Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری پێشمەرگە: یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەرئەنجامی ئیرادەیەكی پۆڵایینی نیشتمانی بوو

هه‌ولێر-KDP.info- لە ڕێوڕەسمی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەدا، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدان، چونکە ئاواتی شەهیدان و خەونی ئازادیی نیشتمان بووەتە واقیعێکی جێگیر و دامەزراوەیی.

ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026،  شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بە شانازییەوە تەواوی جیهان و خەڵکی کوردستان ئاگادار دەكەینەوە کە پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری نیشتمانی و سەرکردایەتی وەزارەتی پێشمەرگەدا، بە سەرکەوتوویی و بە شێوازێکی سەردەمیانە کۆتایی هاتووە. شۆڕش ئیسماعیل پیرۆزبایی ئەم دەستکەوتەی ئاراستەی جەماوەری بە ئەمەکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان کرد.

شۆڕش ئیسماعیل ڕوونیکردەوە کە سەرخستنی ئەم پرۆسە نەتەوەییە، بەرهەمی ئیرادەیەکی پۆڵاینی نیشتمانی بووە کە لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونیانەوە بە نەخشەڕێگەیەکی وردی ئەکادیمی و سەردەمیانە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیدا کاری بۆ کراوە.

هەنگاوەکانی ئەم پرۆسەیە لە ساڵانی رابردوودا بە ئاراستەی بەدیهێنانی خەونی لەمێژینەی گەل بۆ بوونی سوپایەکی یەکگرتوو بووە. وەزیری پێشمەرگە جەختیکردەوە کە پێشمەرگە سەرمایەیەکی نەتەوەییە و پێویستە ئەم سەرمایە بەنرخە لەمەودوا لەناو سوپای یەکگرتووی کوردستاندا ڕەنگبداتەوە و وەک هێزێکی پۆڵاین بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان بمێنێتەوە.

ڕێگەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە پڕ بووە لە ئاستەنگ و ئاڵنگاریی گەورە، لە کێشە کەڵەکەبووەکانی ساڵانی رابردوو تا دەگاتە ئاڵۆزییە سیاسی و ئەمنییەکان. شۆڕش ئیسماعیل گوتی، "وەک تیمێکی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە توانیمان سەرجەم بەربەستەکان تێپەڕێنین و سەرکەوتنێکی مەزن بۆ گەلی کوردستان تۆمار بکەین."

وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام لە ڕێگەی کۆبوونەوە ناوخۆییەکان و هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، کاری بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە کردووە. لە ئەنجامدا هێزەکانی پێشمەرگە لە 11 فیرقەی سەربازی، دوو هێزی پشتیوانی، یەکەی کۆماندۆ و دوو دەڤەری سەربازیدا ڕێکخراونەتەوە.

بە ئەنجامدانی ئەم هەنگاوە، هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی سوپایەکی سەردەمیانە، پیشەیی و نیشتمانی کە تەنیا لەژێر ئاڵای کوردستان و لە چوارچێوەی بڕیارێکی یەکگرتووی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدا ئەرکەکانیان ڕادەپەڕێنن. شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی بەوە کرد، ئەو خەونەی لە ساڵی 1976ـەوە لە شاخە سەرکەشەکانی کوردستان دەستی پێکرد، ئەمڕۆ بووەتە قەڵایەکی دڵنیایی بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان.

لە کۆتایی گوتارەکەیدا، وەزیری پێشمەرگە جەختیکردەوە کە ئەم دەستکەوتە لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی ئەو گەلە بەدەست هاتووە کە ڕووبارێک خوێنی لەو پێناوەدا بەخشیوە و سەدان ڕۆڵەی لە سەنگەرەکاندا گیانی خۆیان فیدا کردووە.