمانپەروەر بووە. خۆشبەختانە ئەمڕۆ سەرکەوتین و سەرجەم هێزەکان خراونەتە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و لە چوارچێوەی یەک هەیکەلی سەربازیی مۆدێرندا، لە ڕووی ئۆپەراسیۆن، مەشق و ڕاهێنان، سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵ و ڕاگەیاندن و ژمێریارییەوە، بوونەتە هێزێکی یەکگرتوو.

بێگومان لایەنگیریی و ئینتیمای سیاسی و حزبی، مافێکی ڕەوا و ئاسایی هەر تاکێکە، بەڵام دەبێت لایەنگیریی و ئینتمایی نیشتمانی و کوردستانی، ببێتە پێوەر بۆ پێشمەرگە کە پێویستە لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی پێشمەرگەدا، پابەندی بڕیارەکانی سەرووی خۆیان بن بە پێی پلەبەندی و زنجیرەی سەربازی.

دەمانەوێ پێشمەرگە، ئەو هێزە نیشتمانیی و کوردستانییە بێت کە لە سەرووی هەموو بەرژوەندییە حزبی و تاکەکەسییەکانەوە بێت و بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی و حزبی بەکار نەهێنرێت. بەڵکوو ئامانجی یەکەم و کۆتایی پێشمەرگە، بەرگریکردن بێت لە خاك و خەڵکی کوردستان بێ جیاوازی و وەک هەمیشەش، فاکتەری ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی بێت لە عێراق و ناوچەکەدا.